کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکییەکانی ٢٦ی سەرماوەز لە کوردستان درێژەی هەیە

17:46 - 19 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: خەڵکی تێکۆشەر و قارەمانی کوردستان لە بەرەبەری ساڵڕۆژی پێشمەرگەی کوردستاندا بە چالاکیی تەبلیغی ڕێز لەو ڕۆژە دەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەویندارانی ڕێبازی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی لە گوندی گێسیانـی سەر بە ناوچەی مەڕگەوەڕی ورمێ، بە نووسینی درووشمی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز و حیزبی دێموکرات، پێشوازییان لەو ڕۆژە پیرۆزە کرد.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە گوندی گێسیان لە چالاکییەکی بەرفراواندا، بە نووسینی درووشمگەلی وەک، ئێمە لاوانی شار چاوەڕوانی بڕیاری شاخین، بژی حدکا، بژی ڕاسان، بژی پێشمەرگە، پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، هاوکات لەگەل پشتیوانی دەربڕینی خۆیان بۆ ڕاسانی ڕۆژهەڵات، ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات پیرۆز کرد.

هەر لەو چالاکییەدا هاوکات لەگەل نووسینی درووشمی شۆڕشگێڕی، ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان لە گوندی کێسیان، تەواوی ئەو درووشم و نووسراوانەی کە لە لایەن سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمەوە لە نێو گوندی گێسیان نووسرابوون، ڕەش کردنەوە.

قارەمانی دێموکرات و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی ڕێبازی شەهیدان لە شاری کامیاران، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز ڕاگرت و بۆ ڕێزگرتن لە پێشمەرگە لە شەقامی شەهید دوکتورقاسملوو، نەخۆشخانەی سینا، شەهرەکی بێعسەت، شەشمی بەهمەن، پاڕکی موعەلم، مەکتەبی نەواب سەفەوی، شەهرەکی خومەینی، جاددەی وەرمەهەنگ، تێرمیناڵی تروەڕێز، چوارڕای ئەسڵی شار، جاددەی سنە ڕووبەڕووی کەڵانتەریی۱۱۰ و مەکتەبی۱۷ی شەهریوەر، تراکت و وێنەی تایبەت بەو ڕۆژەیان بڵاو کردەوە.

هەروەها ڕۆڵەکانی دێموکرات لە شاری مەریوان و کرماشان چالاکیی تەبلیغییان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز بەڕێوە برد و بەرزاییەکانی تاقەوسان بە وێنە و تراکتی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەز نەخشێندرا.

ڕۆڵە نەبەزەکانی دێموکرات لە شاری پیرانشار، بە بۆنەی ساڵڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە؛ زەرگەتەن، شيناوێ، دەوروبەری تالارى خەيام، فەلەكەى كەشاوەرز،كۆنه خانێ و به تايبەت له مزگەوت و مەدرەسه‌کان، تراکت و وێنەی تایبەت بە ٢٦ی سەرماوەزیان بڵاو کردۆتەوە.