کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی خوێندکاریی کورد بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان کرا

15:19 - 8 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: سۆران دانیشوەر چالاکی خوێندکاریی شاری مەریوان، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە بانگهێشت کرا.
ئاژانسی هەواڵی موکریان بڵاوی کردەوە، بەپێی ئەو بانگهێشتننامەیە کە بۆ ئەو چالاکییە خوێندکارییە نێردراوە، دەبێ ئەمڕۆ دوشەممە رێکەوتی ٨ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، خۆی بە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بناسێنێت.
سۆران دانیشوەر یەکێک لە چالاکانی خوێندکاریی شاری مەریوان لە رێکەوتی ١٠ی بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی، لەگەڵ چوار چالاکی دیکەی خوێندکاری لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە دەسبەسەر کران و پاش یەک مانگ راگیران لە رێکەوتی ١٢ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا.
ئاژانسی هەواڵی موکریان لە وتووێژێکدا کە لەگەڵ سۆران دانێشوەر ئەنجامی داوە، ناوبراو، ئەو هەواڵەی پژڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی: \'\'تۆمەتەکانم چالاکی لە دژی تەناهیی نەتەوەیی و هەروەها هاوکاری لەگەڵ حیزبێکی کوردیی دژبەری نیزام راگەیەنراوە\'\'.
ناوبراو لەو وتووێژەدا تێکڕای تۆمەتەکانی رەت کردووەتەوە و وتوویەتی: \'\'رۆژی دووشەممە دەبێ لە دادگای ئینقلابدا ئامادە بم و دەبێ لەو تۆمەتە لەپاڵدراو و بێ بنەمایانە بەرگری لەخۆم بکەم\'\'.

6650.jpg
بەڵگەنامە


سۆران دانیشوەر ساڵی ١٣٩٠ بەهۆی چالاکیی خوێندکاری و ئەندامەتی لە ئەنجومەنی ناوەندیی یەکیەتیی دێموکراتیکی خوێندکارانی کورد، لەلایەن حەراسەتی زانکۆوە ئەستێرەدار کرا و سەرەڕای ئەوەی کە لە تاقیکردنەوەکانی کارناسیی باڵا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەڵام لە درێژەدان بە خوێندن بێ بەش کرا.
ناوبراو پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی پڕوپاگەندە لە دژی رێژیمی ئیسلامی دەسبەسەر کرابوو.