کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکێکی خوێندکاریی کورد حوکمی یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

21:24 - 3 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: دانا لەنجاوایی چالاکی خوێندکاریی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعزیریی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بۆ بڕایەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئەو چالاکە خوێندکارییە کە ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوانە رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە تۆمەتی \'\'پڕوپاگەندە دژی رێژیم\'\' دادگایی کراوە و لە ئەنجامدا حوکمی یەکساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، کۆمەڵێک تۆمەتی دیکە لە سزانامەی دانا لەنج ئاوایی وەکوو \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و تێکدانی ئاسایشی گشتی\'\' هاتبوو کە تۆمەتی \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی\'\' نەسەلمێنراوە، بەڵام هێشتا پێڕاگەیشتن به تۆمەتی \'\'تێکدانی ئاسایشی گشتی\'\' نەکراوە.

دانا لەنجاوایی رێکەوتی ٥ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەریوان پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک لە چالاکان و هاووڵاتییانی ئەو شارە دژی بەڕێوەچوونی حوکمی سێدارەی سێ زیندانیی سیاسیی کورد دەسبەسەر کرا.

پێشتریش ساڵی ١٣٨٩ بەهۆی مانگرتنی خوێندکارانی پەیام نووری مەریوان لە خواردن، حوکمی یەک ساڵ زیندانیی تەعلیقی بۆ ماوەی ٥ ساڵ بەسەردا سەپابوو.

ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەگەر حوکمی ئەم چالاکە خوێندکارییە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە پژڕاست بکرێتەوە، زیندانییە تەعلیقییەکەشی دەبێتە تەعزیری و دەبێ ماوەی دوو ساڵ زیندانی بکێشێت.