کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاندنی نەمامی داربەڕوو لەلایەن قوتابییانی شاری بانەوە

17:13 - 23 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: چەندین قوتابخانەی شاری بانە بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی پاژین، بە چاندنی نەمامی داربەڕوو لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو شارە، لە هەوڵی رزگارکردنی ژینگەی کوردستان دان.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، قوتابییانی قوتابخانەکانی سەرەتایی \'\'نەمەکی\'\' و \'\'شاهید\'\'ی شاری بانە لە درێژەی گەڵاڵەی \'\'پارێزەرانی ژینگە\'\' و پاش کردنەوەی فەرمیی \'\'نەمامگەی پاژین\'\'، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ، نەمامی داربەڕوویان پێشکەش بە نەمامگەی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژین لە پارکی \'\'پیرموراد\'\' کرد.

ئەنجومەنی پاژین لە قوتابخانەکانی بانە لە هەوڵی راکێشانی منداڵان و قوتابییان، بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ژینگەپارێزیی دایە.

ئەو چالاکییە ژینگەپارێزییە، بە یادی کۆچکردوو \'\'نەجمە قادری\'\' چالاکی ژینگەپارێز، ئەنجام دراوە.

هەروەها قوتابییانی قوتابخانەی سەرەتایی بەناوی \'\'مطهری\'\'ی شاری بانە، لە هەوڵێکی ژینگەپارێزیدا، لە چیای \'\'سلێمان بەگ\'\' گۆڕستانی ئەو شارەیان لە زبڵ و خاشاک خاوێن کردەوە و نەمامگەیەکی تایبەتیشیان بۆ قوتابخانەکەی خۆیان کردەوە.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژینی بانە، بە کردنەوەی نامامگەی داربەڕوو لەژێر دروشمی \'\'هەر قوتابخانەیەک نەمامگەیەکە\'\' هەواڵە ژینگەپارێزییەکانی خۆی بۆ پەروەردەی منداڵان و مێرمنداڵانی ژینگە دۆست چڕتر کردووەتەوە.