کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چین هاوردەی نەوتی لە ئێرانی بۆ ١٣% کەم کردەوە

23:31 - 31 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتی چینەوە لە مانگی پوشپەڕی ئەمساڵدا بە بەراورد لە گەڵ مانگی پوشپەڕی ساڵی رابردوو، ١٣% دابەزینی بە خۆیەوە بینی.


دابەزینی کڕینی نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتانی ئاسیاییەوە هەروا بەردەوامە و ئەو وڵاتانە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتی ئێران، ناچار کراون کە هاوردەی نەوتی ئێران کەم بکەنەوە.
هەواڵدەریی رۆیتێرز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، دابەزینی هاوردەکردنی نەوتی ئێران لە لایەن چینەوە بو ڕێژەی ١٢،٦% لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئامریکا بۆسەر وڵاتی ئێران بووە.
هەروەها بەپێی هەواڵی ناوەندی گومرکی چین، لە ماوەی ٧ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ی زاینی هاوردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتی چین بە بەراورد لەگەڵ ٧ مانگی هاوشێوەی ساڵی پێشوو، بە ڕێژەی ٣،٥% دابەزینی بە خۆوە بینیوە.
ژمارەیەک لە بەرپرسانی چین لەمەڕ هاوردەکردنی نەوتی ئێران رایانگەیاند: بەمەبەستی دەور دانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، بەنیازن کڕینی نەوتی ئێران بۆ ٤٠٠ هەزار بەرمیل کەم بکەنەوە، کە ئەکاتە رێژەی ١٠%ی فرۆشی نەوتی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی هیند رایگەیاندووە، لەماوەی ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا کڕینی نەوتی ئێران بە ڕێژەی ٢٣% کەم دەکەنەوە.
کۆمپانیای \'\' مانگلور ( گەورەترین پاڵاوگەی کڕیاری نەوتی ئێران لە هیند) لە رەوتی گەمارۆکاندا رایگەیاند، لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا، هاوردەکردنی نەوتی لە وڵاتی ئێرانەوە راگرتووە.