کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند باوەڕی هەڵە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

10:36 - 25 رەشەمه 2719

ئاژوان مەریوان

ڕێنماییەکانی ڕێکخراوەی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ کۆمەڵانی خەڵک (چەند باوەڕی هەڵە):

ئایا ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا لەسەر کەسانی پیردا کاریگەرە؟

کەسەکان لە هەر تەمەنێکدا دەتوانن تووشی کۆرۆنا ببن، بەڵام کەسانی پیر و کەسانی نەخۆش (ئاسم، دیابێتی و نەخۆشیی دڵ) لە بەرانبەر ڤایرۆسدا لاوازترن. هەر بۆیە WHO بە خەڵک لە هەر تەمەنێکدا بەبێ جیاوازی، ئامۆژگاری دەکات کە خۆیان بپارێزن.

ئایا ئانتیبایۆتیکەکان (دژەزیندووەکان) دەتوانن ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ببەن؟

نا؛ ئانتیبایۆتیکەکان هەر بەو چەشنەی کە لە ناوەکەی دیارە دژی باکترییەکانن و دژی ڤایرۆس کار ناکەن. هەر بۆیە کۆرۆنا، جۆرێک ڤایرۆسە و ئانتیبایۆتیک لە دژی کار ناکات.

ئایا کۆرۆنا لە ناوچەگەلی گەرم و شێدار دەگوازرێتەوە؟

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە بەردەست کەوتوون، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانێت لە هەموو ناوچەیەکدا بوونی هەبێت و بگوازرێتەوە، سەرەڕای بارودۆخی کەش و هەوای ئەو جێگەیەی کە تێیدا نیشتەجێن، ڕێکارە خۆپارێزییەکان ڕەچاو بکەن و بەردەوام دەست و پلتان بە ئاو و سابوون بشۆن، ئەم کردەوەیە دەبێتە هۆی کوشتنی ڤایرۆسەکانی دەستتان و خۆتان لە لەمسکردنی دەم و چاوتان ببوێرن.

ئایا هەوای سارد و شەختەبەندان ناتوانێت کۆرۆنا ڤایرۆس لەنێو ببات؟

هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە هەوای سارد بتوانێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ببات، ئەگەر پلەی گەرمی لە دەرەوە هەر چەندە بێت بەڵام پلەی گەرما لە جەستەی مرۆڤدا لە دۆخی سروشتیدا لەنێوان ٣٦.٥ بۆ ٣٧ پلەی گەرمییە، هەر بەم هۆکارە کاریگەرترین ڕێکار بۆ خۆپارێزی لە بەرانبەر کۆرۆنادا شوشتنی بەردەوامی دەستە بە ئاو و سابوون یان دەستماڵی ئاوێتەکراو بە ئەلکول (پەدی ئەلکولی).

حەمامکردن بە ئاوی داخ ناتوانێت پێشگیری لە نەخۆشیی کۆرۆنا بکات. 

خۆشۆردن بە ئاوی داخ لە حەمامدا ڕێگر نییە لە تووشبوون بە کۆرۆنا، پلەی سروشتیی گەرمیی جەستە لەنێوان ٣٦.٥ بۆ ٣٧ پلە دەمێنێتەوە. لە ڕاستیدا حەمامکردن بە ئاوی داخ یان کوڵاتوو دەتوانێت زۆر مەترسیدار بێت یان جەستەی مرۆڤ بسووتێنێت، بۆیە باشترین ڕێکار شوشتنی بەردەوامی دەستە بە ئاو و سابوون.

ڤایرۆسی کۆرۆنا ناتوانێت لە ڕێگەی گەستنی مێشوولەوە بگوازرێتەوە.

تا ئێستا هیچ بەڵگە و زانیارییەک بەدەست نەهێنراوە کە گەستنی مێشوولە ببێتە هۆی گواستنەوە یان تووشبوونی مرۆڤ بە کۆرۆناوە. کۆرۆنا ڤایرۆسێکی هەناسەیییە کە لە ڕێگەی ئاوی دەم و لووت بڵاو دەبێتەوە. بۆ خۆپاراستن خۆتان لەو کەسانەی کە پژمە و کۆکەیان هەیە بەدوور بگرن.

ئایا وشککەرەوەی دەست ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکوژێت؟

وشککەرەوەی دەست بۆ کوشتنی کۆرۆنا ڤایرۆس کاریگەر نییە. بۆ پاراستنی خۆتان لە کۆرۆنا دەستان بەردەوام بە ئاو و سابوون یان پەدی ئەلکولی  بشۆن و دوای خاوێنکردنەوەی دەستان بە دەستماڵ کاغەزی یان وشککەرەوەی دەست وشکی بکەنەوە.

ئایا ئامێری پێوانی یاو یان پلەی گەرمی دەتوانێت لە پەیداکردنی کەسانی تووشبوو بە کۆرۆنا کاریگەر بێت؟

ئامێری پێوانی یاو یان پلەی گەرمی لە دیاریکردنی کەسانێک کە یاویان هەیە کاریگەرە. بەڵام سەرەڕای ئەمە زۆر کەس هەن کە بە کۆرۆنا تووشبوونە بەڵام هێشتا نیشانەی یاو تێیاندا دیاریی نەداوە؛ هۆکار ئەوەیە کە لە نێوان ٢ بۆ ١٠ ڕۆژ درێژە دەکێشێت کە کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە تووشی یاو بێت و تێیدا دیاری بدات.

ئایا پژاندنی "ئەلکول یان کۆلۆر" بەسەر تەواوی جەستەدا دەتوانێت کۆرۆنا لەنێو ببات؟

نا، ئێسپێری یان پژاندنی ئەلکول یان کۆلۆر بەسەر جەستەدا ئەو ڤایرۆسانەی کە پێشتر توانیویانە بڕۆنە نێو جەستەی مرۆڤەوە لەنێو نابات. هەروەها پژاندی ئەم مەوادە دەتوانێت بۆ جلوبەرگ و دەم و چاوی مرۆڤ مەترسیدار بێت. ئاگادار بن کە ئەلکول و کۆلۆر بۆ دژەهەوی کردن و خاوێنکردنەوەی دار و دیوار دەتوانێت  کاریگەر بێت.

‌ئایا خواردنی سیر ڕێگرە لە تووشبوون بە کۆرۆناوە؟

سیر خواردەمەنییەکی زۆر تەندروستە کە دەتوانێت تایبەتمەندیی دژە میکرۆبی هەبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لەبەر دەستدا نییە کە بیسەلمێنێت کە خواردنی سیر بەرگری دەکات لە تووشبوون بە کۆرۆنا.

سەرچاوەی ئینگلیزی:

https://www.who.int/emergencies/diseases/novel-coronavirus-2019/advice-for-public/myth-busters

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.