کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندین ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە یەمەن بە دیل گیران

17:15 - 13 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی باڵای وڵاتی یەمەن رایگەیاند کە چەندین ئەندامی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە یەمەن لەلایەن هێزەکانی ئەو وڵاتەوە بە دیل گیراون.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، نایف‌ئەلبکری، سەرۆکی شۆرای موقاومەتی مەردومیی یەمەن کە دژ بە حوسی و ‌هێزەکانی لایەنگری عەلی‌عەبدوڵا ساڵح سەرکۆماری لەسەر کار لابراوی یەمەن شەڕ دەکات، لە هەواڵێکدا رایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لەلایەن هێزە نیزامییەکانی ئەو وڵاتە بە دیل گیراون.

ئەو بەرپرسە یەمەنییە لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئەلوەتەندا وتی: بە دیل‌گیرانی ئەو ئەندامانەی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی دەرخەری ئەوەیە، رێژیمی ئێران دەستێوەردان لە شەڕی یەمەن دەکات و دژی دەوڵەتی یاسایی ئەو وڵاتە شەڕ دەکات.

لەو پەیوەندییەدا رێکەوتی ١٢ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەمیر عەبدوڵاهیان جێگری وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی روحانی رایگەیاند: ئەمنییەتی یەمەن وەکوو ئەمنییەتی ناوچەکە و ئێران دەزانین.

سەرکۆماری یەمەن مەنسوورهادی لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی ئەلحەیات رایگەیاندووە، دەستێوەردان و پشتیوانی رێژیمی ئێران بەردەوام لە رێگای پشتیوانی هەمەلایەنە لە جیایی‌خوازانی حەراک و گرووپە مەزهەبییەکانی باکووری یەمەن درێژەی هەیە.

ساڵی رابردووش بەرپرسانی یەمەنی پاپۆڕێکی ئێرانی کە هەڵگری چەک‌وچۆڵی قورس بوو لەلایەن هێزی دەریایی ئەو وڵاتەوە دەستی بەسەر داگیرا.

حوسییەکان، ناوی گرووپێکی شیعە لە یەمەنە کە بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی هەمە لایەنەیان لێ دەکرێت و لە بواری ماددی، چەک‌وچۆڵ و راهێنانەوە لەلایەن رێژیمی ئێران پشتیوانیان لە دەکرێت.

تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی ئامریکا و رۆژئاوا نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی رێژیمی ئێران لە وڵاتانی ناوچەکە هۆشداریان داوە و نیسبەت بە هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران نیگەرانیان دەربڕیوە.

رێژیمی ئێران چەندین جار لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە دەستێوەردان لە وڵاتانی دراوسێ تاوانبار و داوای لێکراوە کۆتایی بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە بێنێت.

رێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی هەوڵ دەدات و زۆربەی کارناسانی پرسە سیاسییەکان لەو باوەڕدان کە رێژیمی ئێران هۆکاری ئەسڵی قەیران لە ناوچەکە دایە.