کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم چوونەتە فازێکی نوێوە

18:03 - 21 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: جاش و بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، بەپێی پیلانێکی دزێوی دیکەی سپای پاسداران، سەردانی بنەماڵەی شەهیدانی حیزب دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند ڕۆژ پێش ئێستا چەند کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە ناوچەی سەقز چوونەتە گوندی هێجانان و لەوێ ویستوویانە بچنە نێو ماڵی بنەماڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات کە لەگەڵ سارد و سڕی کەسوکاری ئەم شەهیدانە بەرەوڕوو بوونەتەوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەمبارەوە ئاشکرای کرد؛ گوندی هێجانان خاوەنی چەندین بنەماڵەی شۆڕشگێڕە کە بەشێک لە کەسوکارەکەیان لە نێو ڕیزەکانی شۆڕشدان، یان لەم ڕێگایەدا گیانیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە، و ئەم سەردانەی بەکرێگیراوانی ڕێژیم بە هەوڵێک بۆ بریندارکردنەوەی زامی لەدەستدانی ئازیزەکانیان بەئەژمار دێت.

بەپێی ئەم هەواڵە، ئەم خۆفرۆشانە لەگەڵ خۆیاندا چەند کیلۆ شیرینی و قەتعەیەک قورعانیان بۆ بنەماڵەی شەهیدانی حیزب هێناوە و لەوێ پێیان وتوون کە ئێمە بەپێی بڕیارێک کە لە سەرووی خۆمانەوە پێمان دراوە هاتووینەتە لاتان.

پێشتریش لە چەندین شوێنی دیکەی کوردستان لەوانە شاری بانە، هەوڵێکی هاوشێوە هاتە ئاراوە کە لەگەڵ دژکردەوەی خەڵک و بنەماڵەی شەهیدان بەرەوڕوو بوویەوە.