کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕادەستکردنی مووشەکەکانی ئێس ٣٠٠ بە ئێران بۆ ساڵی داهاتوو دواخرا

19:30 - 22 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: دوای ئەوەیکە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیه ڕادەستکردنی مووشەکی ئێس ٣٠٠ی بە ڕێژیمی ئێران وەدرۆخستەوە ئەمجار ڕادەستکردنی ئەو مووشەکانەی بۆ ساڵی داهاتوو گۆڕی.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەرۆکی شیرکەتی چەک‌وچۆڵی ڕوستەکـی ڕووسیە ڕایگەیاند کە یەکەم باری سامانەی بەرگریی مووشەکیی ئێس ٣٠٠ لە ٦ مانگی ساڵی داهاتوودا رادەستی ئێران دەکرێت.

پێشتر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندبوو کە ئەو مووشەکانە رادەستی ئێران کراون بەڵام هەواڵدەریی تاسـی ڕووسیه، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی لەو پێوەندییەدا، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕووسی، بڵاوی کردەوە کە؛ ئەو مووشەکانە ڕادەستی ئێران نەکراون و ئەو ئیدعایەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی وەدرۆخستەوە.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری ئەو بەرپرسەی ڕووسیه‏وە بڵاوی کردەوە کە بوونی وەزیری بەرگریی ئێران لە ئاستاراخانی کەناری زەڕیای خەزەر، لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی موشەکەکانی ئیس ـ ٣٠٠، ئیمکانی نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕووسیه لە کاتێکدا ئەو باسەی هێنا ئاراوە کە بەرپرسانی سەربازی ڕێژیمی ئێران، باسیان لەوە کردووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووشەکەکانی ناسراو بە ئێس ـ ٣٠٠، لە ڕووسیه وەردەگرن.

گرێبەستی وەرگرتنی سامانەی بەرگریی مووشەکیی ئێس ـ ٣٠٠ لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، لە نێوان ڕووسیه و ئێران بە بڕی ٨٠٠ میلیۆن دۆلار واژۆ کرا کە دوای گەمارۆ ئابوورییەکان لە ساڵی ١٣٨٨ەوە تا ئێستا، ڕادەستی ڕێژیمی ئێران نەکراون.

ڕووسیه بەهۆی دۆخی ئابووریی لاواز، لە بازرگانی لەگەڵ ئێران قازانج دەکات و ئەو وڵاتە وەک بازاڕێک بۆ ڕووسیه چاوی لێ دەکرێت.