کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاسان درزی خستووەتە ناو بەپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران

16:44 - 19 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسانی نیزامیی سپای پاسداران لە سەر ڕاسان لێدوانی سەرسووڕهێنەر دەدەن و یەکتری وەدرۆ دەخەنەوە.

بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتی ڕێژیم لە هەواڵدەرییەکانی سەر بە خۆیاندا لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات لێدوان و قسەی پێک ناکۆک دەکەن و قسە و هەڵوێستەکانی خۆیان لە هەمبەر خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕەت دەکەنەوە.

دوای ئەوەیکە پاسداری ڕێژیم یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاوێژکاری پلەبەرزی خامنەیی لە لێدوانێکی سەیروسەمەرە و وەهماویدا سەبارەت به ناردنی چەک و چۆڵ بۆ ئۆپۆزئسیۆنی کورد لە لایەن کۆنسولگەریی سعوودی لە باشووری عیراق، هۆشداری بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا و ئەوەش هەڵوێستی توندی حکوومەتی هەرێمی ڵێکەوتەوە، وتە بێژی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕەمەزان شەریف قسەکانی سەفەوی ڕەت کردەوە.

سەفەوی لە قسەکانیدا گوتبووی کەپێوەندی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی باشه، بەڵام لەگەڵ پارتی دێموکرات باش نیە، بەڵام پاسدار شەریف ئەو ئیدعای ناوبراوی وەدرۆ خستوەتەوە و گوتویەتی کە پێوندی ئێران لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی و یەکیەتی باشە و دەسکەوتی باشیشمان هەبووە!

پاسداری تێرۆریست ڕەمەزان شەریف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتویەتی کە پێوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە پڕۆپاگەندای میدیاکانی ڕۆژئاوا، ئیسراییلی و عەرەبی خەوشی تێ‌ناکەوەێت.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتە پووچەکانی ڕەحیم سەفەوی هاوکار و ڕاوێژکاری پلەبەرزی نیزامیی خامنەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە ناڕێكوپێک و بۆچوونی نابەجێ دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دێموكراتی كوردستان لەقەڵەمدا و هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سەرتاپای قسەكانی یەحیا ڕەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، بۆیە ناتوانێ هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی گوتەكانی بخاتە ڕوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە تەحەددا دەكەین ناوبراو یەک بەڵگەی هەبێت كە هەرێمی كوردستان لە هەر ڕێگەیەكەوە هەڕەشەی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی دروست كردبێت.

قسە و لێدوانە بێ بنەماکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕوو لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیم لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات ترساوە و لەوپەڕی شپرزەییدا هەڵوێستی دژبەیەک دەگرن.