کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ترامپ پشتیوانیی لە خەباتی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کرد

17:40 - 16 خەرمانان 2716

کوردستان میدیا: پڕۆفسۆر وەلید فارێس، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد تڕامپ، کاندیدی هەڵبژێردراوی حیزبی کۆماریخوازەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ٢٠١٦ی ئامریکا، پشتیوانیی لە خەباتی گەلی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

پڕۆفسۆر وەلید فارێس، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد تڕامپ، بە بڵاوکردنەوەی ستاتووسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، جارێکی دیکە وتەکانی بەڕێز مستەفا هیجری بڵاو کردۆتەوە.

ناوبراو نووسیویەتی: مستەفا هیجری، ڕێبەری کوردەکانی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ العربیە وتوویەتی کە؛ کوردەکان لە ئێران خوازیاری خودموختاری لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک و فێدڕاڵ، هاوشێوەی کوردەکانی عێراقن.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ: ئێمە خوازیاری ژیان لە وڵاتێکی فیدڕاڵین، بەڵام ئەم ڕێژیمە ڕێژێمێکی سەرکوتکەرە و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەمان بە هاوکاری کردن لەگەڵ نەتەوەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەتوانین ئەم ڕێژیمە بگۆڕین.

ناوبراو لە زاری مستەفا هیجرییەوە پێداگری دەکات کە؛ ڕووحانی هیچ هێزێکی نیە و دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە بەردەست سپای پاسداران و خامنەیی‌دایە.

پێشتریش وەلید فارێس ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد تڕامپ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەیلی کالێر باسی لە سیاسەتە گرینگەکانی تڕامپ کردبوو و وتبووی: گرینگترین سیاسەتەکانی تڕامپ بریتین لە بەرپەرچدانەوەی بەرنامە ناوکییەکانی کۆرەی باکور، بەرهەڵست بوونەوەی هەڕەشەکانی ئێران و خەبات لەدژی هەڕەشەی لایەنە تووندڕەوە ئیسلامییەکان.