کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ ڕێژیم توانای چارەسەرکرندنی قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێرانی نییە

13:40 - 12 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران توانایی چارەسەرکردنی قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێرانی نییە و ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتربوون دەڕوات.

بە هۆکاری سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و نابەرپرسایەتیی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ڕێژیم لە وڵاتی ئێران، سەرەڕای قەیرانە نێوخۆیییەکان، دەیان دیاردەی مەترسیدار سەری هەڵداوە کە بەم هۆکارانەوە ڕۆژبەڕۆژ بارودۆخی ئەو وڵاتە بەرەو خراپتربوون دەڕوات و بەرپرسانی حکوومەتی ئەو ڕێژیمەش بە تاڵانکردنی داهات و دارایییەکانی ئەو وڵاتە، نەک هیچ هەنگاوێکیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیارە و قەیرانانە هەڵ نەگرتووە، بەڵکوو تەنیا لە هەوڵی دوورخستنەوەی ئەو مەترسیانە لە خۆیانن.

سەرەڕای دروشمەکانی ڕێژیم لە سەرەتای دەسبەسەرداگرتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵەکانی ۱۳۵۷ــ ۵۸ی هەتاویدا، کە بانگەشەی خۆڕاییکردنی ئاو، کارەبا، تەلەفۆن، گاز و تەنانەت پاسەکانی نێوشار و هتد، و هەروەها نەهێشتنتی بێکاری و دابینکردنی خۆشبژێویی ژیانی هەموو خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی ئێرانیان دەکرد، نەک تەنیا بەڵێنەکانی خۆشیان لە بیر نەماوە و حاشای لێ دەکەن، بەڵکوو بەپێچەوانەوەی ئەو بانگەشانەی ئەو کاتی ڕێژیم، بێکاری، گرانی، گەندەڵی، چوونە سەرەوەی ڕێژەی تەڵاق، تووشبونی لاوان بە مادە هۆشبەرەکان و بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی خودی ڕێژیم و دەیان دیاردەی مەترسیداری دیکە باڵیان بەسەر ئێراندا کێشاوە.

ئەو دۆخەی وڵاتی ئێران، پاش گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیم لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و بەتایبەت لە قۆناغی دووهەمی ئەو گەمارۆوانەدا، زۆرتر پەرەی سەندووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران زیاتر دەبێت و بەم هۆکارەشەوە هەژاری، نەداری، برسییەتی گوشارێکی زۆری بۆ خەڵکانی ئەو وڵاتە هێناوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم جیا لەوەی کە بە پارەی خەڵکی هەژار و داهات و داراییەکانی ئەو وڵاتە، منداڵەکانی خۆیان بۆ باشترین وڵاتانی ڕۆژاوا بەتایبەت ئامریکا و کانادا هەناردووە، هیچ ئاوڕێک لەو بارودۆخە قەیراناوییە ماڵوێرانکەرەی نێوخۆ نادەنەوە و بگرە زۆر جاریش گاڵتە بەو خەڵکە دەکەن.

لەسەر گوشاری قەیرانە نێوخۆیییەکانی وڵاتی ئێران، ئاگری ئیسماعیلنژاد، ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ و چاودەێری سیاسی، لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند: ئەگەری زۆری هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە هۆی گرانبوون و هەڵاوسانی نرخەکان، هەروەها گوشارەکانی سەر خەڵکی ئێران، کە هۆکارەکەی بۆ گەمارۆوەکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە، برسییەتی بەرۆکی کۆمەڵگای ئێران بگرێتەوە و هەر بنەماڵەیەکی ئێران لە ناچاریدا، لە دەهەکی یەکەمی هەواڵاوسانەکاندا شەو و ڕۆژێکدا دوو ژەم بخۆن و لە دەهەکی دووهەمیشدا لە سێ ژەم تەنیا یەک ژەم بخۆن.

لە وەها بارودۆخێکدا کە لە ئێراندا هاتووەتە ئاراوە، بە هۆی ڕووداوی کارەساتە سروشتییەکانی وەکوو بوومەلەرزە و لافاو و هتد، لە چەندین ناوچەیەکی ئەو وڵاتە، هێڵی قەیرانەکانی ئێران گەیشتووەتە ژێر سفر و ڕێژیمیش لەو دۆخە لە پێناو سیاسەتە گڵاوەکانی و بەرژەوەندیی خۆی کەڵکاژۆ وەردەگرێت و لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەکی خەڵکی لە هەمبەر ئەو دۆخەدا لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێدا، میلیشیا تێرۆریستەکانی سەر بە خۆی لەو ناوچانەی کە هەست بە مەترسیی خەڵک و ڕاپەڕینی گشتی دەکات، جێگیر کردووە و ئەو گرووپانەش لە سەرکوتی خەڵکدا لە هیچ شێوازێکی نامرۆڤانە سڵ ناکەن و بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکەنە سەر ناڕازییان و خۆپیشاندەران.

بەم هۆکارانە و زۆر هۆکاری دیکە وەکوو: دژوارکردنی خوێندن لە ڕێگای ناوەندە سیخوڕییەکانی ڕێژیم، هەڵاواردنی ڕەگەزی، جیاوازی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگای ئێران و هتد، سەرەڕای ئەوەی کە ئاماری خۆکوژی و مردنی لە ڕادەبەردەر چووەتە سەرەوە، شەپۆلی کۆچی خەڵک و بەتایبەت بەجێهێشتنی وڵات لە لایەن لاوان، خوێندکاران و خاوەن بڕوانامە باڵاکانەوە، لە ئێران و کوردستاندا ساڵ بە ساڵ بە ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو زیادی کردووە.