کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی هاوبەشیی یەكیەتییەكانی ژنان، لاوان و خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە‌ بۆنە‌ی ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی جیهانی زمانی دایكی

22:39 - 2 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی یەکیەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕاگەیەندراوێکان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکه:

زمانی دایكی یە‌كێک لە‌ سە‌رە‌كیترین كۆڵەكەكانی پێكهێنەری كەسایەتی و شوناسی مرۆڤە‌ و ئاخاوتن و فێربوون بەو زمانە یەكێک لە سەرەتاییترین مافەكانی هەر تاكێک لە كۆمەڵگای مرۆیی دایە.

زمان هەروەها ئامرازێک بۆ پێوە‌ندی نێوان تاكە‌كانی كۆمە‌ڵگایە‌، لە‌ بواری سیاسیشەوە ناسنامەی‌ نە‌تە‌وە‌یی و یە‌كێک لە‌ فاكتەرە بەهێزەكانی پێكەوەبوون و هاوچارەنووسیی هە‌ر نە‌تە‌وە‌یە‌كە‌.‌

خوێندن بە‌ زمانی دایكی مافێكی بنەڕەتیی مرۆڤە كە لە‌ زۆربەی بە‌ڵگە‌نامە نێونە‌تە‌وە‌ییەكانی وەک بڵاوكراوە‌ی زمانی دایكی، ڕاگە‌یەندراوی جیهانیی مافی زمان، خاڵە‌كانی ٣ و ٤ی ڕاگە‌یەندراوی كە‌سانی سە‌ر بە‌ كە‌مایە‌تییە‌ نە‌تە‌وە‌ییە‌كان، گە‌لان، كە‌مایە‌تییە‌ زمانی و مە‌زهە‌بییە‌كان، مادە‌ی ٣٠ی كۆنوانسیۆنی مافی منداڵ و مادە‌ی ٢٧ی ڕێككە‌وتنامە‌ی نێونە‌تە‌وە‌یی مافە‌ سیاسی و مە‌دە‌نییە‌كاندا بە ڕوونی ئاماژەی پێ كراوە‌.

لە جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوەیەكگرتوەكاندا هاتووە: هەموو مرۆڤێک ئەو كاتەی كە لە دایک دەبێ مافی ئەوەی هەیە كە بە شێوەیەكی سروشتی بە زمانی دایكی خۆی بخوێنێت، بیربكاتەوە، پەروەدە ببێت.

بەپێی لێكۆڵینەوە زانستییەكان، خوێندن بە‌ زمانی دایكی یارمە‌تیدەری منداڵ بۆ تێگەیشتنی ئاسانتر لە وانە‌كانی خوێندن و راستە‌وخۆ بیركردنەوەیە. منداڵێك كە پەروەردەی بە زمانی دایكیی خۆی بێت، خێراتر بە‌ سە‌ر كۆسپەكاندا زال دەبێ، زیاتر هە‌ست بە‌ كە‌سایە‌تی و كەرامەتی خۆی دە‌كا و متمانە‌ی زیاتری بە‌ خۆی هە‌یە‌، شانازی بە‌ خۆیە‌وە‌ دە‌كا كە‌ كە‌سایە‌تییە‌كی سە‌ربە‌خۆی هە‌یە‌، دە‌رفە‌تی لەبارتری بۆ گە‌شەی هزری و پێشكەوتن دەبێ و تەنانەت خێراتریش فێری زمانی دیكە‌ دەبێ.

بە‌ پێچە‌وانە‌وە‌ ئە‌گە‌ر منداڵ بە‌ زمانی دایكی نە‌خوێنێ، لە‌گە‌ڵ زمانێكی دیكە‌دا رووبە‌ڕوویە‌ كە‌ لە هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆی نامۆیە و كاتی زیاتری دە‌وێ تا گوێی بە بیستنی دە‌نگەكانەوە خوو بگرێت، مێشكی بۆ وە‌رگرتن و زمانی بۆ وتن ئامادە‌ بكات و دە‌ستە‌كانی بۆ نووسین رابێنێ. سە‌رە‌ڕای ئە‌م هە‌موو كۆششە تێگە‌یشتن لە‌ وانە‌كان بۆی دژوار دە‌بێ، بیری پرش و بڵاوە‌ و كاتی زۆری بۆ بیركردنە‌وە‌ و تێگە‌یشتن پێویستە‌. دە‌بێ لە میشَكی خۆیدا وشەكان وە‌رگێڕێ و ڕستە‌كان دروست بكا. لە‌ كاتی تێنە‌گە‌یشتندا هە‌ست بە‌ لاوازی و سەرشۆڕی دە‌كا، زۆربە‌ی كات دوو دڵە‌، منداڵێ كە‌ بە‌ سە‌ر زمانی دایكیی خۆیدا زاڵ نە‌بێ، لە‌ فێر بوونی زمانێكی دیكەشدا‌ پێشكەوتنی ئەستەم دەبێت.

بەداخەوە لە وڵاتی ئێمە و لە یەک سەدەی ڕابردوودا حكوومەت لە‌ ڕێگای جۆراوجۆرە‌وە‌ سیاسە‌تی ئاسیمیلاسیون و سە‌ركوت و لە‌ ناو بردنی زمانی دژی نە‌تە‌وە‌ ژێردەستەكانی ئێران ڕە‌چاو كردووە‌. لە‌وانە‌ قە‌دە‌غە‌كردنی خوێندن بە‌ زمانی دایكی لە‌ قوتابخانە‌كاندا، قەدەغەكردنی ئاخاوتن بە‌ زمانی نەتەوە ژێردەستەكان لە‌ ڕوتی كاری خوێندنگا و ئۆرگانە‌ دە‌وڵە‌تییە‌كاندا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی ڕۆڵی ئەو زمانانە لە‌ كاری ڕۆژانە‌ی خە‌ڵكدا، بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ی بە‌رنامە‌كانی ڕادیۆ و تە‌لە‌فزیۆن بە‌ زمانی گە‌لانی ژێردەست‌ و تێكدانی شێوەزارەكانیان لە ڕێگەی تێكە‌ڵكردنی نەگونجاوی وشەكانی زمانی نەتەوەی باڵادەستەوە، قە‌دە‌غە‌كردنی قسە‌كردن لە‌ قوتابخانە‌كاندا بە‌ زمانی دایكی، سووكایە‌تی بە‌ زمانی گە‌لانی دیكە‌ و پڕۆپاگە‌ندە‌ی لەو چەشنە كە گوایە زمانی دایكی لە ڕووی زانستییەوە لاوازە و‌ وە‌ڵامدە‌ری داهاتووی پێشەییان نییە‌، هێنانی پەروە‌ردە‌ی ئایینی لە‌ باتی پەروە‌ردە‌ی نە‌تە‌وە‌یی لە‌ قوتابخانە‌كان، تە‌رخانكردنی بە‌رنامە‌كانی دە‌نگ و رە‌نگی كۆماری ئیسلامی بۆ زمانی فارسی و پەرەپێدانی هەرچی زیاتری ئەو زمانە لە ناوچەكانی نەتەوە بندەستەكاندا، دروستكردنی هە‌موو بە‌رنامە‌كانی منداڵان بە‌ زمانی فارسی بۆ ئە‌وە‌ی منداڵان هە‌ر لە‌ منداڵییە‌وە‌ بە‌ زمانی فارسی خوو بگرن، كۆمەڵێك لەو سیاسە‌تانە‌ن كە‌ بۆ بە‌رتە‌سككردنە‌وە‌ و لاوازكردن و لە‌نێوبردنی زمانی دایكیی گە‌لانی بندەست و بۆ وە‌ردە‌رنانیان لە‌ مە‌یدانی ڕكە‌بە‌رایە‌تیی زمانی فارسی لە‌ پێش گیراون.

دوای شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و هاتنە سەركاری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی بە شێوەیەكی توندوتۆڵتر درێژەی بەو سیاسەتە دا.
لە ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامیدا هاتووە كە زمانی فەرمی خوێندن و نووسین زمانی فارسییە و هەموو بەڵگە و نووسراوە فەرمییەكان و كتێبە دەرسییەكان دەبێ بە زمانی فارسی بێت، بەڵام كەڵك وەرگرتن لە زمانەكانی دیكەی ناوچەیی و قەومی لە بڵاڤۆک و میدیاكان و وتنەوەی ئەو زمانانە لە تەنیشت زمانی فارسی ئازادە.

بە پێچەوانەی تەبلیغاتی درۆیینی ڕێژیم، دەبێ بڵێین ئەو ئەسڵە هیچ پێوەندییەكی بە مافی خوێندن بە زمانی دایكییەوە نیە و تەنیا باس لە فێربوونی زمانی دایكی وەكوو وانەیەك لە تەنیشت وانەكانی دیكەدا دەكات كە هەڵبەت تەنانەت حكوومەتیش لەو پێوەندییەدا ئەركدار نەكراوە و تەنیا باس لە ئازادبوونی زمانی دایكی كراوە.

بەڵام لە كردەوەدا ڕێژیمی ئێران تا ئیستا نەك هەر پشتیوانیی لە ئازادیی فێربوونی زمانی دایكیش نەكردووە، بەڵكوو باسكردن لە زمانی دایكی وەكوو هەڕەشەیەك بۆ سەر ئەمنیەتی نەتەوەیی، پڕۆپاگەندە دژی نیزام و پارچەپارچەكردنی وڵات چاوی لێ كراوە و سزای قورسی بە سەر چالاكانی ئەو بوارەدا سەپاندووە.

حەسەن ڕوحانی وەک هەموو كاربەدەستانی دیكەی ڕێژیمی ئێران تەنیا لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بۆ فریودانی خەڵک و گەرمكردنی تەنووری هەڵبژاردن باسی لە دانی هەندێک وردە ماف بە نەتەوەكانی ئێران كرد، بۆ نموونە باسی لە جێبەجێ كردنی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەرەتی كرد كە چی دواتر ئەوەش وەک هەموو بەڵێنییەكانی دیكەی لە پێوەندی لەگەڵ ماف و ئازادییەكانی خەڵكدا وەڕاست نەگەڕا.

لەو پەیوەندییەدا ڕوحانی دوابە‌دوای خۆپاڵاوتنی بۆ هە‌ڵبژاردنی سە‌رۆک كۆماریی ڕێژیم، ‌سە‌ردانی گە‌لێك ناوچە‌ی خۆیان گوتە‌نی ئە‌تنیكە‌كانی ئێرانی كرد و لە‌سە‌ردانە‌كە‌ی بۆ پارێزگای سنەدا بە‌ڵێنی دا لە ئەگە‌ری سە‌ركە‌وتنیدا، كار بۆ جێبە‌جێكردنی ئە‌سڵی ١٥ی یاسای بنەرەتی دە‌كات. ئەوەی لە كردەوەدا بینرا، ئەوە بوو كە خوێندن بە زمانی دایكیش تا ئێستا هەر وەكوو هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەمنیەتی ڕێژیم چاوی لێ دەكرێت و هەموو بەڵێنییەكانی لەمەڕ دانی مافەكانی نەتەوەكان لە ‌دە‌سنیشانكردنی بە‌ناو نوێنە‌رێك بۆ كاروباری ئەقوامدا كورت كراوەتەوە.

ئەوەش بۆ جارێكی دیكە سەلماندی كە ‌لە سێبە‌ری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیدا مافی خوێندن بە زمانی دایكی وەك هەموو مافەكانی دیكی نەتەوە بندەستەكانی ئێران بە دی نایەت و بەشداربوون لە شانۆگەرییەكانی ڕێژیم لەو پێوەندییەدا و بۆ نموونە هەڵبژاردنی چند ڕۆژی داهاتووی دوو مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و خوبرەگاندا تەنیا بەفیڕۆدانی وزەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەی كورد و نەتەوە بندەستەكانی دیكەی ئێران لە خەبات بۆ بەدێهێنانی مافەكانیاندایە.

كاتێ گە‌لێک ویستی خۆی بۆ فێربوون و پاراستنی زمانی دایكی نیشان بدا و بە‌رگریی لێ بكا، رێگا بۆ شۆڕشێكی فە‌رهە‌نگی و گە‌شەی زمان لە‌ ناوچە‌كە‌دا خۆش دە‌بێ و ئەگەر گە‌لێک پێشوازی لە‌ بە‌رنامە‌كانی دەسەڵاتی سە‌ركوتكەر و داگیركەری حاكم نە‌كا، ئە‌وانیش ناچار پاشەكشە دە‌كە‌ن.

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی لاوانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
یەكیەتیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران

٢ی ڕەشەمەی ٢٧١٥ی كوردی
٢١ی فیورییەی ٢٠١٦ی زایینی