کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیەندراوی چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

14:36 - 25 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوون و کۆتایی هاتنی چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراو:

بۆ ئاگاداری ڕادەگەیەنین کە چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب، کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی بەرانبەر بە١٢ی نوامبری٢٠١٦ی زایینی، بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی جێگر پێک هات و پاش دوو ڕۆژ کاری بەردەوام و باس و بڕیاردان لە سەر بابەتەکانی دەستوورکاری پلینۆم، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

پلینۆم بە ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی و بەپێوەوەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاک و فیداکاریی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی ئەمساڵی حیزب و ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەستی بە کارەکانی کرد.

پلینۆم سەرەتا بەرنامە کاری و دەستوورکاری پلینۆم کە پێشتر بە ئاگاداریی ئەندامانی ڕێبەریی حیزب گەیشتبوو خستە بەرباس و پاش پەسند کردنی ڕەوتی باسەکان دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی کاری پلینۆمدا سکرتێری گشتیی حیزب مستەفا هیجری لێکدانەوەیەکی سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی نێوان دوو پلینۆمی کە زۆربەی لایەنەکانی پێوەندیدار بە ناوچە، ئێران و مەسەلەی کورد بە گشتی و مەسەلەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی و ئاماژە بە ئاکامی کار و تێکۆشانی ئەو ماوەیەی حیزب و بزووتنەوەی کوردی لەخۆ گرتبوو، پێشکەشی بەشدارانی پلینۆم کرد، لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیی حیزب و لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا سەرنج درابووە دۆخی سیاسی و گشتیی ئێران و بەتایبەت ئاکامی ڕێککەوتنی ٥+١ و کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە بەرجام ناسراوە، بۆچوونی هەردوولای ڕێککەوتنەکە بەرانبەر بە بەڕێوەچوون یا نەچوونی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتننامە ئاماژەیان پێکرا کە ئەنجامەکەی دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە بەشێک لە داراییە بلۆکە کراوەکان و دەست ئاوەڵەتر کردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە فرۆش و هەڵینجانی نەوت بوو، بەم حاڵەش کێشە بیمەی کەشتییە نەوت هەڵگرەکان و خۆبواردنی بانکە گەورەکان لە سات‌وسەودا و ڕاگواستنی پووڵ هەروا ماوەتەوە کە ئەوە گیروگرفتەکانی پێشووی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک خۆی هێشتووەتەوە و هەر ئەوەش وای کردووە کە سەرەڕای لاچوونی گەمارۆ لە سەر فەنناوەری و ماشینسازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاری ئەنجامدانی ئەو قەراردادانەی کە لەگەڵ وڵاتانی ئورووپا بەستوویە، بە دڵنیایی و بەشێوەیەکی ئاسایی کاریان پێ نەکرێ و بەشی زۆریان لە بێ‌چارەنووسیدا ماونەوە، بەتایبەت کە تا ئێستاش ڕێگا بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نەدراوە کە کاری کڕین و فرۆشتنەکانی بە دۆلار ئەنجام بدا، هەر بۆیە مەسەلەی بەرجام ئێستاش لەنێو دامودەزگا حکوومەتیەکان جێگای مشتومڕە و ئەگەر دەوڵەت وەک کردەوەیەکی ئەرێنی لێی دەدوێ ئوسولگەراکان بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە و دژایەتی کردنی باسی لێوە دەکەن. بەگشتی دەکرێ بڵێین ئاکامی بەرجام ئەوەیە کە بەرپرسی بانکی ناوەندی باسی لێوەدەکا و دەڵێ تەقریبەن هیچە.

هەر لەو باسەدا بە ئاماژە بە چوونە سەری ڕێژەی بێکاری، فشاری زیاتری دەزگا ئەمنیەتییەکان بۆ سەر خەڵک، بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی ڕۆحانی زیاتر و توندتر بووە.

لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیدا ئاماژە بە ئاسایی‌بوونەوەی پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئورووپاییەکان کرابوو کە سەرەڕای ویستی هەردوولا بۆ ئەم مەسەلەیە کە ئاسایی بوونەوەی سیاسی و تجاری لە خۆ دەگرێ، بە ئاسانی سەری نەگرتووە لەو بارەوە ئورووپاییەکان مەرجیان بۆ ئەم ئاسایی بوونەوەیە هەیە ئەویش کەمکردنەوەی ڕادەی ئیعدامەکانە بەتایبەت ئیعدام کردنی کەسانی کەمتر لە ١٨ ساڵ، هەوڵدانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ وشک کردنی سەرچاوە داراییەکانی تێرۆریزم، شەفافسازیی ماڵی، بەرگری لە پووڵشووویی و لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ. لێکدانەوەکە لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بەوە دابوو کە جێبەجێ کردنی هەموو ئەو مەرجانە لە کۆماری ئیسلامی ئێران ناوەشێتەوە، بەڵام بە هۆی نیازی ڕێژیم بە ئورووپا و حەزی وڵاتانی ئورووپایی بە بازارەکانی ئێران، لەوانەیە لە پێوەندی لەگەڵ ئەم مەرجانەدا بە شێوەیەکی ناتەواو بە ڕێککەوتن بگەن.

لە لێکدانەوەی سکرتێری گشتیدا لەسەر وەزعی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاماژە بەوە کرا بوو کە؛ هەموو ئەو فشار و ماف پێشێلکاریانەی کە لە هەموو ئێراندا لەسەر خەڵک هەیە، لە کوردستان زیاتر و بەرچاوترن.

گوتاری نوێ لەو پارچەیە لە کوردستان ڕاسانی ڕۆژهەڵاتە کە لێکدانەوەکە بە وردی قامکی لەسەر شوێنەوارە ئەرێنییەکانی ئەو پرۆسەیە لەسەر خەڵک، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و دەنگدانەوەی بەرینی لە میدیاکان و سەرئەنجام سەرنج ڕاکێشانی خەڵک و وڵاتان لە ڕادەی ناوچەیی و جیهانیدا بوو.

لەو بارەوە پلینۆم وێڕای لەبەرچاوگرتنی هەموو خاڵە ئەرێنییەکانی ڕاسان، بە لێبڕاوییەوە پێی لەسەر بەردەوامیی ڕاسان داگرتەوە و بۆ بەهێزترکردن و شوێندانەرترکردنی ڕاسان شێوەی چارەسەر کردنی کەم و کۆڕییەکانی دەستنیشان کرد و لە هەمانکاتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کادر و پێشمەرگەکان، ئەندامانی حیزب لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە دەرەی وڵات، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە بە لێکدانەوەی واقیعبینانە ڕاسانیان هەڵسەنگاند و تەئیید و پشتیوانییان کرد، دەربڕی. هەر لەو پێوەندییەدا بۆ به‌هێزکردنی لایەنەکانی دیکەی ڕاسانیش وەک ڕێکخستن، ڕاگەیاندن و دیپلۆماسی ڕێوشوێنی پێویستی دەستنیشان کرد، لە درێژەی ئەم باسەدا سەرنج درایە چالاکیە مەدەنییەکانی خەڵک و تێکۆشانی NGOکان لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات. پلینۆم ئەو چالاکیانەی بە شوێندانەر زانی و ڕێزی لە تێکۆشەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم شێوەیە لە خەبات گرت و هیواداری دەربڕی کە بەردەوامیی پڕۆسەی ڕاسان ببێتە هۆی پێکهاتنی دەرەتانی زیاتر بۆ کار و چالاکیەکانیان. لە بەشێکی دیکەی لێکدانەوەکەی سکرتێری گشتیدا دۆخی تایبەت بە هەرکام لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئاوڕیان لێدرابووەوە و ئاماژە بە خاڵە ئەرێنی و گیروگرفتەکانی بەردەم هەر بەشێک کرابوو، بەتایبەت ئاماژە بەوە درابوو کە لە هەلومەرجی ئێستادا کە هەموو ئەو وڵاتانەی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە لەگەڵ دۆخی خراپ و پشێوی بەرەڕوون و ئەوە دەرەتانێکە بۆ ئەوەی کورد بتوانێ بە پاراستنی یەکڕیزی خۆی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بەرژەوەندیی گشتیی کورد لە سەرووی بەرژەوەندیی ڕێکخراوەیی دابنێین.

لە بڕگەیەکی دیکەی کاری پلینۆمدا ڕاپۆرتی شۆرای نیزامیی حیزب لەلایەن بەرپرسی شۆراوە پێشکەش بە پلینۆم کرا.

ڕاپۆرتەکە دەربڕی کار و چالاکیی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە ماوەی دوو پلینۆمدا بوو. ئەو ڕاپۆرتە خاڵە بەهێز و ئەرێنییەکانی تێکۆشانی ئەم ماوەیەی بەڕوونی دەستنیشان کردبوو و لە هەمانکاتدا کەموکۆڕییەکانی ئاماژە پێدابوو.

پلینۆم وێڕای ماندوونەبوونی کردن و ڕێزدانان بۆ کار و چالاکییەکانی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب جارێکی دیکە و لەو بڕگەیەشدا سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش کردن و بۆ باشتر کردن و شوێندانەرترکردنی تێکۆشانەکان ڕاوبۆچوون و ڕاسپاردەکانی خۆی دەربڕی.

هەر لەوچوارچێوەدا پلینۆم وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ حیزب و ڕێکخراو و لایەنە کوردی و ئێرانییەکان ئامادەیی خۆی بۆ کاری هاوبەش بە مەبەستی ڕێکخستنی خەبات دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی.

لە بڕگەی کۆتایی کاری پلینۆمدا ئەندامانی ڕێبەریی حیزب لە سەر ڕەوتی چوونە پێشی کارەکانی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شازدەی حیزب کە لە لایەن بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەوە پێشکەش کرا ئاگادار کران.

پلینۆم پاش گوێ گرتن و بڕیاردان لەسەر هەموو باس و بابەتەکانی دەستووری کاری پلینۆمی چواردە، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی
١٤ی نوامبری ٢٠١٦ی زایینی


border=0
چواردەهەمین پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران