کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینێک بۆ ٧٥ ساڵ تەمەنی ‌‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

17:52 - 26 گەلاوێژ 2720

ناسر ئەشرەفی

سەرهەڵدانی حدکا لە گەرمەی جەنگی جیهانیی دووەم بۆ پاراستنی نەتەوەیەک لە نەهامەتییەکانی شەڕ و هەوڵ و هیمەت لەپێناو زامنکردنی مافی نەتەوەیی و پاراستنی لە چنگ دەوڵەت- نەتەوەی داگیرکەری ئێرانی، مێژوویەکی سەرنجڕاکێش و بەشێک لە مێژووی تراژیک و حماسیی نەتەوەیەکە بۆ مانەوە. مێژووی دێموکرات هەوڵ و فیداکاریی ڕێکخراوێکی مودێڕنە بۆ پێکهێنانی کەش و ژینگەیەکی ئارام بۆ گەلێکی ڕاپەڕیو، دوور لە هەڕەشە و دەستدرێژیی دەوڵەت- نەتەوەی فاشیست. ئەم حیزبە ئەرکی یەکەمی خۆی واتە پاراستنی نەتەوە لە ئاکارەکانی شەڕی جیهانی بە باشی بەجێ هێنا، بەڵام ئەگەرچی دوای کۆتایی شەڕ لەشکری ستەمکاری تاران هێرشی بردە سەر و هەموو یادگارە جوانەکانی وێران کرد، بەڵام مێژوو وەک دێموکراتترین و مۆدێڕنترین ڕێکخراوی سیاسیی ناوچەکە پیشانی دەدات.                                                         

ڕۆنێسانس، ڕووناکبیری و مۆدێڕنە کۆی ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەی مرۆڤ بە گشتی و گەلانی ئورووپا بە تایبەت بوو، کە ڕوانگەی مرۆڤی بۆ ماف و ئەرک، دەسەڵات، ئازادی، نەتەوە، ڕەگەز، ژینگە، ژیان و... گۆڕی. تاکی سەربەخۆ و عەقڵی ئازاد، کۆمەڵگەی ئورووپایی لە تاریکستانی سەدەکاتنی ناوەڕاست و حوکمڕانیی نامرۆڤانەی شا و قەشە ڕزگار کرد و بەرەو گەشە و پێشکەوتنی خێرای برد. شۆڕش و کولتووری مۆدێڕنە بە کاروانی گەشەدار و پەرەگرتووی پیشەسازی و پێوەندییە بازرگانی و سیاسییەکان دەروازەکانی جیهانی داخراو و هەژاری ڕۆژهەڵاتی ناڤینیشی تێپەڕاند و لە ئەستەنبوڵ و تاران زایەڵەی شۆڕشی مۆدێڕنە دەیان ساڵ بەر لە ڕووخانی ئەم ئیمپراتۆرییانە دەنگی دەدایەوە. ڕووناکیی مودێڕنە تیشکی خستە سەر تاریکستانی جیهانی ڕۆژهەڵات و ڕێگە کوێر و داخراوەکانی ئاشکرا کرد و ناڕاستەوخۆ پەیامی دا کە ڕابن و لە کۆیلەیی هزری چەقبەستوو خۆتان ڕزگار بکەن. بەڵام نەریتی دیکتاتۆریی لەمێژینە، بێ هونەری و پاوانخوازیی حاکمانی کۆن و نوێی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، هەژاری و نەخوێندەواریی گەلانی ڕۆژهەڵاتی گەورە لە لایەک و سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانە و داگیرکارانەی زلهێزانی ڕۆژاوا لە لایەکی تر ڕێگر بوو کە پرۆسەی ڕۆشنگەری و مۆدێڕنە هێدی هێدی پێڕەوکە بێت و ببێت بە داینامۆی ڕزگاریی تاک و کۆمەڵگا، بەڵکوو ستەمکاریی قووڵتر و بەرینتر کرد و کۆمەڵانی خەڵک سەرگەردان بەدوای نان و ئازادی لە جوغزێکی داخراودا و کورد وتەنی زۆرتر بە شەوارە کەوتن بوو.

براوەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم (ئینگلیس و فەرانسە) نەخشەی جیهانی نوێ بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی ناڤینیان لە بەرژەوەندیی خۆیان داڕشت و لەسەر ئێسک و پروسکی ڕزیو و بێ کەڵکی عوسمانی دەوڵەت نەتەوەی نوێ دروست کران. ئێران هەر لەمێژەوە وەک هێڵی بەریەک نەکەوتنی نێوان ئینگلیس و ڕووسیەی تزاری هێڵرابووەوە، بە چەشنێک کە هیچکام لەو دەوڵەتانە بۆیان نەبێت ئێران داگیر یان دابەش بکەن، بۆیە ئێران پاش هەردوو جەنگەکە وەک پەرژینی نێوان دوو جەمسەری کاپیتالیزم و سوسیالیزم مایەوە و پشتیوانیی لێکرا و دەوڵەتی بۆ ڕازایەوە، ئەگینا ئەو وڵاتە هیچکات توانای بەرگری کردنی نەبووە. بەم شێوە سنووری دەوڵەتان دیاری کران و بوو بە تاپۆ لە ژوور سەری داگیرکەرانی کوردستان. هەرچەند لە سیڤەر بۆ کوردیش وڵاتێک دیاری کرا، بەڵام نەبوو بە کردە و هەروا وەک ڕەشنووس مایەوە. ئەگەر کورد لە چاخی ئیمپراتۆری، لەژێر کەپر و ساباتی میرنشینەکان زمان و جلوبەرگ و کولتووری پارێزراو بوو، ئەگەر لە حوجرەکاندا بە کوردی دەیخوێند، ئەوا دەوڵەت- نەتەوەی داگیرکەر بە چەک و جبەخانە، دەفتەر و قەڵەم و پۆلیس و ژاندار وڵاتی تەنی و هەڵمەتی سڕینەوەی ئاسەواری نەتەوەیی کوردی دەست پێکرد تا بەرە بەرە لە ژێرپێی نەتەوەی خاوەن دەوڵەت بتوێتەوە.

دەوڵەتانی بە ڕواڵەت مۆدێڕن کراوی پەهلەوی و کەمالی هەر زوو هێرشیان بردە سەر هەر چەشنە بیر و بۆچوونێکی ئازادیخوازانە و مرۆڤدۆستانە کە ڕووی لە پەرەسەندن بوو. دەبێ هەموو لەو جوغرافیا تازە نەخشاوەدا بیر لە یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک دەوڵەت بکەنەوە و بە سۆزەوە بڕواننە ڕابردووی پڕ شکۆی ئیمپراتۆرە ڕووخاوەکانیان و خولیایان باڵادەستی بەسەر جیهاندا بێت. پاوانخوازی هەڵکشا بۆ فاشیزم لە بێحورمەتی بە مرۆڤ، لە تواندنەوەی نەتەوەکانی ناو ئەم جوغرافیایانە. ئەم حاکمە نوێیانە دوژمنی نەتەوەکەی خۆیشیان بوون، چون بەم دروشمە ستەمکارانە ناخی تاکی فارس و تورکیان ئاخنی بە قەوم پەرستی و باڵادەستی. مرۆڤ تەوەری شۆڕشی مۆدێڕنە لای ئەم حاکمانە کە کڵاو و سیپاڵی مۆدێڕنیان لە سەر و بەردا بوو، بێ مانا و غەربی بوو، بەڵکوو مودێڕنە تەنیا تۆپ و تانک و کەرەستەی شەڕ بوو کە هێزی پێ دەبەخشین بۆ زیندووکردنەوەی دەسەڵات و شکۆی ڕابردوو. بەم هەستە تاکی فارس و تورک پەروەردە کرا و بوو بە کۆیلەی پان ئیرانیزم و پان تورکیزم و بە گژ نەتەوەکانی تردا دەدرا کە تا ئیستاش بەردەوامە. مرۆڤی ئێرانی و تورکی بوونەوەرێکی سەرگەردان و کوێر کراوە بۆ داهاتوو، ئەو بۆ مانەوە لە قووڵایی مێژوودا پەلەقاژە دەکاتت، تاوێک گەڕانەوە و بنیاتی ئیمپراتۆری و دوودمانی شاهی و جارێک زیندووکردنەوەی خەلافەت و ئیمامەتی ئیسلامی، بەم شێوە لەم بازنە تاریکەدا هەم خۆی چۆڵ و وێران کردووە لە ماریفەت و مرۆڤ دۆستی هەم دەوروبەری قڕ و ماڵ وێران کردووە.

ساڵی ١٣٢٠ی کۆچی (١٩٤١ی زاینی)

"ڕەزا شا" توانیبووی هەموو بزووتنەوە ماف خوازەکانی کوردستان بە ڕێبەریی "سمایل ئاغای سمکۆ"، مازەندەران و گیلان بە ڕێبەریی "میرزا کوچەک خان" و دەیانی دیکە بە فرتوفێڵ و کوشتار لەناو ببات. بێجگە لەوانە دەسەڵاتداران و سەرۆک هۆز و دەسڕۆیشتووانی کوردستانی دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی قەسری قەجەر کردبوو تا وزەی سەرهەڵدان لە کوردستان بنبڕ بکات. خوێندەوارە ناسیۆناڵیستە بەناوبانگەکانی فارس وەک فروغی و داور، کە لایەنگری بوون و نازناوی دیکتاتۆری نورانیان لەسەر ڕەزا شا نابوو دەرکران لە کار و دوور خرانەوە. دەستپێکی شەڕی دووەم و دەرکەوتنی گوێی نازیسم، پاشایەتیی پەهلەوی چرای سۆز و هاودەنگیی هەڵ کرد کە بەشکم ئەم دوو ئاریاییە جیهان لە نێوان خۆیاندا دابەش بکەن. بەڵام هاوپەیمانان بە داگیرکردنی ئێران خەونی ڕەزاشایان پووچەڵ و ناوبراویان دوور خستەوە. ڕووداوی گرنگ و دڵخۆشکەر لە مانگی شەهریوەر کە بۆ هەمیشە لە بیرەوەریی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ستەمی ئێران بە ڕووداوی شاریوەری بیست (٢٠) ناوی دەرکرد، زیندانی نەتەوەکان شکا و خەباتی ڕزگاری قووڵتر و بەرینتر بوو، ئەو کوردانەی لە زیندان و تەبعید مابوون گەڕانەوە. کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەستی بە چالاکیی ئاشکرا کرد. پاش ماوەیەک لە دڵی ئەو کۆمەڵەیە لە ٢٥ی گەلاوێژ حیزبی دێموکرات لەدایک بوو. حیزبی دێموکرات ڕێکخراوی نەتەوەیەک بوو کە وەک کۆمەڵە خەڵکێکی پرش و بڵاو، دواکەوتوو، دژە سیستم و ئاژاوەگێڕ بە جیهان ناسێندرابوون. بڕیار بوو تاران و ئانکارا بە بەزەییەوە تەماشایان بکەن و لە پرۆسەیەکدا وەک ئاریایی دواکەوتوو و تورکی کێوی فێری فارسی و تورکییان بکەن و ببن بە شارۆمەندی متەمەدن. بەڵام حیزبی دێموکرات ڕیسەکەی لێ کردن بە خوری، ئەوا ئێستا نەتەوەی بێبەش کراو لە سەرەتاییترین ماف، سەروەت و سامانی تاڵانکراو، گەنج و لاوی ڕاپێچی سەربازیی زۆرەملێ بۆ شەڕی ناڕەوا، لە ڕێگەی ‌‌حیزبە تێکۆشەرەکەیەوە بە زمانی سەردەم، بە دروشم و بەهاکانی مودێڕن بانگەوازی ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکاتت و  داخوازییەکانی، مافی خۆ بەڕێوەبەری و ژیانی دوور لە چەوسانەوە و هەڵاواردن وەک نەتەوە ئازادەکاتنە.

حیزبی دێموکرات بۆ سەروسامان بەخشین بە کۆمەڵگای وێرانکراو و قاتوقڕی لێدراوی کوردستان بەهۆی داگیرکاری و ستەم و تاڵانی ڕەزاشایی، دەوڵەتی کۆماری کوردستانی دامەزراند. کۆمارێکی دێموکراتی لە گۆشەیەک لە سەرزەمینی سەڵتەنەتی موتڵەقە. لەم گۆشە دەسەڵاتە دێموکراتیکە ئاسایش، هێمنی، ئازادی ڕادەربڕین، مافی تاک، مافی منداڵ، مافی ژن و مافی نەتەوە و ئایینەکان بەرقەرار و پارێزراو بوو. لە لەوبەر لە سەرزەمینی سەڵتەنەت، ڕاوڕووت، جەردەیی، برسیەتی و سەرگەردانی تاک و کۆمەڵگا و پاشاگەردانی حاکم بوو. ڕێبەری حیزبی دێموکرات پێشەوا قازی موحەمەد بوو بە سەرۆکی کۆماری دێموکرات، کەسایەتیەکی بێ وێنە و تاقانە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین. ئاشتی خواز، زانا و زانست پەروەر و سوارچاکی یاسا و ڕێسای جیهانی پێشکەوتوو. حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لە کەشی شەڕ و دەمارگرژیی ئەودەم دەرگای دیالۆگ و دۆستییان تاقاندبووەوە، چ لەگەڵ حکومەتی ناوەند و چ دراوسێکانی. نامەی دۆستی و نیازپاکی بۆ هاوپەیمانان بەڕێ دەکرد و سەرسامی دەکردن بە حوکمڕانی دێموکراتیک و هێمنانە. بۆیە آ . ڕۆزوێڵت ڕاوێژکاری ئامریکا دەنووسێت:

"پەیدا بوون و گەشەی کۆماری بچووکی مەهاباد و مێژووی کورت و تۆفانی و لەنێوچوونی لەناکاوی، یەکێک لە ڕووناکترین ڕووداوەکانی مێژووی تازەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە".

ئەگەرچی بەردەوامیی دەسەڵات و ئارامی بۆ کورد ڕەوا نەبینرا، بەڵام  حیزبی دێموکرات چووە ناو دەروونی تاکی کورد لەو بەشە بچووکە بە زۆری و لە سەرجەم کوردستان وەک یەکەم ڕێکخراوی مۆدێڕنی نەتەوەیی بوو بە هێما و ڕەمزی کورد و جێگەی شانازی، بوو بە وزەی خۆڕاگری و نەتوانەوە.

ساڵانی  ١٣٢٦ تا  ١٣٥٧

پاش کۆتایی شەڕ ڕوانگەی جیهانی دووەم دوو جەمسەری زەقتر باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشابوو. بە تایبەت لە جیهانی ڕەش و سپیی خۆرهەڵات سۆسیالیزم و لیبراڵیزم بوون بە شەقامە ڕێی چالاکی و سەرکەوتن. ئەگەر لە جیهانی خۆراوا ئەم چەمکانە و دەیان بیرۆکەی فەلسەفیی دیکە بە ئازادی لە ناوەندە فکری و زانستییەکاندا ڕاڤە و شەن و کەو دەکران، ئەوا لای ئێمە دەوڵەت- نەتەوە داتاشراوەکان خۆیان نوێنەر و جێبەجێکاری هەردوو پرۆژە بوون و لە سۆسیالیسم و لیبراڵیسم ئەوەی لە بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵاتیان بوایە جێبەجێیان دەکرد. دەوڵەتانی دروستکراوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە پاش جەنگی یەکەم بە زۆری کۆلۆنی ئیمپریالیسی فەرانسە و ئینگلیس و نوینەری ئەو سیستەمانە بوون. پاش جەنگی دووەم و سەرهەڵدانی خەباتی دژە کۆلۆنی هەندێک لەو دەوڵەتانە چوونە ژێر باڵی سۆسیالیزمی یەکیەتی سۆڤیەتی (بۆ نموونە وەک عێراق و سووریە). بۆیە کوردستان بوو بە کۆلۆنی دەوڵەت- نەتەوە دیکتاتۆرەکان. لە کەشی پۆلیسی و سانسۆردا ئەبوا بۆ ئازادی، مافی ڕادەربڕین، مافی گەلەری و توێژی ئەبوا لە چوارچێوەی یاسای وڵات بە هێمنی داواکاریت پێشکەش بکردایە، کە ئەمە بۆ هاووڵاتیی نەتەوەی باڵادەستیش مەترسیدار بوو، لە لایەک تاوانبار دەکرا بە نۆکەری ئیمپریالیسم و لە لایەکی دیکە بە کۆمۆنیزم و جاسووسی ڕووسی. بەڵام کورد دەست بەسەر و کوردستان کۆلۆنی بوو، هەر چەشنە داواکارییەک دەچووە خانەی شێواندنی سنوور و ئاژاوە نانەوە، بۆیە کورد هەر زوو کارنامەی چەتە و ڕێگری وەرگرت.

حکوومەتی شاهەنشاهی ئێرانی وەک سەنگەری قایمی بەرەی ڕۆژاوا بەرانبەر بە سوسیالیزمی شۆرەوی پاڵپشتیی لێکرا و بە چەکوچۆڵی پێشکەوەتوو کرا بە ژانداری ناوچەکە. بەهۆی داهاتی زۆری نەوت ئابووری گەشەیەکی بە خۆیەوە بینی، بەڵام دەوڵەت بەشی بەرچاوی داهاتی بۆ نەتەوەسازی و زیندوو کردنەوەی ئیمپراتۆری دووهەزار و پێنسەد ساڵە بەکار دەبرد. دەیان ناوەندی زمانەوانی، فەرهەنگستان و زانکۆ بۆ پەرەسەندنی زمانی فارسی و دەوڵەمەندکردنی دامەزراند، مێژووی لە بەرژەوەندیی پرۆژەی شاهەنشاهی ئێران زەمین نووسییەوە، بۆ ئەم مەبەستە زمانی کوردی، لوڕی، بەلووچی، گیلەکی، ئازەریو... کران بە زاراوەکانی زمانی فارسیی کۆن. دان بە زمانی عەرەبی و تورکی نەدەهات و بە تایبەت بۆ تورک گاڵتە و جەفەنگ ساز دەکرا. فەرهەنگستان بۆ وشە کۆکردنەوە ڕووی لە دێهات و شاری کوردستانی دەکرد و پسپۆڕانی زمانەوانی ڕیشەی فارسییان بۆ دادەتاشی تا لە پرۆسەی دیاریکراودا ئێرانێکی یەک دەست فارس لەسەر ڕیشەی هەخامەنش دروست دەبێت. هەروەها بە دانانی سپای تایبەت لە دەرچووانی دەبیرستان لە جێگەی سەربازی وەک سپای دانش، سپای تەرویج، سپای بهداشت  و هێزی ژاندارمری هەم ڕەواجی بە زمان و کولتوور و سیاسەتی دەوڵەت دەدا و هەم کونترۆڵی ناوچەکەی دەکرد. کێبڕکێیەکی شاراوە ساز کرابوو کە بە فارسی ڕەوان بدوێیت ئەگینا دەبووی بە گاڵتەجار، هەروەها بۆ جلوبەرگ. پرۆگرام و ناوەرۆکی پەرتووکی دەرسی بە زۆری پەسنی شاکانی ئێران و شۆڕشی سپی شا و گەیشتن بە دەروازەی تەمەدون بوو. تاران ناوەندی هزری و جووڵەی فیکری ئێران بوو، بەڵام ستراتژی زاڵی دەسەڵات بە ساواک و سانسۆر ڕێگر بوو لە بەردەم ئازادیی ئەندیشە، بۆیە جیهانبینیی خوێندکاری ئێرانی تەم و مژاوی بوو، نە سوسیالیزمی وەک خۆی ناسی و نە لیبراڵیسم، بەڵام کەشی زاڵ بەسەر زانکۆکاندا چەپی ئینقلابی و دژە ئیمپریالیستی بوو. لە کوردستان (هەر چوار ئوستان) هەوڵ دەدرا سەربەخۆیی ئابووریی دانیشتووانی بەرەبەرە کەم بێتەوە و دەسەنەخواری ناوەند بن، بۆیە بە هاوردەکردن بەرهەمی خۆجێیی کوردستانیان بێ بەها کرد، بەم پێیە گوندنشین بۆ بژێوی ڕووی دەکردە شارەکان و بە زۆری دەبوو بە پەراوێزنشین، کە ئەم دیاردە لە کرماشان، خورەماوا و ئیلام زۆرتر زەق بوو. وا دیار بوو کە پرۆژەی تواندنەوە لە بەشی باشوورەوە دەست دەکاتت بەرەو باکوور. دەرئەنجام پارادۆکس سەڵتەنەتی بەرەو هەڵدێر دەبرد، چونکە دەیویست بە سواری کەرەستەی مودێڕن بۆ ئیمپراتۆری پێش زایین گەڕێتەوە، بەداخەوە ئەم ڕوانینە پارادۆکسییە نەتەوەکەیشیانی تووش کردووە.

شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ستەمکاری لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی کۆتایی بە سەڵتەنەتی سەرەڕۆی ئێران هێنا و ئیمامەت بوو بە جێنشینی. دەوڵەتی بە ناو مۆدێڕنی شاهەنشایی لە ماوەی نیو سەدە حوکمڕانی بەو هەموو ئیمکاناتە بەرین و بڵاوە فەرهەنگی و زانستییەوە ئەوەندە ڕۆشنگەری نەکردبوو تا ئەو ملوێنان خەڵکەی نەتەوەکەی خۆی کە ساڵیانێکی دوور بوو بەرەو تەمەدونی گەورەی بردبوون، نەکەونە داوی کۆنەپەرستێکی دڵڕەق بە ناوی خومەینی!

شا ڕویشت و دەزگای سەرکوت بەر لەوەی ببێت بە گۆپاڵی ئیمام ماویەک بێدەنگ بوو، جەماوەری ڕاپەڕیو هەناسەیەکی ئازادییان هەڵمژی، کۆمەڵگای سەرگەردان کراو خۆی دەرخست، بەشی زۆری دەرچووانی زانکۆ بە شێوەیەک چەپ بوون، بازاڕ و چینی مامناوەند شوێن خومەینی کەوتن، هەردوو دەستەکە دوو خاڵی هاوبەشیان بوو؛ دژایەتی ئیمپریالیسم بە سەرۆکایەتیی ئامریکا و پاراستنی سەروەریی ئێران. نەناسینی قەیرانە کەڵەکە بووەکانی وڵات یەک لەوان نەتەوەکان، نەبوونی ستراتژیی ڕوون بۆ داهاتووی وڵات هێزە چەپەکانی تووشی قەیران کرد. دەستەیەکیان خاڵە هاوبەشەکانیان کردە پێوەری هاوکاری و دەستەیەکی دیکە کەسی بە دۆستی کاتێش نەدەزانی و دنکیشووت ئاسا بەتەنێ دەیویست هەم دژی ئیمپریالیست و هەم کۆنەپەرستی حاکم بێت و هەم بەخێرایی دیکتاتۆری پرۆلتاریا بەرقەرار بکات، هێزەکان ئەو دیو خۆیشی دوژمن بوون و لە پێشدا ناو و بارکوتی بۆ دانابوون لە ناسیۆناڵیستەوە تا سوسیال ئەمپریالیست. لە کوردستانیش هەر چی لە ناوەندی سەرهەڵدانی دێموکرات و کۆمار دوور دەکەوتیتەوە هەستی نەتەوەیی کاڵتر و دەور و کارتێکەری هەڵەی ئیدۆلۆژی دوو جەمسەری (لیبراڵیزم و کۆمۆنیزم) لەناو توێژی گەنجی خوێندکاردا زۆرتر دەبوو.

حیزبی دێموکرات جارێکی تر پێی نایە ئەو گۆڕەپانە کە لێی لەدایک ببوو، لێیشی لەسێدارە درابوو، ئاپۆڕای جەماوەری تامەزرۆی سروودی دووبارەی ئازادی، قاسملووی بیرمەند باسی دوێنێ و ئەمڕۆ و داهاتوو دەکاتت، داهاتووی پڕ سەروەری دوور لە ژێردەستەیی، جەماوەر بە سۆزەوە دەڵێن بژی قاسملوو، بەڵام قاسملوو هاوار دەکاتت:

"بژی دێموکرات، بژی کوردستان".

بەم شێوە لە یەکەم هەنگاودا کەسایەتی تەوەر و پیرۆز کردنی ڕێبەری پرۆتستۆ کرد و داوای لە جەماوەر کرد چیدی دروشمی وا بەکار نەیەنن. ح. دێموکرات بە خێرایی گەشەی دەکرد، قەیرانەکانی کۆمەڵگای کوردی و هەروەها ڕادەی وزە و توانایی کۆمەڵگاکەشی دەناسی، بۆیە دروشمەکانی بە پێی دەرفەتەکان بوون. کورد لە ڕۆژهەڵات پێویستی بە سەربەخۆیی بڕیاردان هەیە، هەروەها پێویستی بە ئازادیی سیاسی هەیە کە ئێستە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بوونی نییە، کورد پێویستی بە عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەیە کە ئێستە جگە لە داگیرکەر دەرەبەگ و سەرمایەداری ناوخۆیشی دەیچەوسێنێتەوە. بۆیە ئامانجەکانی لە سێ تەوەر داڕشت، حیزبی دێموکرات خەبات دەکات لە پێناو؛

١- حیزبی دێموکرات خەبات دەکات لە پێناو لابردنی ستەمی نەتەوایەتی

٢- حیزبی دێموکرات خەبات دەکات لە پێناو لابردنی ستەمی چینایەتی

٣-  حیزبی دێموکرات خەبات دەکات لە پێناو لابردنی ستەمی سیاسی.

خەبات بۆ لابردنی ستەمی سیاسی خۆی لە ڕادەی قووڵ و بەرین بوونی دێموکراسیدا دەبینێتەوە، بۆیە ئەگەر کولتووری دێموکراسی جێگیر نەبێت ستەمی سیاسی قووڵتر دەبێت. بۆیە حیزب بۆ لابردنی ستەمەکان قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و دێموکراسی لە پێستی هەموان دادەنێت، مەرجی یەکەم بۆ تێگەیشتن لە دێموکراسی پەروەردەیە، تاکی دێموکرات دەبێ جیهانی خۆی و جیهانی دەوروبەری باش بناسێت، هەروەها ئەرک و مافی خۆی، مێژووی خۆی، مێژووی ستەمکاری و مێژووی بەرهەڵستکاری ستەم بناسێت. تاکی دێموکرات دەبێ نە چەوسانەوە قبووڵ بکات و نە چەوسێنەر بێت. ڕێبەرانی ئەم حیزبە لە خۆیانەوە دەستیان پێکرد، لەگەڵ پێشمەرگە دەچوونە سەر ڕیزی نان گرتن، هیچ سەروەت و سامانێکیان بۆ بنەماڵەکانیان جێ نەهێشت، بەڵکوو هەموو ژیانیان بەخشی بۆ ئەوەی کورد بە ئازادی بژی.

یەکێکی دیکە لە هەنگاوە جوانەکانی حیزبی دێموکرات بۆ ئێستە و دواڕۆژی کوردستان خستنە بەر باسی سۆسیالیزمی دێموکراتیکە. گرنگیی ئەم تێزە تەنیا لە بوێری داڕێژەرەکەی لە گەرمەی بازاڕی دووجەمسەری و زاڵبوونی کۆمۆنیزمی دوگم لە ناوچەکەدا نەبوو، بەڵکوو دوکتور قاسملوو دەیویست بڵێت سوسیالیزم نابێ وەک نوسخەیەکی پێچراوە و ئامادە چاوی لێ بکرێت و کۆپی بکرێت بۆ ئەملاولا، بەڵکوو کۆمەڵگایەکی دێموکرات دەتوانێت سۆسیالیزمی گونجاوی خۆی داڕێژێت. کەواتە پرۆژەی سۆسیالیزمی دێموکراتیک سۆسیال دێموکراسی نییە و بەڵگەیەکی مێژووییە لە بەردەستی زانایانی کورد بۆ ڕاڤە و داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئابووری بۆ کوردستان.

خومەینی هەر زوو حیزبی دێموکراتی هەڵوەشاوە (منحلە) ڕاگەیاند و قاسملووی بە مفسد، گەلی کوردی بە کافر ناوزەد کرد و فەرمانی جیهادی دژی کوردستان ڕاگەیاند، بەڵام لەشکری کۆیلە و هەڵخەڵەتاوی فتوای خومەینی هەرچەند بێ ئەژمار بوون نەیانتوانی ئیرادەی گەلی کورد تێک بشکێنن. جەماوەر و حیزبەکان یەک دەنگ هاتنە گۆڕەپانی بەرگری و خومەینی داوای لێبووردنی کرد. حیزب ڕۆژ بە ڕۆژ هێزی مرۆیی و پێگەی جەماوەری زۆرتر و لە هەمان کاتدا متمانە و پشتگیری زۆر لە کەسایەتی و ڕێکخراو و پارتی سیاسی ئورووپای بە لای خۆیدا ڕاکێشا.

بەداخەوە بەدوای تێرۆری ڕێبەران کەمپنشینی دەبێ بە تەنیا بژاردەی حیزب بۆ بەدەنگەوە هاتنی داخوازیی هەرێمی کوردستان. تایبەتمەندیی ژیانی کەمپ لەگەڵ ئارمانج و ستراتیژیی ح. دێموکرات زۆر نەگونجاو و دژ بوو و گورزی گەورەی لە حیزب وەشاند، نە ئەو کەمپە و نە هیچ شوێنێکی دیکە لە دەرەوەی ژینگەی سروشتی خۆی شیاوی ئەو هێزە زەبەن و پڕ وزە و جموجووڵە نەبوون و نابن. حیزب ئەگەر خەسارناسییەک بۆ ئەو ڕووداوە بکات ڕەنگە ئەنجامی باشی لێ وەربگرێت.

چەند هەنگاوێکی جێی شانازی کە حیزب لەم ساڵانەی دوایی هەڵی گرت، دووپاتی کردەوە کە ئەم حیزبە پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ نەتەوەکەی هەیە و بەردەوام لێیان فێر دەبێت و خۆی نوێ دەکاتەوە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات؛ ڕاسان بەردەوامیی خەباتی نەتەوەیەکە بۆ دەربازبوون لە ژێردەستەیی لە فۆرمێکی نوێدا. چەخماخەی ڕاسان بە بوێری فیداکاری قارەمانانی قەرەسەقەڵ و کۆساڵان لێدرا و تاجی سەبەرزییان لەسەر کرد و بوون بە ڕێبەری مەعنەویی ڕاسان. لەو هەڵمەتە دەرکەوت کە ڕۆژهەڵات چ بورکانێکی پڕ وزەی سەرهەڵدانە، دوژمنی تۆقیو و دەسەپاچە و ورەی بەرزی دانیشتووان و هاتنی پۆل پۆل کچ و کوڕی سەربەستیخواز بۆ درێژەدانی ئامانجی شەهیدانی ڕاسان. لە فۆرمی ڕاساندا تێکۆشان تەنیا ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵە مرۆڤێکی فیداکار بە ناو پێشمەرگە نییە، خەباتی نەتەوەیی تەنیا ماف و ئەرکی کۆمەڵە تێکۆشەرێک لە ناو حیزبێک یان چەند حیزب نییە و حیزبی نەتەوەیی تەنیا چەکی دەست و سەنگەری ئەندامانی حیزب نییە، بەڵکوو سەنگەر و چەکی هەموو ڕۆژهەڵاتییەکە لە ماکۆ تا ئیلام و خورماوا. لە ڕاساندا کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات لە پرشوبڵاوی دەردەچێت و خۆی ڕێک دەخاتەوە، لە شادی و شیوەندا دەستی یەکیان گرتووە و بۆ داهاتوو تێدەکۆشن.

کاتێک بوومەلەرزە کرماشان دەهەژێنێت، دڵی لە ماکۆ و خورماوا ڕادەچڵەکێت و تۆشەی شەوڕۆژی هەڵدەگرێت تا لەگەڵ کرماشان بیخوات. کاتێک ڕاسان پرۆژەی بنیاتنانەوەی کوردستانە، کوردستانێکی داگیرکراو و دواخراو، شەوڕۆژ داگیرکەر کێشەی سامانی ئەم وڵاتە دەکات و ئەوەیشی کە بۆی ناچێت دەیسووتێنێت و وێرانی دەکات. جارێک قاسملووی ڕێبەر دەڵێت؛ ئەگەر ئەمجارە چوینەوە نامە نانووسین بۆ تاران کە چیمان دەوێت، بەڵکوو دەست دەکەین بە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان با ئەوان بێن بڵێن چی دەکەن و چیتان دەوێت. لە ڕاساندا تێکۆشانی مەدەنی و چالاکیی مەدەنی بوونی نییە، ئەوەی هەیە چالاکیی نەتەوەییە، ڕاسان بە یەک چاو بۆ کۆماری ئیسلامی دەڕوانێت، ئیسڵاح تەڵەب و ئوسولگەرا و میانەڕۆ  یەک قوماش و داگیرکەرن. لە ڕاساندا پێشمەرگەی شاخ و تێکۆشەرانی شار و دێ ( ژن و مێرد، جووتیار، کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، بازاڕی، کاربەدەست، بازرگان، ڕۆژنامەنووس، نووسەر، هونەرمەند و...) پێوەندییەکانیان پتەو دەکەن بۆ یەکدەنگی و یەک هەڵوێستیی نەتەوەیی. ڕاسان ڕۆژهەڵاتێکی نوێ بەدی دێنێت.

هەنگاوێکی پێویستی دیکە گۆڕینی پێکهاتەی حیزب بوو. سانتراڵیزمی دێموکراتیک وەک پێکهاتەی پێشتری حیزب گرفت و کەموکوڕیی زۆری هەبوو. ڕەنگە بۆ ئیدارەکردنی ڕێکخراوێکی ژێرزەوینی گونجاو بێت، بەڵام بۆ حیزبێکی گەورەی وەک دێموکرات ئەویش لەم سەردەمەی ئیستادا ناکارایە، ئەو سیستەمە تەنگ و تروسکە بۆ خەباتی جەماوەری. ئەگەر پێشتر و لە سەردەمی ڕێبەرانی شەهیددا گرفت بەرچاو نەدەکەوت یەکەم بەربڵاوی حیزب لە کوردستانێکی پان و بەریندا کە هێزی سەنتەری کاڵ دەکردەوە و دووەم دێموکرات بوونی دوکتور قاسملوو بوو کە لە ڕاستیدا و بە کردەوە دیسانترالی بەڕێوەی دەبرد. لە بیرمان نەچێت کە خۆیشی بە دەست ناڕێکی ئەو سیستەمە پەنای بردە لیستەی فیکس. بۆیە حیزبیش کە لە شاخ دابەزی قەیرانی سیستەمەکە زۆرتر بوو، پۆل پۆل پێشمەرگە دادەنیشتن و پەڕیوەی هەندەران دەبوون و لووتکەی قەیران دابڕان ڕوویدا. لە زۆربەی ئەو ڕێکخراوانە کە سانترالیزمی دێموکراتک پێکهاتەیان بووە و لە ئەنجامدا بە دەسەڵات گەیشتوون، دیکتاتۆر پەروەر بوون و ئێستەش نموونەیان ماوە. ئەوجا خودی دەستەواژەی سکرتێر بە کۆمەڵگای ئێمە نامۆ و بارێکی دەروونی نەرێنی هەیە، گۆڕینی سکرتێر بە لێپرسراو هەستی خۆ بە سەرۆک و مەزن زانین کاڵ دەکاتەوە و بەردەوام چاوەڕوانی ئەوە دەکات لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن.            

پیرۆز بێت ٢٥ی گەلاوێژ ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران