کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووسیە ڕێژیمی ئێرانی وەدرۆ خستەوە

14:54 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ڕووسیه ڕادەستکردنی موشەکە ئێس ـ ٣٠٠ەکانی بە ڕێژیمی ئێران، وەدرۆ خستەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیه ڕایگەیاند کە؛ ئێران تا ئێستا ئەو نرخەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا لەسەری ڕێککەوتووین، نەیداوە و ڕێژیمی ئێرانی بۆ وەرگرتنی ئەو مووشەکانە وەدرۆ خستەوە.

هەواڵدەریی تاسـی ڕووسیه، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە زاری بەرپرسێکی باڵای ڕووسی، بڵاوی کردووە کە؛ ئەو مووشەکانە ڕادەستی ئێران نەکراون.

ئەو هەواڵدەرییە لە زاری ئەو بەرپرسەی ڕووسیه‏وە بڵاوی کردووەتەوە کە بوونی وەزیری بەرگریی ئێران لە ئاستاراخانی کەناری بەحری خەزەر، لە مەراسیمی وەرگرتنی موشەکەکانی ئیس ـ ٣٠٠، ئیمکانی نییە.

ئەو بەرپرسەی ڕووسیه لە کاتێکدا ئەو باسە دێنێتە ئاراوە کە بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، باس لەوە دەکەن کە؛ لە چەند ڕۆژی داهاتوودا مووشەکەکانی ناسراو بە ئێس ـ ٣٠٠، لە ڕووسیه وەردەگرن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ڕێکەوتی ٢٧ خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە؛ بەرپرسی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاند: ئێمە لەمێژە لە فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە ڕێژیمی ئێران ئاگادارین و لە هەموو پلان و برنامەکانماندا لە بەرچاومان گرتووە.

ژنڕاڵ مارتین دێمپسی دوابەدوای هەڵوێستی ڕووسیە بۆ فرۆشتنی مووشەکی ئێس-٣٠٠ بە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ڕێکاری نیزامی دژ بە ڕێژیمی ئێران لەبەردەستدایە.

گرێبەستی وەرگرتنی سامانەی بەرگریی مووشەکیی ئێس ـ ،٣٠٠ لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاویدا، لە نێوان ڕووسیه و ئێران بە بڕی ٨٠٠ میلیۆن دۆلار واژۆ کرا کە دوای گەمارۆ ئابوورییەکان لە ساڵی ١٣٨٨ەوە تا ئێستا، ڕادەستی ڕێژیمی ئێران نەکراون.

ڕووسیه بەهۆی دۆخی ئابووریی لاواز، لە بازرگانی لەگەڵ ئێران قازانج دەکات و ئەو وڵاتە وەک بازاڕێک بۆ ڕووسیه چاوی لێ دەکرێت.