کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆشنبیرانی كەركووك كردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیریی خومەینی بە شەرم دەزانن

15:37 - 6 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: رۆشنبیران و نووسەرانی كەركووك، سەنتەری ڕۆشنبیری و وەزرشیی خومەینی لە شارەكەیاندا بە ناوەندێك بۆ پەرەپێدانی كولتووری داگیركار و دوژمنی هونەر دەزانن.

مالپەڕی دواڕۆژ بەیاننامەی ٢٥٣ رۆژنامەنووس و نووسەر و رۆشنبیری كەركووكی بڵاو كردۆتەوە كە تێیدا هاتووە: كردنەوەی بینای سەنتەری ڕۆشنبیری و ڕووناكبیریی كەركیوك كە چوار ساڵە تەواو بووە گرینگترە یان كردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری و وەرزشیی ئیمام خومەینی ؟!.

لەو بەیاننامەیەدا باس لەوە دەكرێت كە سەنتەری ڕۆشنبیریی خومەینی لە كەركووك دەبێتە ناوەندێك بۆ پەرەپێدانی كولتووری داگیركار و دوژمنی هونەر، كە ئێمە وەكوو ڕۆشنبیران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان ئیدانەی ئەم كارە دەكەین و بە بەشێك لە داگیركردنی شارەكەی دادەنێین.

شایانی باسە لەم دواییانەدا لە شاری كەركووك بە بەشداریی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك و كونسوولی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ناوەندێك لە ژێر ناوی سەنتەری ڕۆشنبیری و وەرزشیی ئیمام خومەینی كرایەوە.

دانانی ئەو ناوە لە حاڵێكدایە كە خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران هەم وەكوو بڕیاردەری شەڕێكی ناڕەوا بە سەر نەتەوەی كورد لە كوردستانی ئێران و هەم وەكوو دوژمنێكی ئاشتی هەڵنەگری هونەر و ڕۆشنبیری لە ئَێران و لە هەموو دنیادا ناسراوە و لە وتەیەكی بەناوبانگی خۆیدا ڕۆشنبیران بە كۆمەڵێك مێشكی سیفلیسی ناو دەبات كە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەكانی وڵاتن.