کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێكلام كردن بۆ بەربژێرێك، گیانی هاووڵاتییەكی ئەستاند

15:53 - 6 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی كورد لە شاری سەقز بەهۆی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ یەكێك لە ڕێكلامچییەكانی بەربژێرێك كوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢ی ڕەشەممە كەسێك بەناوی كیانووش ڕەزایی كوڕی عەلی تەمەن ٢٣ ساڵ، كەوتۆتە بەر پەلاماری ڕێكلامچیی یەكێك لە بەربژێرەكانی هەڵبژاردنی ڕێژیم لە شاری سەقز و بەهۆی سەختی برینەكانی گیانی لە دەست داوە.

بەپێی ئەم هەواڵە ٢ كەس بە ناوەكانی لەتیف و موحەممەد مورادی لە شەهرەكی ئازادگانی سەقز سەرقاڵی ڕێكلام كردن بۆ یەكێك لە بەربژێرەكانی ئەم شارە بۆ هەڵبژاردنی مەجلیسی ڕێژیم دەبن كە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خاوەنی ئەو ماڵە، عەلی ڕەزایی، كە دەیانهەوێ پوستێری پێدا هەڵواسن بەرەوڕوو دەبنەوە.پاش دەمەقاڵەیەكی زۆر، موحەممەد مورادی پەلاماری كیانوش ڕەزایی دەدات و لە پێش چاوی بنەماڵەكەی ناوبراو دەكوژێ.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین بارگرژیی دیكەش لە شاری سەقز لە نێوان ڕێكلامچیی بەربژێرەكان و هەروەها خەڵكی ئاسایی ڕووی داوە. ڕۆژی‌ شەممە ڕێكەوتی ١ی‌ ڕەشەمە، كاتژمێر ٤ی‌ ئێوارە، لە چوارڕێیانی ئازادەگانی سەقز كاتێك یەكێك لە كاندیداكانی‌ ڕێژیم بەناوی‌ سەلیم زەهرابی‌ بە ماشینی‌ گران‌قیمەت‌ دروشمی‌ دەدا، بووە هۆی‌ تووڕەیی‌ خەڵك و خەڵكێكی‌ زۆر بۆ كوتان‌و لێدانی‌ ئەم كاندیدایە هێرشیان كردە سەر خۆی‌‌و رێكلامچییەكانی‌، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ كە هێزێكی‌ زۆری‌ ڕێژیمی لێ‌ بوو ئە‌و تێكهەڵچوونە زۆر زوو لە ‌لایەن رێژیمەوە كۆتایی‌ پێ‌ هات.