کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن هێزی تایبەتەوە بەڕێوەچوو

17:14 - 26 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە شارۆچکەی سیدەکانی کوردستانی باشوور بۆ ڕۆژی پیشمەرگەی کوردستان بەبەشداری هێزی تایبەتی حیزب بەڕێوە چوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزی تایبەتی حیزب بۆ ڕێزگرتن لە ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز لە سیدەکانی سەر بە قەزای سۆرانی کوردستانی باشوور ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بەرێوە برد.

لەم ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە ئەندامانی رێبەری حیزب و کادر و پیشمەرگەکانی حیزبیش بەشدار بوون.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
دواتر بەڕێز محەممەدنەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسی ویڕای پیرۆزبایی کردنی ئەم ڕۆژە لە ئاخاوتنێکدا ئاوڕی لە مێژووی ئەم ڕۆژە و ڕۆڵ و شوێندانەری هێزی پێشمەرگە و گیانفیدایی و بەرخودانی پێشمەرگە دایەوە.

ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا ڕوو لە هەموو هێزە خەباتکار و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان وتی: قۆناغی نوێی خەباتی کوردستانی رۆژهەڵات پیویستی بە پشتگیری هەمەلایەنەی ئێوە هەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە پاش دەسپێکی قۆناغی نوێی خەبات ناسراو بە ڕاسان کۆماری ئیسلامی بەتەواوەتی زەندەقی چووە و لەهەموو دەرفەتێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاسان کەڵک وەردەگرێت.

پاش وتەکانی ناوبراو ڕێوڕەسمەکە بە چەندین سرودی شۆڕشگێرانە و شێعری تایبەت بەم ڕۆژە ڕازێندرایەوە و بە هەڵپەڕین و شایی و خۆشی بەشداربووان کۆتایی پێهات.