کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی كۆتایی سەركەوتوانەی دەورەی سەرەتایی ٢٢١ی پێشمەرگە لە سنوورەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو

20:32 - 24 رەزبەر 2716

كوردستان میدیا: پۆلێكی دیكە لە لاوانی بەهەست و نیشتمانپەروەری كوردستان، بە ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە پەیوەست بوون.

هەواڵنێری كوردستان میدیا لە سنوورەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی هەینی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی ڕێوڕەسمی كۆتایی سەركەوتوانەی دەورەی ٢٢١ سەرەتایی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، لە سنوورەكانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمەدا ئومید مەندوومی، جێگری بەرپرسی فێرگەی كۆمیسیۆنی پەروەردەی حیزبی دێموكرات وێڕای بەخێرهێنانی ئامادەبوان و پیرۆزبایی لە بەشداربووانی دەورەكە، باسێكی لەسەر قۆناغی نوێی خەباتی حیزبی دێموكرات و ئەركەكانی پێشمەرگە لەو قۆناغەدا پێشكەش كرد.

پاشان تاهیر مەحموودی، ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پەیامێكی بەم بۆنەیەوە پێشكەش كرد.

لە بەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا شۆڕش ئەڵڵاوەیسی، یەكێك لە مامۆستایانی فێرگەی سەرەتایی كۆمیسیۆنی پەروەردە، ڕاپۆرتێكی لە سەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی دەورە پێشكەش كرد.

پاشان سەید خالید ئەحمەدی، بە نوێنەرایەتیی بەشداربوانی دەورەكە پەیامێكی بەو بۆنەیەوە پێشكەش كرد.

لە درێژەی ڕێوڕەسمەكەدا بەپێی نەریتی هەمیشەیی، سێ بەشداربووی دەورەی سەرەتایی كە لە وانەكاندا زۆرترین نومرەیان بە دەست هێنابوو خەڵاتیان وەرگرت كە خەڵاتەكانیان لە لایەن دارا ناتق، ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە پێشكەش كرا.

هەروەها سێ بەشداربووی دیكەش بە بۆنەی پاراستنی نەزم و دیسیپلین لە ماوەی بەڕێوەچوونی دەورەكەدا خەڵات كران كە خەڵاتەكانیان لە لایەن ڕەحیم ڕەشیدی، ئەندامی كومیتەی حیزب لە ئەمریكاوە پێشكەش كرا.

لە بەشی كۆتایی ڕێوڕەسمەكەدا بەشداربووانی دەورە بە وەرگرتنی كارتی پێناسی پێشمەرگایەتی، بە فەرمی بە ڕێزەكانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە پەیوەست بوون.