کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست

16:24 - 15 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسانی پایەبەرزی سەربازی ئامریکا بەردەوام باس لەوە دەکەن کە ڕێژیمی ئێران هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەت و سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوڕاست.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، فێنسێنت ستوارت بەڕێوەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەربازی ئامریکا لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوام هەڕەشەیەکە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست.

ستوارت لەو کۆبوونەوەدا لەگەڵ کۆمیتەی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکادا باسی لەوە کردووە کە مووشەکە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران دەتوانن وڵاتانی ناوچەکە بکەنە ئامانجی خۆیان و بۆردی ئەو مووشەکانەش دەگاتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئورووپاش کە ئەو ڕێژیمەش بێ لەبەرچاوگرتنی ڕێککەوتنی ناوکی درێژە به تاقیکردنەوەی مووشەکەکان دەدات.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە مانەوە و هاوپەیمانانی عێراقی و سووری لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ئەولەویەتی بنەڕەتی ئەو ڕێژیمەیە و بۆ ئەو مەبەستەش هێزەکانی قۆدسی سپای پاسداران و حیزبوڵلای لوبنان یەکێک لەو باسکە بەهێزانەی ڕێژیمی ئێران ئەژمار دەکرێت کە دەتوانێت پەرە بە دەستێوەردانەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بدات.

هەروەها بەڕێوەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی نیزامیی ئامریکا گووتوویەتی کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥ی زایینی ڕێژیمی ئێران زیاتر لە هەزار کەس لە هێزە زەوینییەکانی خۆی بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە کردووە.
لەو پێوەندییەدا، ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، شورای هاوکاریی کەنداو لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداودا، کە لەوڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، له‌هه‌مبه‌ر هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیددیان بەو ڕێژیمە دا‌.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچە و پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد و گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو ڕێژیمە ئێستا وەکوو گەورەترین پشتیوانی ماڵیی تیرۆریزم لە جیهاندا بناسرێت.