کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران درێژە بە میلیتاریزەکردنی کوردستان دەدات

21:12 - 11 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: بەرپرسان و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی بوونی هێزی پێشمەرگە لەناوخۆی وڵات، بەردەوام شار و گوندەکانی کوردستان میلیتاریزە دەکات.

به‌پێی هه‌واڵی گەیشتوو بە ماڵپه‌ڕی کوردستان میدیا، هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری شنۆ و پیرانشار، بەردەوام لە حاڵەتی ئامادەباشی دان و لە سەر جاددەی نێوان ئەو دوو شارە گەشتی پیادە ئەنجام دەدەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هێزەکانی سپای پاسداران بەردەوام به‌ شێوه‌ی ئاماده‌باش هاتوچۆ ده‌که‌ن و ناوچەکە دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.

ڕەوتی میلیتاریزەکردنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەردەوام لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە درێژەی هەیە و بەرپرسانی سپای ئەو ڕێژیمە بەردەوام باس لە گرتن و ئەمنییەتی‌کردنی سنووەرکان دەکەن و هەروەها ڕێژیمی ئێران ماوە بە ماوە بە چڕی و بەربڵاوی مانۆڕی سەربازی بەڕێوە دەبات.

هەروەها ڕێژیم بە ناردنی چەک‌وچۆڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانییەوە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستان بەردەوام درێژەی هەبووە و ڕێژیم سنوورەکانی کوردستانی بە جێگرکردنی هێزی سەربازی و چەک‌وچۆڵی قورس زیاتر ملیتاریزە کردووە.

دوای جێگربوونی هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، و شەڕ و دەرگیرییەکانی هێزی پێشمەرگە لە شاری شنۆ و مەریوان ڕێژیم بەردەوام شار و ناوچە سنوورییەکان میلیتاریزە دەکات.