کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران سنوورەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست

14:45 - 4 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکاندا، سنوورەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ داخست.

بەڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمە فەرمانداری ڕێژیم لە قەسری شیرین ڕایگەیاند، لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا هاتوچۆ لە دەروازەی سنووریی خوسرەوی و پەرویزخانی پارێزگای کرماشان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ قەدەغەیە و ئەو سنوورەیان داخستووە.

ناوبراو هۆکاری داخستنی سنوورەکانی بۆ دابینکردنی ئەمنییەت لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا گەڕاندووەتەوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەو سنوورە تا ڕۆژێکیش دوای هەڵبژاردنەکان دادەخرێت و هیچ هاتوچۆیەکی لێ ناکرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا سنوورەکانی پارێزگای سنەش بە بیانووی هەڵبژاردنەکان لە لایەن ڕێژیمی ئێسلامیی ئێرانەوە داخراون.

داخستنی سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و لە کاتێکدایە کە نوێنەری شارەکانی بانە و سەقز لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە نامەیەکی فەرمیدا داوای کردووە بۆ ئەوەیکە خەڵک بێنە سەر سەندووقەکانی دەنگ دان، سنوورەکان بکەنەوە و هەتا دوای هەڵبژاردنەکان گوشار بۆ خەڵک نەهێنن.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقەکانی دەنگ دان دەست بۆ هەر کارێک دەبات تا بە شێوەیەک ڕەوایی بە شانۆی هەڵبژاردنەکانی خۆی بدات.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکی کوردستان باوەڕیان بە پاڵێوراوانی مەجلیسی دەهەمی ڕێژیمی نیە و هیچ ئۆگرییەکیان بۆ دەنگ دان نیە و هەروەها سارد سووڕییەکی بەرچاو سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان‌دا لە کوردستان هەیە کە ڕێژیم ترسی لێ نیشتووە.

ئەم خۆلە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بایکۆت و داوا لە خەڵک کراوە نەچنە سەر سەندووقەکانی دەنگ دان.