کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژەی نەخدینەیی لە هەزارهەزار میلیارد تمەن تێپەڕی

14:30 - 13 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بۆ یەکەمجار ئابوریی ئێران تێپەڕینی نەخدینەیی لە سنووری هەزارهەزار میلیارد تمەنی ئەزموون کرد.

هەواڵدەریی نسیم آنلاین لە زاری حەیدەر حسەینی، جێگری پێشووی بانکی ناوەندی ڕێژیمەوە بڵاوی کردەوە؛ ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێران تاکوو مانگی بەفرانباری ئەمساڵ نیزیک بە ٩٥٠ هەزار میلیارد تمەن بوو، بەڵام ئەم ڕێژە لە ئێستادا کە کەمتر لە ٢ مانگ بەسەریدا تێپەڕیوە گەیشتۆتە ١١٠٠ میلیارد تمەن.

هەر لەمبارەوە ئەکبەر کەمیجانی جێگری ئێستای بانکی ناوەندی وتوویەتی: نەخدینەیی لە ساڵی ٩٢دا، ٢٥.٩%، لە ساڵی ٩٣دا، ٢٢.٣% و ئەمساڵیش ٢٧.٢% زیادی کردووە.

حەیدەر حسەینی وێڕای هۆشداری دان لەم پێوەندییەدا دەڵێ: بەو هۆیەوە کە هیچ گۆڕانێکی هەست پێکراو لە کەرتی بەرهەم هێنان نەهاتۆتە ئاراوە، ڕێژەی نەخدینەیی دیسان بەرز دەبێتەوە کە هەر ئەم مەسەلەش دەبێتە هۆی هەڵاوسانی زیاتر.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی چوونەسەری نرخی تێچوی مانگانەی خانەوارەکان لە ئێران بە ڕێژەی ٣ میلیۆن تمەن.