کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکارە شەڕەنگێزەکانی دەسەڵات بۆ چارەسەری پرسی زمان کە تەنیا هەڕەشە و ئینکارن

10:59 - 30 رێبەندان 2720

یەکیەتیی مامۆستایان، ڕێکخراوە و ئەنجومەنە کلتووری و مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕاگەیانداروێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی یەکيه‌تیی پیشەیی مامۆستایانى كوردستانى ئێران و بەشێک لە ڕێكخراو ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ کلتوری و مه‌ده‌نییەکانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی!

هاونیشتمانیانی خۆشەویست!

ڕۆژی ٢١ی فێوریە، بەرانبەر بە ٢ی ڕەشەمە، ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکییە. جێی ئاماژەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی، بە مەبەستی گەشەی پرسی چەند زمانی و پەرە پێدانی فرەچەشنی کلتووری، وڵاتانی ئەندام لە ڕێكخراوی یونسکۆ کە لقی فەرهەنگی ئۆرگانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە بڕیارێکدا ئەو ڕۆژەیان وەک رۆژی جیهانی زمانی دایکی ناودێر کرد. بەپێی نێوەڕۆکی بڕیارنامەکە، هەموو ساڵێک بەم بۆنەوە بەرنامە گەلێکی تایبەت لە بنکەکانی یۆنسکۆ دێنە ئاراوە. لە هەمانکاتدا لە وڵاتی ئەندام داوادەکەن کە لە وڵاتەکانی خۆیان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر، ڕێز لە فرەچەشنی زمانی ‌و کلتووری بگرن و لە توێی چالاکی هۆنەری ‌و زانستیدا، بەستێنی پێکەوە هەڵ‌کردنی سەردەمیانە بڕەخسێنن و ڕاستگۆیانە تێبکۆشن کە کۆمەڵگەکانیان بە گشتی چەشناوچەشنی ئەتنیکی‌ و زمانی قەبووڵ بکەن.

یونسکۆ وەک بەشی کاروباری کلتووریی‌ و فێرکاریی‌ نەتەوە یەکگرتووەکان، پێی وایە کە تێگەیاندنی کۆمەڵگەی وڵاتانی ئەندام لە مەسەلەی بەها کلتوورییەکان، ڕێزگرتن لە فرەچەشنی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و دەتوانێ یارمەتیدەری گەشەی پرۆسەی ئاشتی‌ و سەقامگیری لە کۆمەڵگەی جیهانی بێت.

هەروەها لەبەر ئەو مەترسییەی کە لە وڵاتانی فرەگەلی، چۆنییەتی ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان لە ئاستێکی نزم دایە، یۆنسکۆ جەخت لە بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دەکاتەوە و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ئامانجەکانی وەکوو یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دەوڵەتانی ئەندام وەبیر دەخاتەوە.

شایانی باسە، مژاری ئەمساڵی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بریتییە لە: "پەرەپێدانی فرەزمانی، ئەوەش وەختێک لە کۆمەڵگەدا مانای پەیدا دەکا کە زمانەکان لە ناو دەزگای پەروەردەی وڵاتان‌دا جێگیر بکرێن. ناسینەوەی زمانەکان و پرسی فرەزمانی دەتوانن ئامانجەکانی گەشەی سەقامگیری وەچنگ بخەن، یانی نابێ ڕێگە بدرێ کە هیچ کەس لەو پرسەدا وەلا بنرێ و لە ڕەوتەکە وەدوا بکەوێ. یۆنسکۆ لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەسپێکی پەروەردە و بارهێنان بە زمانی یەکەم یان بە زمانی دایکی، دەبێ لە سەردەمی منداڵییەوە دەست پێ‌بکا، چونکوو پارێزگاری‌ و پەروەردەی دەورانی منداڵی، بنەمای سەرەکی فێرکارییە".

مامۆستایانی دەروەست و کۆمەڵانی مافخوازی کوردستان!

هەروەک دەزانن، حکوومەتی هەنووکەی ئێران جیا لەوەی کە ئەندامێکی گرینگی ڕێكخراوی یۆنسکۆیە و لەوێدا نوێنەری تایبەتی هەیە، هەر بۆیە بڕیارنامەی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیشی واژۆ کردووە. کە وایە نابێ لەبیرمان بچێ کە حکوومەتی ئێران بەنیسبەت بەڕێوەبردنی هەموو خاڵەکانی ناوەڕۆکی بڕیارنامەکە و پێشنیارەکانی ساڵانەی ئەو ڕێكخراوەیە بەرپرسیارە و دەبێ بە هەموو توانایەوە بە ئەنجامیان بگەیەنێ. کەچی مخابن وەک دەبینین ڕاست بەپێچەوانە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی دووڕوویانە لە ئاست تێکڕای بەرپرسیاریەتییەکانی یۆنسکۆ بە ئانقەست خۆیان گێل دەکەن. بەداخەوە ئەوان نەتەنیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لە ئاست ڕاسپاردە پەسەندکراوەکان هەڵناگرن، بەڵکوو وەک پیشەی ڕابردوویان، بە ڕێبازی نژادپەرەستانەی هەڵاواردن‌ و دووچاوگی ڕوانین سوورن.

ڕێژیمی ئێران جیا لەوەی کە لە کوردستان لە هەمبەر خزمەتگوزارییەکاندا خۆی بە بەرپرس نازانێ، بەڵکوو بە چاوی داگیرکاریی ‌و کۆلۆنی لە نیشتمانی ئێمە دەڕوانێ. هەر بۆیە ئەمڕۆژانە زیاتر لە هەمیشە، هەوڵی تواندنەوەی زمان‌ و کلتووری گەلی کورد دەدەن. نوێترین نموونەی ئەو ڕاستیەش، لە لایەک دەسبەسەرکرانی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چالاکانی ناوەندە فێرکاری و ڕێكخراوە پیشەیییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی چەواشەکارانەی داخوازی‌یە ڕەواکانی گەلی کورد لە ناو میدیای پاوانکراوی ڕێژیم، لە چەند ڕۆژی ڕابردوون. ئاشکرایە کە ئەم ئاکارە نەشیاوانە نە تەنیا هیچ خزمەتێک بە تەبایی و پێکەوە ژیانی سەردەمیانەی گەلانی ئێران ناکەن، ڕاست بەپێچەوانە، هەوێنی ئاڵۆزی و ناتەبایین و زەمینەی جیاخوازی‌ و لێکدابڕان دەڕەخسێنن.

مامۆستایانی تێکۆشەری کوردستان!

بەپێی دانەگەل ستاتیستیکی، زیاتر لە ٦٠٪ منداڵانی ئێران لە خوێندن بە زمانی دایکی خۆیان بێبەش کراون. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە یاسای بنەڕەتی دەسەڵاتی ئێران لە چەند بڕگەدا بە ڕوونی ڕێگەی خوێندنی بە زمانی زگماکی، وێڕای دابینکردنی خەرج‌ و پێداویستییەکان بۆ منداڵانی ئێران بە بێ ‌جیاوازی خۆش کردووە. کەچی بەو حاڵە دەسەڵاتداران بە هیچ جۆر پێملی ئەو ڕاستیانە نابن، ئەوەش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە ڕەنگە وەدیهاتنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد ببێتە هۆی تەفروتوونابوونی کۆشکی دەسەڵاتی ستەم‌ و داگیرکاری.

ئێمە وەک یەکيه‌تیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و بەشێک لە ڕێكخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان،  لەسەر ئەو باوەڕەین کە ڕێکارە شەڕەنگێزەکانی دەسەڵات بۆ چارەسەری پرسی زمان کە تەنیا هەڕەشە و ئینکارن، چیتر وەڵام نادەنەوە و بە هێند وەرناگیرێن. بەرپرسان دەبێ ئەزموونە شکستخواردووەکانی ڕابردوویان کە تەنیا لە سەر بنەمای کوێرکردنەوەی داخوازییەکانی گەلان بونیات نراون، لەبیر بکەن. هەروەها دەبێ لەو ڕاستییە بگەن کە ڕەوتی بەرزبوونەوەی ئاستی وشیاری نەتەوەکانی ئێران بۆ دەستەبەربوونی مافەکانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەشە دایە. ئەگەر دەسەڵات دەخوازێ، وڵاتی فرەنەتەوەیی ئێران ڕووی ئاشتی و هێمنایەتی بەخۆیەوە ببینێ، یەکەم هەنگاو بۆ ئەو مەبەستە ئەوەیە کە لە باری مافی زمانییەوە بە کردەوە وەڵامی ویست و داواکارییەکانی گەلانی بەشخوراوی ئەو وڵاتە بداتەوە.

دڵسۆزان ‌و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان!

ئەگەر بۆنەی دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٢، کە لەودا پاکستانییە داگیرکەرەکان ئاگرییان بە ڕووی کۆمەڵێک خوێندکاری بەنگلادشیدا کرد کە بە زمانی دایکی دەیان خوێند، سەد مخابن دوای ٧ دەیە پاش ئەو ڕووداوە، ئەوەتا ئێستا لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمە، ڕۆژ نییە کە مامۆستایەکی مافخوازی کورد یان دەرسوێژێکی وانەی کوردی یان ژینگە پارێزێک، ڕووبەڕووی ئاگری غەزەب و قەڵاچۆ سێدارەی ئاخوندە دنیاپەرەستەکانی قوم‌ و تاران نەبێتەوە.

 واتە گەلی کورد بە دڵ‌ و بە گیان خاکی کوردستانی وەک نیشتمانی خۆی خۆش‌ دەوێ و بۆ پارێزگاری لە بەهاو بایەخەکانی تا هەنووکە لە هیچ گیانبازی و فیداکاری‌یەک درێغی نەکردووە و نایکات.

هەر بۆیە ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە هیچ حاڵەتێکدا ئامادە نین کە لە ماڵی خۆیان وەک میوان مامەڵەیان لە گەڵ بکرێ و داگیرکەران سنووری ماف‌ و ئازادییەکانیان بە تایبەت لە بواری زمانی دایکییەوە بۆ دیاری بکەن.

بە گشتی ئێمە پێمان وایە کە لەم بارەوە ئەرکی دڵسۆزان‌ و چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان زۆر قورس‌ترە و پێویستە فیداکاری زیاتر لە خۆ نیشان بدەن.

کۆمەڵانی مافخوازی کوردستان!

ئێمە وەک یەکيه‌تی پیشەیی مامۆستایان و بەشێک لە ئه‌نجومه‌ن ‌و ناوەندە کلتورییەکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، چەند داواکارییەک بە شێوەی خوارەوە دەخەینە روو.

١- لە هەموو لایەک داواکارین کە هەر کەس بەپێی ئیمکانی خۆی، لە هەمبەر ئەم پرسە گرینگە بێدەنگ نەبێت و لە بەرپرسانی حکوومەت لێ‌پێچینەوە بکات. دەبێ ڕاستەوخۆ و لە دەرفەتە جۆراوجۆرەکاندا داوایان لێ بکرێ کە بۆچی لە بەرانبەر بڕیارەکانی نوێنەری خۆیان لە رێخراوی یۆنسکۆ خۆ بە بەرپرسیار نازانن؟ دەبێ وەڵام بدەنەوە کە بۆچی مل بۆ جێبەجێ‌کردنی یاسای بنەڕەتی خۆیان لە مەڕ پرسی زمانی دایکی راناکێشن؟

٢- ڕێزگرتن و بایەخ دان بە زمانی دایکی، دەبێ وەک بنەمای سەرەکی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن بەرپرسانی ئەمڕۆ داهاتووی گۆرەپانی سیاسی ئێرانەوە لەبەرچاو بگیردرێ و حکوومەت بە مانای ڕاستەقینە خۆی لەم بارەوە بە بەرپرس بزانێ.

٣- داواکارین کە دەسەڵات لە بە فەرمی ناسینی فرەچەشنی نژاد و زمان کە ڕەمزی سەقامگیری ئاشتەواین، لاری نەکات. چونکوو پێمان وایە کە رێزگرتن لە زمانی دایکی لە ژێر تیشکی یاسای بنەڕەتی، بە پرۆسەی بەرەوپێشچوونی یەکێتی نەتەوەکانی وڵات خێرایی دەبەخشێ.

لە هەمان کاتدا و بە مەبەستی کۆتایی‌هێنان بە ستەم‌ و داگیرکاری، لە تێکڕای چالاکان‌ و کەسایەتییەکانی کورد لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات، هەروەها لە بەرپرسانی بوارە جۆراوجۆرەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران و دۆست و هاوپەیمانەکانیان لە ناوەندە بڕیاردەرەکانی جیهان داواکارین کە:

١- بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی دیموکراتیک و سەردەمیانە کە لەودا تێکڕای گەلانی هەمەڕەنگی ئێران بتوانن ژێانێکی بەختەوارانەو ئاشتیخوازانە بە خۆیانەوە ببینن، بە جیددی تێبکۆشن. وڵاتی ئێران دەسەڵاتێکی پێویستە کە لەودا منداڵانی کورد و هی نەتەوەکانیتر بە زمانی تایبەت بە خۆیان، بە بێ ترس‌ و دڵەڕاوکێ، گەشەی هەمە لایەنە بکەن و لە ئاکامی ئاڵوگۆری کلتووریدا هەوڵ بدەن وەک خۆیان یەکتر بناسن.

٢- هەر کەس و هەر لایەنێک بەپێی توانا، بە تایبەت چالاکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات، هەوڵ بدەن کە خۆیان بە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بگەیەنن و لەوێدا وێڕای زیندووکردنەوەی دەنگی کپکراوی خەڵکی ناڕازی کوردستان، کردەوەکانی دووروویانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەربارەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان‌ و ڕێخراوی یۆنێسکۆ لە قاو بدەن.

لە كۆتاییدا بە بۆنەی رۆژی جیهانی زمانی دایكی، باوەڕمەندتر لە هەمیشە و بە دڵێکی پڕ هیواوە، پیرۆزبایی لە تێکڕای ئەو چین‌ و توێژو کەسایەتی‌یانە دەکەین کە بۆ پارێزگاری لە زمان‌و وێژەی كوردی، لە هیچ هەوڵ‌و تێکۆشانێک کۆتایی‌یان نەکردووە. بە تایبەت سەری رێزو حورمەت لەپێناو سەخاوەت و گیانبازیی ئەو تێکۆشەرانەی نیشتمانەکەماندا دەچەمێنین كە لە دژوارترین هەل‌ و مەرجەكاندا، بە تاوانی پارێزگاری لە زمانی دایکی خۆیان، واتە زمانی کوردی، توشی دەیان کۆسپی ناڕەوای وەک زیندان، ئەشکەنجە، دەربەدەری و تەنانەت مەرگ بوونەوە.

یەکيه‌تی پیشەیی مامۆستایانى كوردستانى ئێران و بەشێک لە ڕێكخراو ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ کلتوری و مه‌ده‌نییەکانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات

٢٧٢٠ی هه‌تاوی