کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەنگە ساڵی ١٤٠٤ بتوانین پڕۆژە نیوەچڵەکان تەواو بکەین

15:40 - 18 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە هەواڵدەرییە فەرمییە حکومەتییەکان باس لە بوونی کۆمەڵێک پڕۆژەی ناتەواو و نیوەچڵ دەکەن جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای بەرنامەداڕیژی حکومەت دەڵێ لانیکەم ١٣ ساڵ کاتمان پێویستە تاکوو بتوانین بەسەر ئەم کێشەدا زال بین.

غوڵامڕەزا شافێعی جێگری باقر نەوبەخت لە کۆڕی ڕێزگرتن لە سەنعەتکارە بەئەزموونەکاندا ڕایگەیاندووە تەنیا لە ٢ ساڵی ڕابردوودا بڕی ٤٠٠ هەزار میلیارد تمەن پڕۆژەی نیوەچڵ و ناتەواومان بۆ بەجێ ماوە کە بە ئەنجام گەیاندنیان لانیکەم ١٣ ساڵ کاتی پێویستە.

هەر لەم دانیشتنەدا غوڵامحوسەین مۆستەفەوی، سەرۆکی کاروباری فەننی و ئیجرایی دەزگای ئاماژەبۆکراو ڕایگەیاند: بەهۆی داتەپینی ئابوریی و تەنیا لە یەک دەیەی ڕابردوودا ٣٠٠ کۆمپانیای گەورە، کە شوێندانەرییان لەسەر ڕەوشی ئابوریی وڵاتدا هەبووە تووشی وەرشکەستەیی و داخران بوونەتەوە.

کارناسان پێیان وایە لەسەرەوەبوونی مەترسی سەرمایەدانان و مەترسی وەرشکەستەیی یەکە ئابورییەکان لە ئێراندا ٢ لەمپەڕی سەرەکی ئابوریی ئێرانن کە حکومەتی تاران تا ئێستا ئاوڕی لێ نەداوەتەوە.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە دوێنێ حەسەن روحانی لە یەزد ڕایگەیاندبوو دۆخ و ڕەوشی ئابوریی وڵات زۆر باشە و بۆ ساڵی داهاتووش زۆر باشتریش دەبێت.