کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریە لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٢٣٠ هەزار کەس

19:06 - 2 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی سووریە رووی لە زیاد بوونە و یوونیسێف لەسەر بارودۆخی منداڵانی سووری هوشداریی دا.


بەپێی راپۆرتێکی ئەلنەشرە، ژمارەی ئاوارەکانی کوردستانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان ٢٣٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە و لێپرسراوانی حکوومیی ئەو هەرێمە شیمانەی ئەویان کردووە لە داهاتووەدا ژمارەی ئەو ئاوارانە زیاتر بکات.
هەروەها لەم راپۆرتەدا هاتووە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە کۆمەڵگای جیهانی کردووە لەهەمبەر ئاوارەکانی کوردستانی سووریە کەمتەرخەم نەبن و هاریکاریی زیاتریان پێشکەش بکەن.
لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی سندووقی پاڵپشتیی منداڵان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونیسێف) شەوی رابردوو لە راپۆرتێکدا رایگەیاند: سێ میلیۆن منداڵی سووری لە پەنابەر و ئاوارەکان، مەترسیی کارەساتی مرۆیی‌یان لەسەرە.
لەو راپۆرتەی یوونیسێفدا هاتووە: کێشە و ئاریشەکانی بەردەم خەڵکی سووریە تەنیا لە خوراردن و خواردنەوەدا قەتیس نابێتەوە، بەڵکوو کوتانی ٧٠٠ هەزار منداڵ لەمەڕ پێشگیری لە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ گرفت بەرەوڕوو بووە.
لەو راپۆرتەدا لەسەر پێویستیی هێرش نەکردن بۆسەر قوتابخانەکان پێداگری کراوەتەوە و هاتووە: پێویستە ناوچەگەلێکی پارێزراو بوونیان هەبێت، هەتا ژنان و منداڵان بتوانن یارمەتییەکانیان وەربگرن.

لەلایەکی دیکەەوە ماڵپەڕی دەیلی تێلگراف بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی شەڕ و نائارامیی نێوخۆیی سووریە ژمارەی گشتیی ئاوارەکان کە بەناچاری وڵاتیان بەجێ هێشتووە، ٢ میلیۆنی تێپەڕاندووە.
هەروەها ئەو ماڵپەڕە بڵاویشی کردەوە لە ناوخۆی سووریەدا ٥ میلیۆن کەس ئاوارە بوون و بەناچار روویان لە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە کردووە.