کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێكی دووگیان لەشاری پیرانشار بەدەستی مێردەكەی كوژرا

15:22 - 20 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: ژنێكی دووگیان(حامیلە) لەشاری پیرانشار لەلایەن مێردەكەیەوە بە زەبری چەقۆ كوژرا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، ژنێك بەناوی سنوبەر خەڵكی شاری شنۆ، لەلایەن مێردەكەیەوە بەناوی رەحمان .م بەزەبری چەقۆ كوژرا.
سنوبەر ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ رەحمان ژیانی هاوبەشی پێك هێنابوو و لەشاری پیرانشار دەژیان، رێكەوتی ١٨ی پووشپەڕ ئەو ژنە بە زەبری چەقۆ كوژراوە.
بەوتەی كەسانی ئاگادار ئەو پیاوە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە لەنیوە شەودا ژنەكەی داوەتە بەر چەقۆ و گیانی سنوبەر و کۆرپەلەکەی ناو زگی، ئەستاندووە.
كەسێكی ئاگادار لەو رووداوە بەماڵپەڕی كوردستان میدیای راگەیاند، رەحمان لەشاری پیرانشار و شنۆ سەرقاڵی كڕین و فرۆشی مادە هۆشبەرەكان بووە و چەندین جاریش لەگەڵ ژنەكەی لەسەر ئەو مەسەلەیە كێشەیان بۆ دروست بووە.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: سنوبەر ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر بەهۆی بێ‌حورمەتییەكانی باوكی و گوشاری لەرادەبەدەری بنەماڵەكەی بۆ سەری، بەناچاری چۆتە شاری پیرانشار و لەوێ‌لەگەڵ رەحمان ئاشنا بووە.

هەنووكە رەحمان لەشاری پیرانشار هەڵاتووە و بەوتەی كەسانی ئاگادار رووی لە دەرەوەی ئێران كردووە.

دوابەدوای ئەو رووداوە برایەكی رەحمان بنەماڵەی سنوبەری لەشاری شنۆ ئاگادار كردۆتەوە، بەڵام باوكی ئەو ژنە كوژراوە بەحوكمی ئەوەی كە بۆ خۆشی دەستی لەبڵاو كردنەوەی مادە هۆشبەرەكاندا هەیە و هاوكاری رەحمان بووە، هیچ پەرچەكردارێكی لەخۆی نیشان نەداوە.

ناوی بنەماڵەی سنوبەر لای ماڵپەڕی كوردستان میدیا پارێزراوە.