کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنێكی ئەندامی شۆرای شاری بۆكان دەسبەسەر كرا

22:02 - 18 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: ژنێك كە ئەندامی پێشووی شۆرای شاری بۆكان بوو لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی ئەو شارەوە دەسبەسەر كرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ١٧‌ی پووشپەڕ شەهێن بایزید پوور ئەندامی خولی دووهەمی شۆرای شاری بۆكان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی سەربە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكانەوە دەسبەسەر كراوە.

شەهێن بایزیدپوور یەكێك لەدامەزرێنەرانی ئەنجومەنی كەم ئەندامانی شاری بۆكان بوو و لەو بوارەدا زۆر چالاك بووە.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لەهۆكاری دەسبەسەر كران و شوێنی راگیرانی شەهین بایزیدپوور زانیاری لەبەردەستدا نیە.

بەر لەهەڵبژاردنەكانی پۆستی سەركۆماریی و شۆرای شارەكان لەئێران، پاڵێوراوێكی شۆرای شاری بۆكان بەناوی رەسووڵ چووپانی(شوانە) لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەسبەسەر كرابوو.

بەوتەوی سەرچاوەیەكی ئاگادار ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان بە شوانە نووسەر و شاعیری بۆكانیان وتبوو، دەبی خۆت لەبەربژێری شۆرای شار بكشێنیتەوە و شوانە وڵامی رەتی بەو داواكارییە دابووە.

لەلایەكی دیكەوە دوای هەڵبژاردنەكان ژمارەیەك پاڵێوراو بەناوەكانیخوسرەو ساڵحی، یووسف ساڵحی، لوقمان سەعیدی، ئەسعەد جەمیانی، مەسعوود مەحموودی، سابیر فەلەكی، سولێمان ئیمام زەنبیلی، ژیان رۆستەمی، شۆرش دێهبان، مەهدی خودایی، فەرهاد كاملایی بۆكانی، عەبدوڵلا بەهرامی، سەید ئەحمەد حوسێنی، ئومید كوردە و عەبدوڵڵا عەلایی ئیعترازیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەربڕیبوو و لەو باوەڕەدابوون لە پڕۆسەی دەنگداندا ساختەكاری كراوە.

١١كەس لەو پاڵێوراوانەی كە ئێعترازییان دەربڕیبوو بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆكان كرابوون.