کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیاننامەی شەهید ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد

21:15 - 3 رەزبەر 2716

گەلێک ئازادیی بوێت دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدات

دوکتور قاسملوو

ژیاننامەی شەهید ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد


ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد، کوڕی ئەبووبەکر ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی لە گوندی گەرگوولی ناوچەی نەغەدە چاوی بەڕووی نیشتمانەکەیدا هەڵێنا.

پاش تێپەڕاندنی تەمەنی ساوایی، لە ئاوایی گەرگوول نرایە بەرخوێندن و قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی لە گوندەکەیان بە سەرکەوتنەوە تێپەڕاند. ئازار و مەینەتییەکانی گەلەکەی و خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ئازادی و ئاوەدانیی گەڵ و نیشتمان ڕەحیمی لاویان کردە ئۆگری حیزب و پێشمەرگە.

شەهید ڕەحیم ساڵی ١٣٨٠ی کۆچی هەتاوی بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی پۆشی و چەکی پارێزگاری لە گەل و نیشتمانەکەی کردە شانی. ڕەحیم گەرگوولی چالاکانە هەوڵی دا تواناکانی بۆ خزمەت بە ‌حیزب و بزووتنەوەکەی بە کار بێنێ و لە درێژەی کارو خەباتی‌دا ساڵی ١٣٨٩لە ناوەندی ٣ ی کوردستان بە پلەی کادر بەرپرسایەتیی وەئەستۆ بگرێ.

ڕەحیم عەبدوڵڵا نژاد کادرێکی هەڵسووڕ و ماندوو نەناس، پێشمەرگەیەکی بوێر و بەدەست و برد و هاوڕێیەکی خۆشەویست و لەبەردڵانی هاوڕێیەکانی بوو، بە هۆی تێکۆشان و دڵسۆزی وهەستی بەرپرسایەتییەوە ٣جار لە لایەن ناوەند و کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامییەوە بە فەرمی و بەنووسراوە ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی گیرا.

هاوڕێ ڕەحیم ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە نزیک گوندی قەبری حوسێنی ناوچەی پیرانشار لە تێکهەڵچوونێکی هێزی پێشمەرگە و سپای داگیرکەری دوژمندا بە توندی بریندار دەبێ و سەرە ڕای هەوڵی زۆری کادرە دەرمانیەکانی هاوڕێی، لە بەر سەختیی برینەکەی شەهید دەبێ و درێژەی خەبات و فیداکاری تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی حیزبەکەی بە هاوسەنگەرانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا دەسپێرێت.

ڕێگای بەردەوام و ئاڵای خەباتی شەکاوەیە