کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی مەریوان قوربانیی دەستی كەمتەرخەمییەكانی لێپرسراوان

15:51 - 9 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: ماوەیەكە بەشێكی بەرچاوی ژینگە و سروشتی شاری مەریوان بە هۆی ئاگركەوتنەوەكان سووتاون و لەو نێوەدا خەسارێكی بەرچاویش بە گیانلەبەرەكان گەیشتووە.

ئەم رۆژانە پەرۆشی و دڵەڕاوكێیەكی دیكە بە ناوی سووتانی دارستان و لەوەڕگەكان بە پرۆشییەكانی خەڵكی شاری مەریوان زیاد بووە و لەو نێوەدا سروشتی ئەو شارە توریستییە بۆتە قوربانیی دەستی كەسانی هەلپەرەست.

سووتانی بەردەوامی دارستان و لێڕەوار و لەوەڕگەكان ماوەی چەندین ساڵە هەڕەشە لە سروشتی شاری مەریوان دەكات و لەو پێوەندییەشدا هیچ لایەنێكی پێوەندیداری رێژیمی ئێران خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

دوایین حاڵەتی سووتاندنی ژینگە و سروشتی مەریوان دەگەڕێتەوە بۆ چەند رۆژ لەمەوبەر كە زیاتر لە ٣٠٠ هێكتار لە دارستان و لەوەڕگەكانی چیای فەیلەقووسی گوندی دارسێران بەدەستی كەسێكی سەربە رێژیمی ئێرانەوە لە ئاگردا سووتا.

خەڵكی ئاواییەكە ئەو كەسەی كە ئاگری لە دارستانەكان بەردابوو دەستگیر و رادەستی ناوەندە پێوەندیدارەكانی رێژیمی ئێرانیان كرد، بەڵام ئەو كەسە بە بێ‌هیچ لێكۆلینەوە و لێپرسینەوەیەك ئازاد كراوە.

لەو پێوەندییەدا ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ئامارێكدا بڵاوی كردۆتەوە لە ماوەی ٥ مانگی رابردووە هەتا ئێستا لەشاری مەریوان و سەوڵاوا، نزیك بە ٩٠ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە رووی داوە.