کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژینگەی گوندێکی ناوچەی هەورامان مەترسیی لەناوچوونی لەسەرە

00:26 - 26 خەرمانان 2713

کوردستان میدیا: لێڕەوار و لەوەڕگەکانی گوندی ئەسپەرێز لە پارێزگای کوردستان، بە دەستێوەردانی دەست و پێوەندییەکی رێژیمی ئێران، لە مەترسیی لەناوچوون دان.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە دەست و پێوەندییەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە گوندی \'\'ئەسپەرێز\'\' لەوەڕگە و لێڕەوارەکانی ئەو گوندەی لە چیای شاهۆ بە بڕی ٣ میلیۆن تمەن بە کۆمەڵێک عەشایر و رەوەندی ناوچەی کرماشان بە کرێ داوە.
ئەو دەست و پێوەندییەی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە ناوی لای ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\' پارێزراوە بە عەشایرانی راگەیاندووە، لە ئەگەری دیتنی هەر چەشنە جووڵەیەکی گوماناوی، سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران ئاگادار بکەنەوە.
ئەو عەشایرانە بە ئیزنی ئەو دەست و پێوەندییەی رێژیمی ئێران بەربوونەتە لەوەڕگەکانی گوندی ئەسپەرێز و چیای شاهۆ و بێ بەزەیی‌یانە زیانێکی زۆریان بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
لەو پێوەندییەدا هاووڵاتیەکی دانێشتووی ناوچەی هەورامان رایگەیاند: \'\'لەوەڕگە و لێڕەوارەکانی چیای شاهۆ موڵکی هیچ کەس نین و نەک هەر دەست و پێوەندییەکانی رێژیم، بگرە هاووڵاتییانی ئەو گوندەش مافی مامەڵە کردن بەو سامانە سروشتییەیان نییە و تەنیا ئاژەڵدارانی ئەو گوندە مافی کەڵک وەرگرتنیان لەو لێڕەوارانەدا هەیە\'\'.
ئەو کارەی دەست و پێوەندییەکانی رێژیم، ناڕەزایەتیی دانیشتوانی گوندی \'\'ئەسپەرێز\'\'ی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێک دایە بەپێی یاسا چکۆلەترین هەڵە لە بەرانبەر سروشت و سامانە سروشتییەکان سزا و جەریمە قورسی بەدواوە دەبێت، بەڵام رێژیمی ئێران پێش بە دەست و پێوەندییەکان خۆی لە تێک دان شێواندن و سووتاندنی سروشت ناگرێت.