کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارخانەی سیمانی بۆکان لە سەروبەندی داخران دایە

18:56 - 24 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بەهۆی کۆتایی هاتنی سووتەمەنی و زیاد بوونی لەسەدا ٢١ی نرخی مازووت پاش ئامانجدار کردنی یارانەکان، ٩ کارخانە کە بە سووتەمەنیی مازووت کار دەکەن و لە نێو ئەوانەشدا کارخانەی سیمانی بۆکان ئەگەری داخرانیان لەسەرە.
هەواڵدەریی \'\'ئیسنا\'\' لە زاری ئەندامێکی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سیمان بڵاوی کردووەتەوە، ٩ کارخانەی سیمانی کە سووتەمەنییەکەیان مازووتە، مەترسیی داخرانیان لەسەرە و لە ئەگەری داخرانی ئەو کارخانانە، ٨ پارێزگای ئێران تووشی کەمیی سیمان و ژمارەیەکی زۆر کرێکار، بێکار دەبن.
ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سیمان، هۆکاری سەرەکیی ئەو کێشانەی بۆ ئەو کارخانانە کە سووتەمەنییان مازووتە، زیاد بوونی لەسەدا ٢١ی نرخی ئەو سووتەمەنییەی پاش ئامانجدار کردنی یارانەکان، راگەیاندووە.
ئەو ٩ کارخانە کەلە سووتەمەنیی مازووت کەڵک وەردەگرن بەگشتی ٨ میلیۆن تۆن سیمان بەرهەم دەهێنن و هەنووکە ٧٥٠ میلیۆن یۆرۆ قەرزداری دەوڵەتی رێژیمی ئێرانن.
دروست کردنی کارخانەی سیمانی \'\'کاوان\'\'ی بۆکان لە ساڵی ١٣٨٥ دەستی پێکرد و پاش ٥ ساڵ کەوتە بەرهەمهێنان و بەشێوەی راستەوخۆ ٥٠٠ کەس تێیدا کار دەکەن.
بەشێوەی ناراستەوخۆ ٤ هەزار کەس لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا لە کارخانەی کاوانی سیمانی بۆکان کار دەکەن کە بە داخرانی، نزیک بە ٥ هەزار کرێکار بە شێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بێکار دەبن.