کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامران ڕەسووڵی: ئامانج لە ڕاسانی تاراوگە کۆکردنەوەی هێز و وەزەی مرۆیی کوردی ڕۆژهەڵات بوو، بۆ پشتیوانی لە هێزی شاخ و جووڵەی بوێرانەی شار

18:08 - 6 گەلاوێژ 2719

وتووێژ: کاروان مێراوی

دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی پێشوی حیزبی دێموکرات و ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد، کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی کۆمتیە ناوەندی و نوێنەری پێشوویی حیزبی دێموکرات لە ئورووپا و دوکتۆر فازڵ ڕەسووڵ، خەڵکی باشووری کوردستان و مامۆستای زانکۆ لە ئورووپا، لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، لە شاری ڤیەنی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، لە کاتێکدا بۆ چارەسەرکردرنی ئاشتییانەی  پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی ڕێژیمی ئێراندا بۆ وتووێژ و دیالۆگ لەسەر مێزی وتووێژ دانیشتن، لە ڕاستیدا نوێنەرانی ڕێژیمی ئێران تیمێکی تیرۆریستی لە جلی دیپلۆماتکاردا بوون و بە پلانی داڕێژراو و ئامانجی تیرۆری ڕێبەرانی کورد ئەو وتووێژانەیان ڕێک خستبوو، کە بە شێوەیەکی ناجوانمێرانە و لە بەرانبەری ئاشتیخوازیی ڕێبەرانی بزوورتنەوەی ئازادی و دێموکراویخوازیی نەتەەوەی کورددا، دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانییان تیرۆر کرد و پاشانیش تیرۆریستەکانی ئەو تاوانە گەورەیە بێ ئەوەی کە لە دادگەیەکی دادپەروەرانەدا هیچ لێپرسینەوە و دادگاییەک بکرێن، لەلایەن حکوومەتی ئەوکاتی ئۆتریشەوە بەرەو فڕۆکەخانمە و دواتریش بەرەو تاران ئێسکۆرتی کران.

هەرچەند لەو کاتانەدا حیزبی دێموکرات زۆر هەوڵی دا کە کەیسی تیرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا وەگەڕ بخرێت و بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە ڕووبە کۆمەڵگای جیهانی وەکوو تیرۆریست بناسرێن، بەڵام بەرپرسانی ئەوکاتی وڵاتی ئۆتریش لە پێناو بەرژەوەندیی ئابووریی و بیزنسی وڵاتەکەی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا، سەرجەم یاسا نێونەتەوەییەکانی دادپەروەریی و مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کرد و ئەو کردەوە تیرۆریستییەیان سەرپۆش کرد.

پاش ٣٠ ساڵ بەسەر تیرۆری دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی، هێشتا پەروەندەی ئەو تیرۆرە نێونەتەوەییە بە داخراوی ماوەتەوە، وێڕای ئەوەی کە لە ماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا کوردەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان، چە لە نێوخۆی کوردستان و چە لە دەرەوەی کوردستان بە شێوەگەلێکی جیاواز یادی شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو و هاوڕێیانی بەرز ڕادەگرن، لە ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا کە لە قوناغێکی نوێی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانداین، یادکردنەوە شەهیدانی ڤیەن بە شێوەیەکی زۆر جیاوازتر و بە شیوەیەکی نوێ و لە دوو بڕگەدا بەرز ڕاگیرا، کە بڕگەی یەکەم ڕێپێوانێکی بەرفەراوانی جەماوەریی کوردەکانی تاراوگە بۆ وەگەڕخستنەوەی کەیسی تیرۆری ڤیەن لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا و وڵاتی ئوتریشەوە، لە شەقامەکانی شاری بوۆکسێل، پێتەختی وڵاتی بلژیک و یەکیەتیی ئورووپا تاکوو پێش دەرکی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپا و بڕگەی دووهەمیش لە ڕێوڕەسمێکدا بە بەشداریی هونەرمەندان، شاعێران، کەسایەتییە سیاسییەکانی کورد، ئورووپایی و هەروەها چەند کەسایەتی و سێناتۆر و پارلمانتاری کانادایی و ئامریکایی بەڕێوە چوو، کە بۆ یەکەمجار بەبۆنەی تیرۆرکردنی ڕێبەرانی کوردەوە کۆمەڵیک پەیام لەلایەن کەسایەتییەکانی ئورووپا، ئامریکا و کاناداوە پێشکەش بە ڕێڕەسمەکە کرا، ئەم ڕێوڕەسمە بە دەستپێکی قوناغێکی تر یان دەتوانین بڵێین بڕگەیەکی نوێ لە خەباتی ڕاسان، واتە ڕاسانی تاراوگە ئەژمار دەکرێت.

لەسەر ئەم پرسە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێز "کامران ڕەسووڵی"، بەرپرسی کۆمیتەی ئامادەکاریی یادی ٣٠ ساڵەی شەهیدانی ڤیەن و ڕاسانی تاراوگە، هەروەها جێگری ڕێکخستنی حیزبی دێموکرات لە ناوەندی ئورووپا، پیک هێناوە کە سەرەنجتان بۆ خوێندنوەی ڕادەکێشین.

کاک کامران، ئامانج لە ڕاسانی تاراوگە چی بوو، یان بە واتایەکی تر ڕاسانی تاراوگە چە پەیامێکی پێ بوو؟

وەکوو هەموومان ئاگاددارین بە دوای دەستپێکردنی ڕاسانی خۆرهەڵات کە دەتوانین بڵین ئیرادەیەکی بەهێزی هێناوە ئاراوە بۆ هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵات، بە دوای ئەوەی کە تێکۆشەرانی شاخ بە تۆمارکردنی گیانبازی و فیداکاریی توانیان میژوویەکی نوێ بۆ خورهەڵات بنووسنەوە و ببنە سیمبۆل بۆ تاکی ڕۆژهەڵاتی، لە هەمانکاتدا تێکۆشەرانی شاریش توانیان بە ڕێکخستنی کەمپین و دەیان جووڵە و حەرەکەتی مدەنی و نوێ ئیرادەیەکی بەهێز و بە واتایەکی دیکە ڕوح بە جەستەی ڕۆژهەڵاتدا بکەنەوە، بەڵام بابەتێک یا مەوەزووعێک کە هیشتا ڕۆڵ و نەقشی ئەوتۆ و بەرچاوی لە دوای دەستپێکردنی ڕاسانی خۆرهەڵاتدا نەبوو، ڕەوەندی کوردی ڕۆژهەڵات یا هەمان کوردی ڕۆژهەڵاتی لە دیاسپوڕا بوو، کە پێویست بوو بە هۆی ئەو هێز و توانایانەیەوە کە لە هەموو ئاستەکاندا هەیانە بەشێوەیەک دەبوو خۆی دەربخات، هەروەکوو دەزانن کوردی دیاسپۆڕا بە هۆی ئەوەی کە هەم مەجال و دەرفەتی باشیان لەبەردەستدایە و تەبیعەتەن ئازادتر و دەست ئاوەڵاترن لە زۆر بوارەوە، بۆیە  پیویست بوو کە خۆی دەربخات  و ببێتە دەنگ و ڕەنگی کوردی ناوخۆ و هەڵگری ئازار و مەینەتی و ئەو زوڵم و زۆرانە بن بۆ گەیاندنیان بە کۆمەڵگای نیونەتەوەیی، بۆیە بە کورتکراویی دەتوانم بڵیم کە ئامانج لە ڕاسانی تاراوگە کۆکردنەوەی ئەو هەمووە هێز و وەزە مرۆییەی کوردی ڕۆژهەڵات بوو لە دەوری یەک بۆ پشتیوانی لە هێزی شاخ و جووڵەی  بوێرانەی شار وەکوو پشتیوانێکی بەهێز.

دەتوانین بڵین کە ڕاسانی تاراوگە بەشێک لە ئامانجەکانی خۆی پێکاوە؟

ئەمەوێت بەو شێوەیە وڵامی ئەو پرسیارەتان بدەمەوە کە ئەگەر ڕاسانی ڕۆژهەڵات توانی ئیرادە و باوەڕبەخۆبوون بۆ کوردی ڕۆژهەڵات لە نێوخۆ بگێرێتەوە، بە دڵنیاییەوە  دەتوانم بڵێم کە ڕاسانی تاراوگە و خۆپیشاندانی برووکسێل توانی سەرلەنوێ ئیرادەیەکی بەهێز بکاتەوە بە بەر تاکی ڕۆژهەڵاتی لە تاراوگەدا بۆ ئەوەی کە ڕوولە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕوولە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیونی ئێرانی خۆی پێناسە بکاتەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم کە لە ژێر سێبەر و واتای ڕاسانی تاراوگەدا کوردی ڕۆژهەڵاتی لە دیاسپۆرا توانی بۆ یەکەمجار هەست بە ئیرادە و توانایی و هێزی خۆی بکات، بۆیە وەکوو دەستپێک و وەکوو یەکەم هەنگاو لە بۆعدێکی گەوەری لەو شێوە، بەڵی توانی بەشێکی بەرچاو لە ئامانجەکانی خۆی بپێکێت.

لە ڕاسانی تاراوگەدا نوێنەرانی دوو وڵاتی ئامریکا و کانادا و کۆمەڵێک کەسایەتیی نێونەتەوەیی بۆ یەکەمجار بەبۆنەی ۳۰ـهەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دوکتۆر قاسملوو و هاەڕێیانی پەیامی خۆیان پێشکەش کرد، ئەو پەیامانە چە پەیامێکی نوێنەتەوەیی و بەتایبەتی بۆ ڕێژیمی ئێران، پێ بوو؟

بەڵی ڕاستە  بۆ یەکەمجار بوو کە لە ئاستێکی وەهادا سێناتۆر و پارلمانتارانی ئامریکایی و چەند کەسایەتییەکی کانادایی لە نێوانیشیاندا بەرپرسانی پلەبەرز پەیامیان بۆ ئەو گردبوونەوەیە هەبوو، بە بڕوای من ئەو هەڵوێستەی ئەو کەسانە چە وەکوو کەسایەتی و چە وەکوو بەرپرسایەتی، دوو پەیامی گرینگی بۆ ڕێژیمی ئێران هەبوو:

یەکەم: کە دۆزی کورد و خەباتی کورد لە خۆرهەڵاتی نیشتمان، خەباتێکی ڕەوایە و پشتیوانی نێودەوڵەتی لە پشت دەبیت.

دووهەم: ئەوەیە کە وەبیر بەرپرسانی ئێڕان دێننەوە کە دۆسییەی تیرۆری د. قاسملوو، دۆسییەکی کراوەیەوە و ڕێژیمی ئێڕان ناتوانێت خوێ لێ دەرباز بکات و دەبێت بکەرانی ئەو تاوانە ڕەشە بدرینە دادگا.

بەڕێز ڕەسووڵی، کۆمەڵگای نێونەتەوەیی چەندە پێشوازییان لەو ڕێوڕەسم و ڕێپێوانە کرد؟

وەکوو پێشوازی نازانم مەبەستان کام لایەنییەتی؟ لایەنی قەزایی یا پشتیوانیی سیاسی، ئەگەر مەبەستتان لایەنی قەزایییە، زەحمەتە بتوانین وڵامێکی ڕوون بدەینەوە، چون لایەنی قەزایی خۆی لە خوێدا پرۆسەیەکی دورودریژە  و پێویستی بە کات هەیە.

بەڵام ئەگەر وەکوو ڕووە سیاسیەکەی چاو لێبکەین حوزوری بەرچاوی پەرلمانتاران و کەسایەتییە بیانییەکان ئەوەمان پێ دەڵێت کە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی دەیهەوێت بە شێوەیەکی چالاکتر لە جاران پێشوازی لە هەر جۆرە جووڵەیەکی سیاسی و ئاشتیخوازانەی ئێمەی کورد بکات لە دەروە.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا کۆمەڵێک چاوپێکەوتن و دیدار لە ئاستی ڕێبەریی حیزبدا ڕێک خرا، تا چەند پێشوازی لەو دیدارانە کرا و ئامانج لەو چاوپێکەوتنانە چی بوون؟

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو حەرەکەت ئەوە بوو کە لە ئەگەری ئەوەی کە هێزی ئێمە وەکوو کوردی خورهەڵاتی لە سەرشەقام حوزوری چالاکانەی هەیە دەبێت هاوکات شاندێکی حیزب لە ناو پارمانی یەکیەتیی ئورووپا کۆمەڵیک چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، بۆیە ئەگەر چاو لە تەرکیبی پێشوازی و حوزووری بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا بکەین دەتواین بە ڕوونی گرینگی ئەو باسەمان لای بەرپرسانی یەکیەتیی ئورووپا دەردەخات، ئامانج لەو دیدارانە زیاتر ئەوە بوو کە گۆشار لەسەر دەوڵەتی ئۆتریش بۆ وەگەڕخستنەوەی پەروەندەی تیرۆری د.قاسملوو زیاد بکەن و هەم ڕاپۆرتێکی ورد لە سەر تاوان و پێشیلکارییەکانی ڕێژیمی ئێڕان لە هەموو ئاستەکاندا بە دژی خەڵکی کوردستان بۆ لایەنی ئورووپایی بخەنە ڕوو.

وەکوو دوا پرسیار، ڕاسانی تاراوگە بە قوناغی نوێ و هەنگاوێکی نوێ لە خەباتی ڕاسانی ڕۆژهەڵاتی ئەژمار دەکرێت، ڕای بەڕێزتان لەم بارەیەوە چییە؟

بەڵی بەدڵنیاییەوە ڕاست وایە، وەکوو لە  وڵامی پرسیاری یەکەمدا ئاماژەم پێدا، لەبەر ئەوەی کە کوردی دیاسپۆڕا تا ئەوکاتە ڕۆڵ و نەقشێکی دیار و ئەوتۆ  و هاوکات ڕۆڵی زۆر بەرچاوی لە دوای دەستپێکردنی ڕاسانی خۆرهەڵات نەبوو، پێویست بوو بە هۆی ئەو هێز و توانایانەیەوە کە لە هەموو ئاستەکاندا هەیەتی، بەشێوەیەک دەبوو خۆی دەربخات و ئەو خۆدەرخستنەی لە ٩ی ٧ی ٢٠١٩ی زایینی بەراسنبەر بە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ی کوردی، وەکوو هەنگاوێکی بەهێز و هاوکات نوێ بوو بۆ بزاڤی ڕاسان بە گشتی.