کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: ٩٢ لەسەدی مووشەکەکانی ئێران لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێک شکێنراون

17:21 - 2 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە ئاماری هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە، تاران زیاتر لە ٤٠٠ مووشەکی بالستیکی ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کردووە کە ٩٢ لەسەدی مووشەکەکانی ئێران لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێک شکێنراون.

نەداو شۆشانی، وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، هێرشە مووشەکییەکانی شەوی شەممەی بۆ سەر شارەکانی "عەراد" و "دیمۆنا" بە "کارەساتبار" وەسف کرد. بەپێی ئامارە پزیشکییەکان، لەو هێرشانەدا ١٧٥ کەس چارەسەریان بۆ کراوە، کە تەنیا لە شاری عەراد ٣١ کەس لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە دۆخی ٩ کەسیان نالەبەرە و لەنێو بریندارەکاندا ١٨ منداڵ هەن.

هەروەها تیمە فریاگوزارییەکان ڕایانگەیاند کە لە هێرشە نوێیەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا، بەهۆی بەکارهێنانی "تەقەمەنی خوشەیی" لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆ سەر تێلئاڤیڤ، لانیکەم ١٥ کەسی تر بریندار بوون.

سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران ئیدعای ئەوە دەکەن کە ئامانجی هێرشەکان بنکە ناوکییەکانی دیمۆنا و عەراد بووە، بەڵام ئیسرائیل جەختی کردەوە کە تا ئێستا تەواوی قوربانییەکان مەدەنی بوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە،٩٢ لەسەدی مووشەکەکانی ئێران لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە تێک شکێنراون، بەڵام لە سێ حەفتەی ڕابردوودا چوار مووشەک بە ڕاستەوخۆیی لە شارەکانی تێلئاڤیڤ، بێت شەمش، عەراد و دیمۆنایان داوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران ڕۆژانە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل دەکات و بەردەوامە لە بەکارهێنانی تەقەمەنی قەدەغەکراوی خوشەیی دژی ناوچە نیشتەجێبووەکان.