کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بەفەرمی میوانی فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\'ی وڵاتی مەکزیکە

12:44 - 27 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە پێنجەمین فیستیڤاڵی ساڵانەی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\'، وڵاتی مەکزیک میوانداریی کوردستان، لەمەڕ زیاتر ناساندنی کولتووری کورد دەکات.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، لە شاری \'\'کۆئرناڤاکە\'\' لە ویلایەتی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\'ی وڵاتی مەکزیک، فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' بە بەشداریی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە رۆژی یەکەمی ئەو فیستیڤاڵەدا جێگری سەرۆکی ویلایەتی مۆرێلۆس و وەزیری گەشت و گوزار، وەزیری حکوومەت، سەرۆکی چاوەدێری فیستیڤاڵە و نوێنەری باڵوێزخانەی عێراقی فیدراڵ لە مەکزیک چەند وتەیەکیان پێشکەش کرد.
دواتر کاوە عومەر چالاکڤانی کورد و کارمەندی باڵوێزخانەی عێراقی فیدراڵ بە نوێنەرایەتیی لاوانی کورد لە مەکزیک، سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەو فیستیڤاڵە دوا و وێڕای هیوای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردستان و داوای لە وڵاتی مەکزیک کرد کە پاڵپشتیی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکات.
پاشان هانا جاف، سەرۆکی ناوەندی جاف سەبارەت بە کورلتووری کورد چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و هیوای خواست کە کوردەکان لەپێناوی ئازادیدا هەمیشە یەکگرتوو بن.
فیستیڤاڵی \'\'تامی مۆرێلۆس\'\' ٥ ساڵە بە بەردەوامی بەڕێوە دەچێت و هەموو ساڵێک وڵاتێک وەکوو میوان بە فەرمی بانگهێشت دەکەن هەتا کولتووری خۆیان بە نەتەوەی مەکزیک بناسێنن.
هەتا ئێستا وڵاتانی ژاپۆن، پاراگۆئە، شیلی و کۆلۆمبیا وەکوو میوان لەو فیستیڤاڵەدا بەشدارییان کردووە و ئەمساڵیش کوردستان فەرهەنگ و کولتووری خۆی بە مەکزیک ناساند.