کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردپا: لە سێ مانگی بەهاردا ٤١٠ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا رووی داوە

22:12 - 2 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە سێ مانگی وەرزی بەهاری ١٣٩٣ی هەتاویدا، لە کوردستانی ئێران ٤١٠ حاڵەتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ رووی داوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە راپۆرتێکی ئاماری ــ شیکاریکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە سێ مانگی بەهاری ئەمساڵدا ٤١٠ حاڵەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە \'\'ناوچە کوردنشینەکانی ئێران\'\'دا رووی داوە کە بە بەراورد لەگەڵ ٢٣٠ حاڵەتی بەهاری ١٣٩٢ی هەتاوی، ٧٨% زیادبوونی بەخۆیەوە بینیەوە.

بەپێی ئەم ئامارە لە یەکەم وەرزی ئەمساڵی هەتاویدا ١١٠ حاڵەتی دەسبەسەرکران، ٢٢ حاڵەتی مەحکووم بە زیندان، ١١ حاڵەت کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، ١٢ حاڵەتی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیل و ٢٠ حاڵەتی کوژران و برینداربوون بەهۆی تەقینەوەی مین لە کوردستانی ئێراندا رووی داوە.

ئەم سەرچاوەیە لە پێوەندی لەگەڵ زیندانییان نووسیویەتی: لەم وەرزەدا ١١٣ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی مانیان لە خواردن گرتووە و ٢٩ زیندانیش بۆ شوێنەکانی دیکە راگوێزراون.

بانگهێشت کردن و لێپێچینەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و حەراسەتی زیندانەکانەوە بەشێکی دیکە لە پێشێلکارییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستاندا بووە کە ٥٦ حاڵەتی پێشێلکاریی لەم سێ مانگەدا لەخۆ گرتووە.

بەجێهێشتنی ناچاریی چالاکانی سیاسی لە ئێران، بێبەشکران لە خوێندن، دوورخرانەوەی خوێندکاران بۆ زانینگە دوورەکان، لێسەندنەوەی مافی وانەوتنەوەی مامۆستایان، هەڕەشەکردن لە چالاکانی مافی مرۆڤ و دەسبەسەرکردنیان، گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بۆسەر بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، لێدان و ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسی، پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بە زیندانییانی سیاسی و مردنی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی کەمتەرخەمیی کادر و پزیشکانی نەخۆشخانەکان، بەشێکی دیکەی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێرانن کە بە گشتی ٣٧ حاڵەتی لەخۆ گرتووە.

بەپێی ئەم ئامار، لە کۆی گشتیی ١١٠ حاڵەتی دەسبەسەرکران لەم سێ مانگەدا ٩٨ حاڵەتی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکان و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هاتووەتە ئاراوە و ١٢ حاڵەتی دیکەش روون نییە لەلایەن کام هێزی نیزامییەوە دەسبەسەر کراون.