کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و گرێکوێرەیەک بە ناوی پەروەردە

23:39 - 20 بانەمەڕ 2722

زرێبار

لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی هزری سیاسییەوە تاکوو ئێستا چەمکی "هێز" یەکێک لە گوزارە سەرەکییەکانی جیهانی سیاسەت، تاک و کۆمەڵە کە بە شێوەی ڕێژەیی پێناسە و گوزارشت لە هێز و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەکەن.

"ڕیمۆن ئارۆن" سیاسەت وەک ئیرادەی بڕیاردان لە دیاردە ناکۆک و دژبەیەکەکان پێناسە ئەکات، میکانیزمی دەرچوونی بڕیار لە هەر گرووپ و ڕێکخراوێکی تایبەت و جیاواز پێویستە بە ڕوانینی کۆی سیاسەت بۆ کۆی ژیانی کۆمەڵایەتی، گەر وابێت سیاسەت کردارێکی ئاوزمەندانەی خەڵکە بۆ دانان و پاراستنی یاساکان.

پۆلێنبەندی جیهانی سیاسەت بە ماکرۆپۆلۆتیک واتە هێز لە کۆمەڵگا ئاڵۆز و مۆدێڕنەکان و میکرۆپۆلۆتیک واتە هێز لە کۆمەڵگا ساکار و سەرەتاییەکان ئەوەمان بۆ دەر ئەخات کە ئەکتی سیاسەت لەم سەردەمەدا زۆر هەستیارە.

لەم سۆنگەیەوە سروشتییە کۆماری ئیسلامی هەڵگری ڕوانین و هەڵوێستی تایبەتی خۆی بێت بۆ جومگە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و یەک لەوان کەرتی پەروەردە.

گۆڕانکاری دێموکراتیک لە پەروەردە بەو مانایە دێت کە حکوومەت خۆی بە خاوەنی نەوەی نوێ و کۆنەستی گشتی ئەزانێت بۆ ئەوەی بە مەیلی خۆی پەروەردەی بکات؛ لە ئێراندا بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی قسە لەسەر خەسار، قەیران و گرفتەکانی سیستمی پەروەردە ئەکرێت بەڵام نە حکوومەت وەک یاسا و نە هیچ بەرپرسێک نایهەوێت یا ناتوانێت هەنگاوێکی جیددی بۆ باشکردنی دۆخی نالەباری ئەم کەرتە هەڵبگرێت و لەڕاستیدا ئێمە لەگەڵ جۆرێک لە چەقبەستوویی لە سیستمی پەروەردە بەرەوڕووین.

گرێکوێرە و خەساری سەرەکی پەروەردەی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە گشتی ئەگەڕێتەوە بۆ دەستێوەردانی بەربڵاو و بێ سەرەوبەرەیی حکوومەت لە گشت بوارەکانی خوێندن و بەئامراز سەیرکردنی پرسی پەروەردە لە پێناو فۆرمی سیاسی حکوومەتدا.

کۆماری ئیسلامی لە ڕۆچنەی ئیدئۆلۆژی خۆیەوە سیستمی ئامووزشی وەک ماشینی درووستکردنی مرۆڤی لەقاڵبدراوی سەرشۆڕ دەبینێت؛ لەسەر ئەم بنەمایە دەبینین کە پتر لە چوار دەیەیە بە شێوازی تاکلایەنە و لە ژێر ناوی مەسڵەحەتی دین و شۆڕش ئەڕوانێتە بابەتی پەروەردە؛ ئەگەر بە وردی بڕوانینە بابەتە دەرسییەکانی نیزامی پەروەردەیی ئێران بۆوێنە مێژوو، فارسی، زانستە کۆمەڵایەتییەکان و ... ئەندێشەی دینی و دروشمە ئیدئۆلۆژیکەکانی حکوومەت بە زەقی بەرچاوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئاستی نێونەتەوەیی و لە بەرزترین حاڵەتدا کەمتر لە ٨٪ی کاتی ئامووزشی بۆ بابەتە دینییەکانە بەڵام لە ئێراندا ئەم ڕێژەیە بە ڕەسمی ١٦٪ و بە واقیعی ٢٥٪ە.

لە سەنەدی "تحول بنیادین آموزش و پرورش" کە کۆی خواست و بەرنامەی حکوومەتی ئێرانە بۆ کەرتی پەروەردە کاتێک باس لە ئامانجی دوورمەودای سیستمی پەروەردە ئەکات بە ڕوونی بارهێنانی نەوەیەکی ژیر و چاوکراوەی شیاوی ئەم سەردەمە ئەکەوێتە ژێر تارمایی ڕوانینی دواکەوتووانەی حاکمییەتی سیاسی.

پرسیار ئەوەیە کە گەلۆ سەرەڕای ئەم دۆخە بۆچی بەشی بەرچاو و بڕیاردەر بە دەستی حکوومەت پێداگری لە سەر سیاسەتی ناکارامە و ئەزموونی شکستخواردووی کایەی پەروەردە ئەکەن؟

کۆماری ئیسلامی چەشنێک مەشرووعییەتی سیاسی و دینی بۆ خۆی داناوە و بە ناوی دین خۆی بە خاوەن ڕەسالەتێکی ئاسمانی بۆ بارهێنانی نەوەی نوێ لە سەر ئەساسی بارهێنانێکی ئیسلامی ئەزانێت بۆیە ئەکتەرەکانی دیکەی بواری پەروەردە وەک دایک و باوکەکان، مامۆستایان ، پسپۆڕان و لێکۆلەرانی بواری بارهێنان دەرەتانی دەستێوەردانیان پێنادرێت.

ئەگەر پەروەردە وەک یەکێک لە هەستیارترین سێکترەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی ببینین، ئەکتەری سەرەکی، یەکلاکەرەوە و شوێندانەر مامۆستایه، ئەوان بەو هۆکارە کە بەردەنگی کلتووری و دابونەریتە جیاوازەکان و هەوێنی ئاسایش و سەقامگیری کۆمەڵایەتین بۆیە دابینکردنی پێگە و ژیانێکی شیاوی کەسایەتی ئەم توێژە هەم ئەرکی حکوومەتە و هەم بەشێکە لە سیاسەتێکی ژیرانە بە ئاراستەی مۆهەندیسیی کۆمەڵایەتی.

سیستمی پەروەردە پاش مەشرووتە لە ئێراندا نوێنگەی حاکمیەتی تاکڕەهەندی و ئیرادەی سیاسی ڕێژیمەکانی ئێران بووە و هیچکات ڕۆڵ و پێگەی پەروەردەی لە شوێنی شیاوی خۆی نەبووە.

ڕوانینی نازانستی بۆ کەرتی پەروەردە و ستەمی چەندقات بۆ سەر مامۆستایان کە ئاست و ڕێژەی کێشەی بارهێنان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر ئەکات گەیشتووەتە قۆناغێک کە سڵامەتی کەرتی پەروەردە لە ژێر مەترسیدا بێت.

زۆربوونی کێشەی مامۆستایان و دۆخی گشتی وڵاتی ئێران ئاسەواری نەرێنی لەسەر کەسایەتی و داهاتووی ئەوان دائەنێت و هاوتەریبی ئەم دۆخە لەگەڵ سیاسەتی بەئەنقەستی حاکمییەت بە نیسبەت پەروەردە و مامۆستا کە بەردەوام مامۆستای ئازاد وەک سەرچاوەی هەڕەشە پێناسە ئەکات، مەترسی داڕمانی ئەم کەرتە زیاتر ئەکات. لێرەوە کەرتی پەروەردەی ئێران بە زیاتر لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار مامۆستا و نیزیکەی ١٣ میلیۆن خوێندکار لە کاتێکدا کە پڕحەشیمەتترین کەرتی پیشەیی ئێرانە کەچی بێبەشترین و کەمداهاتترین کەرتیشە، بێبەهرەبوونێک کە خەریکە گرێچنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێران تووشی گرفتی جیددی ئەکات.

بەرهەڵەستکاری مامۆستایان لە ئێران لە سەرەتاکانی هاتنی ئەم ڕێژیمەوە دەست پێ ئەکات بەڵام لە سەرەتاکانی دەیەی هەشتای هەتاوی بەملاوە بە پێشەنگایەتی مامۆستایانی دڵسۆز و خاوەن ئیرادەی سەربەخۆ هەنگاونان بۆ ڕێکخستن و چێکردنی ڕێکخراوەی پیشەیی و دەربڕینی نارەزایەتی دەست پێدەکات و لە درێژەی ڕووبەڕووبوونەوەی مامۆستایان و حاکمییەت، ڕۆژبەڕۆژ تێچووی چالاکی پیشەیی ئەچێتە سەر.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی چاوەدێری مافەکانی مرۆڤ لە ئێستادا زیاتر لە ١٧ کەس لە ئەندامانی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لە زینداندان و حوکمی قورس دراون یەک لەوان محەمەد حەبیبی، ڕەسووڵ بۆداقی، و لەم چەند ڕۆژەیشدا مەسعوود نیکخاە و ئەسکەندەر لۆتفی لە مەریوان دەسبەسەر کراون.

ئەگەر ئاوڕێک لە داواکاری مامۆستایان لە دوو ساڵی ڕابردوو بدەینەوە، دابینبوونی خوێندنی خۆڕایی تا قۆناخی دواناوەندی، ڕێکخستن و باشکردنی خوێندنگە تایبەتییەکان، هاوتەریبیی مووچەی مامۆستایان لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکەی حکوومەتی و ئازادی مامۆستایانی بەندکراو سەرەکیترین داخوازی ئەوانە کەچی کۆماری ئیسلامی بە ماهیەتی دژەخەڵکی خۆی کەمترین شت بۆ ئەم توێژە بە ڕەوا نابینێت.

لە کوردستاندا مامۆستایان یەکێک لە وریاترین و چاوکراوەترین توێژەکانی کۆمەڵگان و لە زۆر بواردا وەک تاکی بەهەڵوێست لە ئاست نیشتمان و داهاتووی نەوەی نوێ لە جومگە جۆراوجۆرەکانی کاری مەدەنی وەک مامۆستا و ئەندامی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایان حوزوورێکی بەرچاو و کاریگەریان هەیە بۆیە بەبەراورد لەگەڵ سەرانسەری ئێران و ڕێکخراوە پیشەییەکانی، زۆرترین ڕێژەی زیندانی و ئەشکەنجەیان بینیوە.

نوێترین نموونەی سەرکوتی وەحشیانە ١١ی بانەمەڕی مامۆستایانی مەریوانە، سەرکوتێک کە پێچەوانەی گشت بنەماکانی مافی رێکخراو و بگرە یاساکانی خودی ڕێژیمیشە.

ئەوەیکە وێڕای لێدان و بەندکران، لەلایەن جاش و بەسیجەکانی سەر بە گوردانەکانی "الزەهرا" و "امام علی" بێڕێزی بە مامۆستایانی ژن و پیاو دەکرێت  و ئەکەونە وێزەی مامۆستایانی مەریوان و هەڕەشەی جۆراوجۆریان لێ ئەکەن نەریتی کۆنی حاکمیەتی ئێرانە بەڵام هەڵچوون و ئاست و قەوارەی توندوتیژی جێگای پرسیار و تێڕامانە، ئەوەیکە کاتێک وەزیری پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ١٥ی بانەمەڕ چەند ڕۆژ پاش سەرکوتی مامۆستایان بە هاوڕێیەتی ئیسماعیل ئەحمەدی فەرماندەی سپای پاسداران کە ئێستا فەرماندەی مەریوانە و بەناو نوێنەری مەریوان لە مەجلیسی ڕێژیم کە ئەویش مۆرەیەکی گوێلەمست و ڕانتخۆری ڕێژیمە، سەردانی مەریوان ئەکەن وەک نە بای دیتبێت نە بۆران خراپی کەرتی پەروەردە و جێبەجێ نەبوونی داواکارییەکانی مامۆستایان ئەخاتە ئەستۆی ڕێکخراوەکانی مامۆستایان.

ئەمەیە ڕوانین و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە تەواوەیەتی خویدا بۆ پەروەردە و مامۆستا.