کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کۆچی دوایی دوکتور عەلی مەولەوی پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشی بڵاو کردەوە

21:43 - 3 سەرماوەز 2716

کوردستان میدیا: کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی کۆچی دوایی دوکتور عەلی مەولەوی ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پرسە و سەرەخۆشی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

بە داخەوە، بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٣ سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوکتور عەلی مەولەوی، کەسایەتی ناودار و ئەندامی لە مێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش تێپەڕاندنی تەمەنی پڕ لە شانازی و سەربەزرانە، بە کۆچی دوایی خەمباری کردین.

دوکتور عەلی مەولەوی، لە دایکبووی ساڵی ١٣٠٣ی هەتاوی لە شاری مەهاباد، خوێندنی سەرەتایی لە شاری تەورێز تەواو کردووە. لە ساڵی ١٣٢١ لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندان داوە و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بووەتە ئەندامی حیزبی دێموکڕات. پاش داگیرکرانی کۆماری کوردستان لە لایەن رێژیمی پاشایەتی‌یەوە، لە ساڵی ١٣٢٧ وەک تێکۆشەریکی بوێر و چاونەترس بەردەوام بووە لە خەبات و کاروباری حیزبیدا.

دوکتور عەلی مەولەوی ،ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی، پاش کودەتای ٢٨ گەلاوێژی ئەو ساڵە و دوای هێرش و پەلاماری پۆلیس بۆ سەر ڕێکخراو و ئەندامانی حیزبی، وێڕای ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێ و هاوخەباتەکانی دەستبەسەر کراو و حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرا. پاش ئەشکەنجەدانێکی زۆری ڕۆحی ودوای سێ جار بردنی بۆ پای سێدارە و شانۆی تۆقێنەری ئێعدام کە مەبەست چاوترسێن کردنی ناوبراو بوو،سەرئەنجام حوکمەکەی گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

دوکتور عەلی مەولەوی، ساڵی ١٣٤٣ لە بەندیخانە ڕزگاری هات و هەتا کۆچی دوایی بە ناچاری لە تاران ژیانی بردە سەر. دوکتور عەلی مەولەوی وەک کەسایەتییەکی خۆشناو و ناسراو تاسەر وەفادار بە رێبازی رزگاریخوازانەی حیزب و گەلەکەی مایەوە.

کۆمیسیۆنی تەشکیلات بەو بۆنەوە سەرەخۆشی لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی بەرێز و سەربەرزی دوکتور عەلی مەولەوی دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیسیۆنی تەشکیلات
٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی