کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵناسیی بزاڤی مامۆستایان لە ئێراندا

17:51 - 17 بانەمەڕ 2722

(شرۆڤەی دەرکەوتن، پەرە و خواستەکانی بزاڤی مامۆستایان لە ئێران)

شاهۆ حوسێنی

پێشەکی:

بزاڤی مامۆستایان بزاڤێکی سێنفییە و بەشێک لە کۆگشتی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانە. بزاڤی کۆمەڵایەتی وەک بزاڤێکی گشتی لەخۆگری فۆرمگەلێکی جیاوازی ڕێکخراوەییە کە هەوڵی وەپێشخستن، پێشگرتن یان بەراوەژووکردنەوەی ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەدات.

 بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی دەرکەوتن‌ڕا چەند قۆناغ تێدەپەڕێنن: "ڕووبەڕووبونی سەرەتایی لەگەڵ قەیران، سەرقاڵبوون لەگەڵ کێشە، داهێنانی ڕێکخراوەگەلێکی جیاواز و یەکگرتووبوون.

گرینگترین دیاردەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بەرهەمهێنانی سێمبۆل و هێمایەکە کە دەبێتە هۆی بەردەوامی و یەکگرتوویی تا گەیشتن بە ئاکام. ئەم بزاڤانە دەتوانن دوو چارەنووس پەیدا بکەن: یان ئەوەیکە خواستەکانیان بە هێند وەردەگیرێت و دادەمرکێن، یان ئەوەیکە هەوڵی سەرکووتیان دەدرێت و پەرە دەستێنن، ڕادیکاڵ دەبن و بەرهەمهێنی ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ لە کۆمەڵگادا دەبن.

مێژووی دەرکەوتنی بزاڤی مامۆستایان لە ئێراندا:

پەرەی خوێندن و خوێندنگای نوێ لە ئێران لە سەردەمی ڕەزاشا لەگەڵ ئەوەدا کە بەرهەمهێنی سیستمی فێرکاری و ڕاهێنانی نوێ بۆ خزمەت بە دەسەڵاتی شێوەمۆدێڕنی پەهلەوی بوو، بەڵام لە هەناوی خۆیدا بەهۆی شوناسی ئیستبدادی، دەسەڵات توخمی بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و سێنفیشی پەروەردە کرد.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٣٠ بەهۆی سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت، ئابووریی ئێران تووشی کەمیی بودجە هات، ئەم ڕەوتە لە ساڵی ١٣٣٨ بەهۆی شەش بەرابەربوونی هاوردەکردن و کەمیی داهاتی کشتوکاڵ لە ئێران دۆخی ژیانی کرێکاران و مامۆستایانی تووشی قەیران کرد.

لەم نێوەدا مامۆستایان زۆرترین گوشاریان لەسەر بوو، هەر بۆیەش مامۆستایان بە دژی دۆخی نالەباری ئابووری دەستیان دایە ناڕەزایەتی. لەڕاستیدا سەرەتای بزاڤی مامۆستایان لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٤٠، ئەم بزاڤەی مامۆستایان بەهۆی کەمیی مووچە و نەبوونی عەداڵەت لە دابەشکردنی مووچە لەنێوان کارمەندانی ئیدارە جوارجۆرەکانی ئێران سەری هەڵدا.

لەم خولە لە ناڕەزایەتی مامۆستایان، مامۆستایەک بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ کوژرا و ڕۆژی کوژرانی ئەم مامۆستایە وەک ڕۆژی مامۆستا لە ئێران دیاری‌ کرا. مامۆستایان توانیان بە یەکگرتوویی، بەردەوامبوون و پێداگری لەسەر خواستەکانیان، پاشەکشە بە حکوومەت بکەن و سەرکەوتن وەدەست بێنن.

هۆکارەکان و خواستەکانی مامۆستایان لەم بزاڤە نوێیەدا:

لەپاش دەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر لەژێر نسێی بزاڤە سیاسییەکاندا ون ببون، واتە بەهۆی هێژمۆنی و پەرەی بەربڵاوی حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی، بزاڤە سێنفی و کۆمەڵایەتییەکان مەجالێکیان بۆ دەرکەوتن نەبوو. لەپاش دەرکەوتنی دەسەڵاتی ڕێفۆرمخوازەکان لە ئێران بەرەبەرە بزاڤە کۆمەڵایەتی و سێنفییەکان لەسەر ئەساسی خواست و ویستی کەڵەکەبووی سێنفی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهۆی شوناسی دیکتاتۆرییەت و پاوانخوازیی کۆماری ئیسلامی دەرکەوتن و پەرەیان ئەستاند.

بە هەر ڕێژەیەک کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەچێتە سەر بەهۆی فەشەڵیی دەسەڵاتی سیاسی و گەڵاڵە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی قەڵش و کەلێنی نێوان کۆمەڵانی خەڵک و حکوومەت ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە پەرەئەستاندندایە. ئەم بزاڤانە بەتایبەتی بەهۆی سیاسەتەکانی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد و حەسەنی ڕووحانی گشتگیر و بەردەوام بوون.

مانگرتنی سەرانسەری و ناڕەزایەتیی سەرانسەری مامۆستایان لە ئێران لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە شێوەیەکی گشتگیر و بەربڵاو، هاوئاهەنگ و یەکگرتوو لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٧ڕا دەرکەوت، ئەم دەرکەوتنە بەشێوەی مانگرتن لە وانەوتنەوە لە مانگەکانی ڕەزبەر و خەزەڵوەردا دەستی پێکرد.

 دەسەڵات لە جیاتی ئەوەیکە بەپیر خواست و داوا ڕەواکانی مامۆستایانەوە بچێت تاقمێک لە ڕێکخەرانی ئەم ناڕەزایەتییانەی گرت و ڕاپێچی گرتووخانەی کردن. ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە بەهۆی دەرکەوتنی پەتای کۆڕۆنا و داخرانی قوتابخانەکان بۆ ماوەیەک چووە پەراوێزەوە بەڵام دیسان لە خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ بەشێوەیەکی گشتگیر و بەربڵاو لە شار و پارێزگا جیاوازەکانی ئێران دەرکەوتەوە.

 پاڵنەرەکانی مانگرتنی ئەم جارەی مامۆستایان تەنیا ویست و خواستی ئابووری نەبوو، مامۆستایان بە دژی سیاسەتی دینیکردنی قوتابخانە لەڕێی دامەزراندنی ئاخوند و خوێندکارانی فێرگە ئایینییەکان وەک مامۆستا و بەمەبەستی وانەگوتنەوە لە قوتابخانە وەستانەوە.

ئەوان ئەمجارە ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر سیاسەتەکانی ئیسلامیزەکردنی قوتابخانە بە مەبەستی بێ‌ناورۆککردنی سیستمی فێرکاری و ڕاهێنان لە ئێران بە مەبەستی پەرەی مرۆڤی ملکەچ و گو‌ڕایەڵی دەسەڵاتی ئایینی، ئەوان هەروەها پشتیوانی مامۆستایانی گیراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی و درووشمی "مامۆستای زیندانی دەبێت ئازاد بکرێت"یان بەرز کردۆتەوە. لەڕاستیدا بزاڤی ئەمجارەی مامۆستایان بزاڤێکی ڕادیکاڵی گشتگیر لە خواست و ویستدایە و قەتیسماو لەنێو چوارچێوەی مادی و ئابووریدا نییە.

ئاکام:

مامۆستایان لە کۆمەڵگادا خاوەنی چەند تایبەتمەندی زۆر جیاواز و تایبەتن، ئەوان پێگەیشتووی زانکۆکان و چینێکی تێگەیشتوو و بەهرەمەندی زانستین، بەهۆی پێوەندی لەگەڵ خوێندکاران و بنەماڵەکانیان خاوەنی نفوز لەنێو کۆمەڵگادان، هەر بۆیەش ئەوان توانایی و هێزی شوێندانەریان لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگادا هەیە، هەر بۆیەش کاتێک بزاڤی مامۆستایان دەرکەوت بەشی هەرەزۆری ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان هەڵوێستیان نواند.

دەشێ بگوترێ کە لە تەنیشت ئەمانە گرینگترین تایبەتمەندی بزاڤی نوێی مامۆستایان: یەکگرتوویی، ڕێکخراوبوون و ڕوونبوونی خواستی مامۆستایانە کە دەتوانێ دەورێکی گرینگی هەبێت لە بەردەوامبوون و سەرکەوتنی بزاڤی مامۆستایان.

 لە تەنیشت ئەمانەدا بزاڤی مامۆستایان بەستێن و دەرفەتێکی خولقاندووە کە چین و توێژەکانی‌تری کۆمەڵگاش بتوانن لە ڕێی پشتیوانی و هاوسۆزی لەگەڵ مامۆستایان خواست و ویستەکانی خۆیان بەرز بکەنەوە.

بێگومان هەر ئەو‌ جۆرەی کە مێژووی کۆماری ئیسلامی نیشانی داوە لە ڕابردوودا کە جگە لە زمانی زیندان، گوللـە و سێدارە بە دژی ناڕازیان، مافخوازان و دژبەرانی نازانێت، زۆر لەوە دەچێت کە هەر بەم شێوە هەڵسوکەوت لەگەڵ بزاڤی مامۆستایان بکات، هەر ئەو جۆرەی کە بەپێی ئەو فیلم و وێنانەی دەرکەوتوون، کۆماری ئیسلامی هەتا ئێرە بە هێرش، هەڕەشە و گرتن بەرەوپیری خواست و ویستەکانی مامۆستایان چووە.

 دەسەڵاتی فۆندەمێنتاڵی کۆماری ئیسلامی بەهۆی شوناسی پاوانخوازنە و دیکتاتۆری هیچ‌کات خۆی دەروەست بە وڵامدانەوە بە کۆمەڵانی خەڵک نەزانیوە و هەستی بەرپرسیارێتی لە حاند کۆمەڵانی خەڵک نەکردووە.

 بێگومان چارەنووسی کۆماری ئیسلامی لە گرەوی ئەم بزاڤە کۆمەڵایەتییانەدایە، ئەگەر بەرەوپیری خواست و ویستەکانیانەوە بچێت، ئەوا دادەمرکێن و ئەگەر درێژە بە زمانی هەڕەشە و سەرکوت بدات، کە زۆر لەوە دەچێت هەر ئەم ستراتێژییە ڕەچاو بکات، ئەوا ئەم بزاڤانە دەتوانن لە داهاتوودا خەرمانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بەبا بدەن و تانوپۆی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لێک بڵاو بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.