کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک شاعیر و نووسەری کوردستانی ڕۆژئاوا پشتیوانییان لە ڕاسان کرد

14:43 - 19 رەزبەر 2716

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەرانی کوردستانی ڕۆژئاوا سەردانی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێریان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، کۆمەڵێک لە شاعیران و نووسەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرپەرەستیی کۆنێ ڕەش(konê reş) بە مەبەستی پشتگیری لە خەباتی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەربڕینی وەفا و هەستی هاوسۆزییان بۆ خەباتکارانی قوتابخانەی دێموکرات و ڕێبەرە شەهیدەکانی، سەردانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێریان کرد و لە لایەن محەممەد ساڵح قادری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێ‌کرا.

قادری وێڕای پێشکەش‌کردنی سپاسی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات لەم پشتگیرییەیان، جەختی کردەوە کە؛ بۆ شاعیران و نووسەرانی دەروەستی نەتەوەکەمان شانازییەکی گەورەیە گەر بتوانن لە ئاست گەورەیی و گیانفیدایی پێشمەرگەی کوردستان، ئەوانیش بە هەڵبەست و بەرهەمە هونەری و ئەدەبییەکانیان، پێناسەی ئەم خەبات و ڕاسانە نوێیەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن و بە بەرهەمەکانیان چراوگی ئەم ڕابوونە بن و خەباتی بەرگری- نەتەوەیی ئەم قۆناغەی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە پێناو دەستەبەرکردنی سەروەریی نەتەوەیی و ڕاماڵینی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بکەنە هەوێنی خامەکانیان.