کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، داوای دەسبەسەر کرانی \'\'سەحراڕوودی\'\'ی کرد

13:24 - 20 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە سویس داوایەکی بۆ دەستبەسەر کردنی محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی، بکوژی قاسملوو تۆمار کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ئێران ــ ژنێڤ، بە هاوکاریی رێکخراوی نێونەتەوەیی \'\'ترایڵ\'\' کە رێکخراوێکی بەدواداچوونی جینایەتکارانە لە ژنێڤ، لە نامەیەکدا بۆ دادستانی فیدڕاڵی سویس داوای دەستبەسەرکردنی محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی بکوژی دوکتور قاسملوو و یاوەرانی کرد.
محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی ‌‌تێروریستی رێژیمی کۆماری ئیسلامییه کەله ساڵی ١٩٨٩دا وێڕای چەند تێروریستی دیکه، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی له شاری ڤییەن لە پایتەختی وڵاتی ئوتریش شەهید کرد، وەک ئەندامی هەیئەتی نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداری لە ١٢٩ـەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی یەکیەتیی نێونەتەوەیی پارلمانتاران \'\'IPU\'\' هاتۆتە ژنێڤ.
دادگای ئوتریش لە ٢٨ی سەرماوەزی ١٣٦٨ی هەتاوی بەرانبەر به ١٩ی دسامبری ١٩٨٩ی زایینیدا، حوکمی گیرانی نێونەتەوەیی بۆ سەحراڕوودی دەرکردووە و ئەو حوکمە هەربە کراوەیی ماوەتەوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ رایگەیاند: هەرچەندە شانسی گرتنی سەحراڕوودی لەم کاتەدا بەهۆی هەستیاریی پێوەندییە ئابووری و دیپلۆماسییەکانی وڵاتی سویس و ئێران زۆر کەمە، بەڵام هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناوبراو پەیامێکی توند دەبێت بۆ قاتڵانی قاسملوو کە نەتوانن بە ئاسانی سەفەر بکەن لە دەرەوەی وڵات.