کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسێک لەسەر \'\'تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران\'\' لە ژنێڤ بەڕێوەچوو

20:35 - 17 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کۆنفڕانسێکی لەسەر \'\'تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران\'\' بۆ بەڕێزان \'\'د. کاران پارکر، شادی سەدر، ژیانفرانکۆ فاتۆرینی و دیان عەلانی\'\' پێکهێنا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، کۆنفڕانسێکی بۆ بەڕێزان، \'\'د. کاران پارکر\'\' سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی بارهێنانی نێونەتەوەیی، \'\'شادی سەدر\'\' دامەزرێنەری رێکخراوی دادپەروەری بۆ ئێران، \'\'ژیانفرانکۆ فاتۆرینی\'\' لە رێکخراوی بزووتنەوەی دژی راسیزم و بۆ دۆستاییەتیی نێوان گەلان و \'\'دیان عەلایی\'\' نوێنەری هەمیشەیی بەهاییەکان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنا.
بەرێزان \'\'تەیموور ئەلیاسی و د.کاران پارکر\'\' بە چەند وتەیەک کۆنفرانسەکایان کردەوە و \'\'تەیمور ئەلیاسی\'\' باسی فتوای خومەینیی لەساڵی ١٩٧٩ دژی گەلی کورد، کومەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە ساڵی ١٩٨٨ و تیرۆری دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت رێبەرانی کورد لە ڤیەن و بەرلین کرد.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا \'\'کاران پارکر\'\' ئاماژەی بە کۆمکوژیی زیندانییانی سیاسی و ئیعدامی خەباتگێڕان و چالاکانی کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری کرد و دواتر \'\'ژیانفرانکۆ فاتۆرینی\'\' باسێکی لەسەر کوشتارەکانی ساڵی ١٩٨٨ و دواتری رێژیمی ئیسلامی ئێران کرد.
\'\'ژیانفرانکۆ فاتۆرینی\'\' لە درێژەی باسەکەیدا ئاماژەی بە دەست تێدابوونی حەسەن رووحانی سەرکۆماری ئێستای ئێران لە کوشتاری ساڵی ١٩٨٨دا کرد و تێرۆری ناڕازییان و بێدەنگیی نێونەتەوەیی بە بێدادی دژی مرۆڤایەتی لەقەڵەم دا، داوای لە کومیسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کەلە دۆسیەی ئەو کوشتارانە بکۆڵێتەوە و لە دڕێژەدا ئیشارەی بە پەلاماری کەمپی ئەشرەف و بەتایبەتی پەلامارەکەی سەرەتای سپتامبر کرد.
لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانسەکەدا \'\'شادی سەدر\'\' ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ژنانی زیندانی کرد و دەستدرێژیی جنسی بۆسەر ژنان و بەتایبەتی کچان بەر لە ئیعدام لەلایەن کاربەدەستانی گرتووخانەکانەوە بە فتووای شەرعیی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی و بە چەکێکی سیاسی بۆ لە ناو بردنی ورەی زیندانییانی سیاسی ژن ناوبرد.
پاشان \'\'دیلان عەلایی\'\' باسێکی لەسەر بارودۆخی بەهایی‌یەکان لە ئێراندا پێشکەش کرد وتی: \'\'کوشتار و فشار بۆسەر بەهایی‌یەکان بەشێكە لە سیاسەتی جیاوازی دانانی رێژیم دژی کەمایەتییە ئاینیی و مەزهەبییەکانی ئێران\'\'.