کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنکوور، تاپۆی باڵادەستەکان

11:19 - 14 پووشپەڕ 2722

زاگرۆس

بابەتی پەروەردە و دامودەزگاکانی پەروەردە وەکوو یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دونیای مۆدێڕن یەک لەو ئامرازانە بووە کە بە مەبەستی گەشەپێدان بە توانا جۆربەجۆرەکانی ئینسان و بەرهەمهێنانی مرۆڤی بەکەڵک و سوودمەند بۆ بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا بونیات نراوە.

 تایبەتمەندیی سەرەکیی ئەم شێوازە لە پەروەردە بریتییە لەوەیکە بەپێچەوانەی دونیای کۆن کە پەروەردە و خوێندن تەنیا تایبەت بە چینێکی دیاریکراو لە جڤاک بووە و خەڵکی ئاسایی توانای خوێندنیان نەبووە، ئێستە ئیتر خوێندن بابەتێکی گشتییە و ئەو هیوایە بە هەموو تاکەکان دەدا تا بتوانن وەکوو کەسێکی سەرکەوتوو و کاریگەر لە کۆمەڵگەدا خۆیان دەربخەن.

هەر بەو هۆیەشە کە دابینکردنی هەلومەرجی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا وەکوو یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی دەوڵەتەکان لە سەردەمی مۆدێڕندا پێناسە کراوە، بەڵام ئەوەیکە لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە زۆرێک لە وڵاتانی دونیا و بەتایبەت لە وڵاتی گەندەڵستان و بەڵالێدراوی ئێراندا دەیبینین پڕۆسەی بەپووڵیکردنی پەروەردەیە کە ڕۆژبەڕۆژ کەلێنی نێوان چینەکانی نێو کۆمەڵگا زیاد و زیاتر دەکات و ئاواتی گەیشتن بە پلە و پایەیەکی شیاو بۆ خەڵکانی کەمداهات و هەژار هەرچی زیاتر بە مەحاڵ نزیک دەکاتەوە. ئەگەر لە ڕابردووی نەک زۆر دووری وڵاتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوانین بۆمان دەردەکەوێ کە بنەماڵە کەمداهاتەکان و چینی خوارەوەی کۆمەڵگا پرۆسەی دەرس خوێندنیان وەکوو هەل و دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە پێگە و جێگەیەکی شیاوتر و باشتر دەبینی و پرسی خوێندن تا ڕادەیەک توانای گۆڕینی بارودۆخی ژیانی بنەماڵەکان و تاکەکانی هەبوو بەڵام لە یەک دوو دەیەی ڕابردوودا بەپووڵیکردنی دامودەزگای پەروەردە لە هەموو ڕەهەندەکانیدا، ئەوەی کە بەرچاو دەکەوێت هەرچی زیاتر دژواربوونەوەی خوێندن لە زانستگا و ڕشتە باشەکان بۆ خەڵکی کەمداهات و نەتەوە پەراوێزخراوەکانی ئێرانە.

بابەتگەلێک وەکوو بوومیکردنەوەی زانستگەکان، بەپووڵیکردنی قوتابخانە باشەکان و زۆرێک لە ڕشتە باشەکان تەنانەت لە زانستگە دەوڵەتییەکاندا، هەبوونی سەهمییە جۆربەجۆرەکان بۆ زانستگە و قوتابخانەکان و لە نوێترین حاڵەتدا بابەتی تەقەللوب لە کونکوری سەرانسەری ئەو بەربەستە فراوانانەن کە لە ڕێی خوێندنی باڵای تاکی ژێردەست داندراوە. لەم پڕۆسەیەدا ئێمە دەبینین کە ڕۆژلەدوای ڕۆژ زانستگە باشەکان و ڕشتە باشەکان زیاتر دەبنە تاپۆی چینێکی تایبەت کە بەهۆی ئەو جوغرافیا یاخود ئەو بنەماڵەی کە لێی هاتوونەتە دنیا لە کێبەڕکێیەکی ناعادڵانەدا دیسانەوە پەیوەندی سەردەست و ژێردەست بەرهەم دەهێننەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی خولە سەرتاسەرییەکانی کۆنکووری سەرانسەری ساڵی ١٤٠١ دەنگۆی هەبوونی تەقەللوب هاوشێوەی چەند ساڵی پێشوو بڵاو بۆوە. تاقیکاری کۆنکوور لە ئێراندا بە یەکێک لە بازاڕە هەرە پڕداهاتەکان دەناسرێت کە لەلایەن مافیاگەلی حکوومەتییەوە بەڕێوە دەچێت. ئەم بازاڕە یەکێک لە ئاستەنگە تۆقێنەرەکانی بەردەم قوتابییانە بۆ چوونە زانستگا کە بە وتەی هەموو کارناسانی پەروەردە کاریگەری کورتماوە و درێژماوەی زۆر خراپ لەسەر چارەنووس و بارودۆخی دەروونی قوتابییان دادەنێ.

بە وتەی زۆریەک لە ماڵپەڕە حکوومەتییەکان و هەروەها ڕاگەیەندراوی کاناڵی شۆڕای هاوئاهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕ هەر سێ دەفتەرچەی پرسیارەکانی ڕشتەی علومی تجربی لەسەر کاناڵێکی تێلێگرامی داندراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو سەعاتەدا هێشتا بەشداربووانی ئەو تاقیکارییە دەفتەرچەی ژومارە سێ یان پێنەدراوە! ئەم هەواڵە بە ڕوونی دەریدەخا کە کەسانێک لەنێو خودی سیستمی پەروەردەدا دەستیان هەیە لە بڵاوکردن و فرۆشتنی پرسیارەکان پێش لە دەستپێکردنی.  هەر لە ڕاگەیەندراوی ئاماژەپێدراودا باس لەوە دەکات کە دەفتەرچەی پرسیارەکانی ئەمساڵ بە نرخی ٣٥٠ تا ٦٠٠ میلیۆن تمەن فرۆشراون. لە کاردانەوە بەم هەواڵانە مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە بۆ ئەم بابەتە دەکات. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل کە رۆژێک پێش لە کۆنکوور لە ڕۆژنامەی حکوومەتی ئێعتماددا لەسەر تەقەللوبەکانی کۆنکووری ساڵی ١٤٠٠ بڵاوکراوتەوە ئاماژە دەکات کە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە کۆنکووری ساڵی ١٤٠٠ بە تەقەللوب تۆمەتبار بوون و پەروەندەی قەزاییان بۆ درووست بووە بە ناوبژیوانی نوێنەرانی مەجلیس پەروەندەکانیان بە داخراوەیی ماوەتەوە و ئێستاکە ماوەی ساڵێکە لە باشترین زانستگاکانی ئێران دەرس دەخوێنن.

هەموو ئەم کەتوارە تاڵانە پێمان دەڵێن کە تا کاتێک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەسەر کار بێت هیچ جۆرە هیوایەک بە درووستبوونی داهاتوویەکی باش بۆ کۆمەڵگا و تاکی ژێردەست بەدی ناکرێت. هەر ڕۆژێک کە لە ژێر سێبەری نگریسی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆری و دژی ئینسانییەدا تێدەپەڕێت زۆرینەی کۆمەڵگا زیاتر لە زەلکاوی نەهامەتیدا دەچەقێن و کەمینەیەکی خاوەن دەسەڵاتیش پەلوپۆی گەندەڵییان زۆرتر لە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا دەسەپێنن.