کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واشینگتۆن پۆست: ئاگربەستەکەی ترامپ پێشی بە ڕووخانی ڕێژیم گرت

15:57 - 5 گەلاوێژ 2725

ڕۆژنامەی واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە شەڕی ١٢ ڕۆژە، باسی لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕووخانی ڕێژیم لە دوایین ڕۆژەکانی شەڕدا کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ بڵاو کراوەتەوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستی کتوپڕ لەلایەن دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، پێشی بە دەسپێکی قۆناغی کۆتایی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕێژیمی تارانی گرتووە.
نووسەری ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی نووسیویەتی: "دۆناڵد ترامپ پاش ڕێگەدان بە دەوڵەتی نێتانیاهوو بۆ هێرشکردنەسەر ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە کاتێکدا دەستێوەردان لە شەڕەکەدا دەکات کە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بەباشی بەرەوپێش بڕوات".
نووسەر زیادی کردووە "بەڵام سەرۆککۆماری ئەمریکا پاش ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر نەتەنز، فۆڕدۆ و ئێسفەهان، لەکاتێکدا کە ئیسرائیل خەریکی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێک بوو کە حکوومەتی ئێرانی لەگەڵ ڕووخان بەرەوڕوو دەکرد، داوای لە نێتانیاهوو کرد کە ئاگربەست قەبووڵ بکات".
واشینگتۆن پۆست تەنیا چەند کاتژمێر پاش ئەم ڕاپۆرتە لە وتارێکدا سەبارەت بەم بابەتە پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئامانج لەم ئاگربەستە ئەوە بووە کە "ڕوخسارێکی ئاشتیخوازانە" لە ترامپ بە جیهان نیشان بدرێت.
لە شیکارییەکانی ڕاپۆرتەکەی واشینگتۆن پۆستدا هاتووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بەتایبەتی لە دوازدەیەمین ڕۆژی شەڕدا بەشێکی زۆر لە ناوەندە فەرماندەییەکانی ڕێژیمی لە ئێران کردووەتە ئامانج و ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنانەت سەرۆکانی باڵای سێ دەسەڵاتی دادوەری، یاسادانەر و جێبەجێکاری کۆماری ئیسلامیش لەم هێرشانەدا کراونەتە ئامانج کە دەرخەری ئەو بابەتەیە ئیسرائیل تا چ ڕادەیەک هەوڵەکانی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم چڕتر کردووەتەوە.