
کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کەمکردنەوەی پشکی شیری وشکی منداڵانیان ڕاگەیاند و دەڵێن ئەو بەشەی کە پێشتر دیاری کرابوو زۆر بوو. هەروەها ڕاپۆرتە جەماوەرییەکان ئاماژە بە کەمیی شیری وشک و بەرزبوونەوەی نرخی ئەم کاڵایە لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ئێراندا دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕێژەی شیری وشکی ئازاد لە مانگێکدا لە ١٠ قوتو بۆ ٤ قوتوو کەم کراوەتەوە. هەروەها نزیکەی مانگێک لەمەوبەر پشکی مانگانەی شیری وشکی یارانەیی لە ١٠ قوتوو بۆ ٨ قوتوو کەم کرابووە.
بڕیاری نوێی کەمکردنەوەی پشکی شیری وشک لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانەوە دراوە و ڕاگەیەندراوە.
شەهرام شوعەیبی، سەرپەرستی بەرهەمەکانی شیری سروشتی، نەریتی، تەواوکەر و وشکی ئەو ڕێکخراوە، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ ڕایگەیاند، ئەم پێداچوونەوەیە گرووپی تەمەنیی منداڵانی شەش مانگ بۆ سەرەوە دەگرێتەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا ڕاپۆرتی زۆر سەبارەت بە کەمیی دەرمان و تەواوکەرە سەرەکییەکان، وەک شیری وشک بڵاو بووەتەوە، کە بەشێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لە چەند مانگی ڕابردوودا باسیان کردووە.
لە ناوەڕاستی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، محەممەد جەمالیان، ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی و پزیشکیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند، لە ئێستادا وڵات ڕووبەڕووی کەمیی شیری وشک بووەتەوە و دەستپێڕاگەیشتن بە شیری وشک بۆ خەڵک سنووردار بووە.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ساڵانە پێویستیی وڵات بە شیری وشک نزیکەی ٧٠ میلیۆن قوتوویە و بە تێکڕا مانگانە ٦.٥ میلیۆن قوتوو بەکار دەهێنرێت.