کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٤ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٤١ پارێزەر لە ئێران هێرشیان کراوەتە سەر

20:47 - 5 گەلاوێژ 2725

لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە توندوتیژی دژی پارێزەران لە ئێران لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بووەتە قەیرانێکی بێوێنە. لەم ماوەیەدا لانیکەم ٤١ پارێزەر کراونەتە ئامانج و لەو ژمارەیەش ٨ پارێزەر گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لەم ماوەیەدا پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدانی گوماناویی پارێزەران تۆمار کراوە.

ڕۆژنامەی " ئێعتماد'' ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاوێژ،  لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم توندوتیژییە لە ساڵی ١٤٠٠ـەوە بە کەڵک وەرگرتن لە ڕێگەی جۆراوجۆر لەوانە "تەقەکردن، چەقۆلێدان، سووتاندنی بەئەنقەست، لێدان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ" ڕووی داوە و شەپۆلێکی نیگەرانی لەنێو کۆمەڵگەی یاسایی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

کوشتن و مەرگی گوماناوی و حاڵەتەکانی توندوتیژی جەستەیی توند لەوانە بڕینی گوێ و پەنجەی دوو پارێزەری دیکە لە تاران، تەنیا بەشێکن لە لیستی درێژی هێرشەکان بۆ سەر پارێزەران لە ساڵانی ڕابردوودا.

ڕۆژنامەی ئێعتماد بە ئاماژەدان بە شێوازە جۆراوجۆرەکانی هێرشکردن نووسیویەتی کە ئەم بابەتە ئاماژەیە بۆ چڕبوونەوەی ژینگەی نائەمن بۆ ئەو پارێزەرانەی تەنیا لەبەر ئەوەی بەدواداچوون بۆ دۆسییەی هەستیار یان دارایی دەکەن دەبنە قوربانیی توندوتیژیی ئامانجدار.

جگە لەم حاڵەتانە، کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە، بە بەردەوامی پارێزەرانی چالاک لە بواری مەدەنی و سیاسیی دەسبەسەر ، ئەشکەنجە و زیندانی کردووە کە ڕەخنە لە ڕێژیم دەگرن.

لە هەلومەرجێکدا کە ڕێژیم نەک هەر پشتیوانی لە پارێزەران ناکات، بەڵکوو خۆی هۆکاری سەرکوتکردنی پارێزەرانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرە، زیادبوونی توندوتیژیی سەرشەقام و هەڕەشەی جەستەیی بە شێوەیەکی کردەیی، ئەمنییەتی پیشەیی ئەم توێژەی خستووەتە مەترسییەوە.