کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات

23:51 - 10 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ٤ رۆژ کاری بەردەوام بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێ لە کەشێکی دێموکراتیکدا کۆتایی پێهات.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی کۆنگرەی \'\'دەرخستنی تواناکان\'\' و لەژێر دروشمی \'\' خۆسازدان بەرەو دواڕۆژێکی روون\'\'، ئێوارەی رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی دەستی بە کارەکانی کرد و ئێوارەی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٨ی گەلاوێژ، پاش ٤ رۆژ کاری بەردەوام بە هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێ سەرکەوتوانە کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

ئەندامانی بەشداری ٧مین کۆنگرەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی کاری کۆنگرە لە کەشێکی ئازاد و دێموکراتیدا لەنێو کاندیداکانی خوازیاری بۆ بوونە ئەندامی بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی لاوان، بەڕێوەبەریی رێکخراوەکەیان هەڵبژارد.

لەم بەشە لە کاری کۆنگرەدا سیستەمی کۆتا بۆ کچانی ئەندام لە کۆنگرەدا پێڕەو کرا کە کچان توانییان بە رادەیەکی بەرچاو لە بەڕێوەبەریی لاواندا جێ بگرن.

پاشان لە یەکەمین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٧، بەڕێز \'\'فوئاد خاکی‌بەیگی\'\' بۆ جارێکی دیکە وەکوو سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژارد.
رێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوان بەڕێوەچوو

رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، رێوڕەسمی کۆتایی هاتنی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمە بە راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستی پێ کرد.

پاشان پەیامی دەستەی بەڕێوەبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوان، لەلایەن بەڕێز \'\'فوئاد خاکی‌بەیگی سکرتێری گشتییەوە پێشکەش کرا.

لەو رێوڕەسمەدا رێز لەو ئۆرگانانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو کەسانە گیرا کەلە رەوتی بەرەوپێش چوونی کارەکانی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوان هاوکارییان کردبوو.

رێوڕەسمی کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نێو شایی و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێهات.