کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان

21:11 - 26 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: دایکی شەهیدێکی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی رەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی دایە زارا عەبدی دایکی شەهید فەتاح عەزیزی پوور لە شاری مەهاباد بە هۆی پیری و بەساڵاچوویی کۆچی دوایی کرد.

دایە زارا ئینسانێکی نیشتمانپەروەر وجێگای ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو و تا هەر دەم شانازیی بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی دەکرد.

تەرمی دایه زارا لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

شەهید فەتاح ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی لە گوندی گامێشان سەر بە شاری مەهاباد لەدایک بوو. ناوابر پێشمەرگەیەکی قارەمانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو کە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی له شەڕێکی قارەمانانەدا دژی داگیرکەرانی کوردستان لە شاری ڕەبەت شەهید بوو.

حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران پرسە وسەرەخۆشی لەبنەماڵە، خزم وکەس و کاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.