کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڵبەری ڕێگای ڕزگاریی کۆماری سێدارە و ئەشکەنجە

00:07 - 15 خاکەلێوه 2722

شاهۆ کامیاران

نووسین سەبارەت بە پێناسەکانی کۆڵبەری، چۆنیەتیی هەڵبژاردنی وەک پیشە، دۆخی ئەستەم، تەقەی هێزە نیزامییەکان و ... خەریکە دەبن بە ڕەوتێکی کڵێشەیی و ئەمە لەحاڵێکدایە کە کۆڵبەری بەستێنێکی گونجاوە کە کۆماری سێدارە و ئەشکەنجە دەیهەوێ بیپارێزێ. لە بەستێنی سیاسیدا هەر وەک چۆن دروشمی مەرگ بۆ ئامریکا کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ مانەوەی ئاخوندەکان لە ناوخۆی وڵاتە، هەبوونی کۆڵبەرانیش بۆ ئابووریی شپرزەی ئێران پێویستە.

بەرپرسانی ڕێژیم باش دەزانن کە بە سیاسەتی گڵاوی ئێرانی ئیسلامی هەمیشە ئێران کەوتووەتە چوارچێوەی گەمارۆوە، هەبوونی سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەمیشە بووەتە هۆی دەورلێدانەوەی گەمارۆکان و بەستێنێکی گونجاو بۆ بازرگانیی کۆماری سێدارە و ئەشکەنجە (بازرگانیی چەمەدانی). کۆڵبەران لە هیچ ڕۆژێک لە ساڵدا بێکار نین و ژیان لە سەرما و سۆڵە و ڕێگای سەخت بە قازانجی کەمەوە هەڵدەبژێرن بەڵام پرسیار ئەمەیە کە کێ یا چ کەسانێک لە پشتەوەی ئەم بابەتەدان؟

بۆ نموونە پاش ساڵانێک دەرکەوت کە یەکێک لە ئاخوندەکانی نزیک لە خامنەیی ( واتە مەکارم شیرازی) لە قاچاخ و بازرگانیی شەکردا دەستی باڵای هەیە. یا سەبارەت بە دەوڵەتی ئەحمەدی نژاد دەرکەوت کە هێزی ئینتیزامی لە پشتەوەی قاچاخی ماددەی سووتەمەنیدایە، ئێستا دەبێ بزانرێ کام ناوەندنی سیاسی - ئەمنیەتی لە پشتەوەی قاچاخی پارچە، قاچاخی ئێل سی دی و ... ەوەیە.

لەڕاستیدا ئاخوندەکان سەرەڕای سنوورەکان، کاڵای قاچاخی سنوورەکانیشیان دابەش کردووە و هەر کاڵایەکی قاچاخیش سەر بە کەس یان ناوەندێکی تایبەتە. بۆ نموونە لە قاچاخی شاراوەدا، هەر دامەزراوەیەکی خێرخوازی لە ماوەی ساڵدا دەتوانێ ڕێژەیەکی دیاریکراوی کاڵا و کەرەستە هاوردە بکات و هیچ تێچوویەکی گۆمرۆکیش نەدات، بەم هۆکارەیە کە هەر بەرپرسێکی ڕێژیمی ئاخوندی، دامەزراوەیەکی خێرخوازی هەیە!

لە کاتی گەمارۆکانیشدا دامەزراوە خێرخوازییەکان لە ناوچە سنوورییەکاندا وەکوو قارچک هەڵتۆقیون. بە درکاندنی ئەم ڕاستییە دەردەکەوێ کە پێدانی مۆڵەتی چالاکیی دامەزراوە خێرخوازییەکان لە ئاستی وەرگرتنی مۆڵەت بۆ ئەنجومەنێکی سیاسیدا کارێکی قورس و ئەستەمە کەوایە مۆڵەتی دامەزراوەی خێرخوازی بە هەرکەسێک نادرێت، دامەزراوە خێرخوازییەکان هیچ چەشنە بەدواداچوونێکی ماڵیاتییان نییە و پێویستییەکیشیان بە هەبوونی دەفتەری لێپرسینەوە و بەدواداچوون نییە.

ڕێکاری دیکەی ئاخوندەکان پێناسەکردن و دیاریکردنی سنوورە، بەو شێوەیە کە دانیشتووانی ئەم ناوچانە کارتی سنوورنشینی وەردەگرن کە زیاتر بە شێوەی کرێ دەکەوێتە دەستی دەڵاڵەکان. هەڵبەت ئەم کۆڵبەرانە هیچ گرینگییەکیان بۆ بەرپرسانی ڕێژیمی پەتوسێدارە نییە و هەر کاتێک کە پێویست بێ مامەڵە بە گیان و ماڵیان دەکەن کە نموونەی ئەم مامەڵەکردنە لەگەڵ تاڵیبان و حەزفی ئەوانە بوو کە سووتەمەنییان دەگواستەوە، چونکە بەستێنی گەیاندن و فرۆشتنی نەوت دابین کرا و پێویستییەک بە هەبوونی ئەم کەسانە نەما، بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان چۆمی هیرمەند کرایەوە.

قاچاخ لە ساختار و پێکهاتەی گشتیی ڕێژیمدا هاڵاوە و تەنیا کرێکارانی ڕۆژکارن کە خۆیان نازانن بۆ کێ یان بۆ چ ناوەندێک کار دەکەن. تەنیا بۆ دابینکردنی بژێویان، ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە تا سەرۆکی قاچاخچییەکان لە کورسی دەسەڵاتدا بمێننەوە و سەروەت و سامانی خۆیان کۆبکەنەوە.